رووسیا هەڵوێستی لە بارەی ریفراندۆمەوە ئاشكرا كرد

لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی سازدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری كوردستان, وڵاتان بە وردی چاودێری دۆخەكە دەكەن, حكومەتی رووسیا رایگەیاند، ئەنجامی ریفراندۆمی كوردستانی عێراق شیدەكەینەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەكەین‌.

میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا بە بێ ئەوەی نەیارێتی بۆ پرۆسەی ریفراندۆم دەربڕێت، رایگەیاند، لە ئێستادا پرسی داننان بە ئەنجامی ریفراندۆمی كوردستان نەخراوەتە رۆژەڤەوە.
گوتیشی: رووسیا ئەنجامی ریفراندۆمی كوردستانی عێراق شیدەكاتەوە، بەڵام دانپێدانان بەو ئەنجامانە نەكەوتووەتە بەرباس.
هاوكات ئەو بەرپرسە باڵایەی رووسیا كە وڵاتەكەی پەیوەندییەكی بەتینی ئابووری لەگەڵ عێراقدا هەیە، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، مۆسكۆ پشتیوانی یەكپارچەیی و سەلامەتی خاكی عێراق دەكات و داوا دەكات پابەندی دەستووری وڵاتەكە بن.
بڕیارە لە 25ی ئەم مانگەدا هەرێمی كوردستان پرۆسەی راپرسی بۆ سەربەخۆیی ئەنجامبدات و پرۆسەكە لە كەركووك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانیش بەڕێوەدەچێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا سەرۆك مەسعود بارزانی لە میانی وتارەكانیدا ئاشكرایكرد، كە فشاری زۆر لە ئارادان بۆ دواخستنی ریفراندۆم، بەڵام هەرێمی كوردستان سوورە لەسەر بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە.

Back to top button