سەرۆك بارزانی داوایەکی تری دواخستنی ڕیفراندۆمی ڕەتکردەوە

 

ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی داوا لە بارزانی دەکات ڕیفراندۆم “بۆ ماوەیەك دوابخرێت”. لە وەڵامدا بارزانی دەڵێت “متمانە لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا نەماوە، بۆیە گەلی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆم داوە و گشتپرسیش لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجامدەدرێت”.

ئێوارەی رۆژی شەممە 9-9-2017 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم پێشوازی لە ئەحمەد ئەبو غەیت، ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی و شاندێكی یاوەری كرد.

بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی ستایشی رۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە لە تێكشكاندنی داعش و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادكردنی موسڵی لە سەرۆكی هەرێمی کوردستان كرد.

ئەحمەد ئەبو غەیت پێزانینی هەبوو بۆ پێشكەوتنە هەمەلایەنەكانی هەرێمی كوردستان و جەختی لەوە كردەوە، “هەرێمی كوردستان بۆ كۆمكاری عەرەبی جێگەی بایەخە و كۆمكاری عەرەبی خوازیاری سەقامگیری و بەهێزبوونی كوردستانە”.

ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی ئاماژەی بە ئەو نەهامەتییانەدا كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و رایگەیاند، لەژێر رۆشنایی وەڵامی بارزانی بۆ نامەكەی، هاتووە لە نزیكەوە لەبارەی كێشەكان و ئاییندەی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ بارزانی بدوێت.

ئەحمەد ئەبو غەیت ئەوەشی خستەڕوو كە” بەو ئەنجامە گەییشتووە كە پێویستە گەلی كوردستان بپارێزرێت و هەروەها دەرفەتێك بە هەرێمی كوردستان و عێراق بدرێتەوە كە بەیەكەوە بژیێنەوە. نیگەرانیەكانیشی بە بارزانی راگەیاند لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و داوای كرد كە گشتپرسی بۆ ماوەیەك دوابخرێت و لەژێر چاودێریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانوستاندن لەنێوان هەرێم و بەغدا بكرێت”.

لە بەرامبەردا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەخێرهاتنی ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی و شاندی یاوەری كرد و وێڕای ئاماژەدان بە رەهەندە جۆراوجۆرەكانی شەڕی داعش، رایگەیاند “سەرباری نەبوونی چەك و دۆخی نالەباری ئابووری پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئەفسانەی داعشی شكاند و ئەوە بۆ گەلی كوردستان مایەی شانازییە”.

بارزانی باسی هەڕەشەكانی تیرۆری كرد لەسەر ئاشتی و ئاسوودەیی گەلان و رایگەیاند، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەوڵێكی هەمەلایەنەی پێویستە و دەبێ شەڕی فكری و كۆمەڵایەتی و ئابووریی تیرۆریش بكرێت.

لەبارەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، بارزانی ئەوەی بە ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی راگەیاندووە “ڕیفراندۆم بڕیارێكی تاكەكەسێك نییە كە بە ئاسانی دوابخرێت بەڵكو بڕیاری خەڵك و هێزە سیاسییەكانی كوردستانە”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە “مێژووی هاوبەشی گەلی كوردستان و دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتییانەدا كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و جەختی لەوە كردەوە، لەو مێژووە هاوبەشەدا شەراكەت جێبەجێنەكرا و تەوافوق و دەستوور و رێككەوتنەكانیش پێشێلكران”.

بارزانی ئەوەیشی دووپاتكردەوە “بەپێی ئەزموونە شكستخواردووەكان لە قۆناخی جۆراوجۆر و جێبەجێنەبوونی شەراكەت و پێشێلكاریی دەستوور و رێككەوتنەكان، متمانە لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا نەماوە، بۆیە گەلی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆم داوە و، گشتپرسیش لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجامدەردرێت و گەلی كوردستان بە ئامرازی ئاشتییانە و دانوستاندن مافەكانی خۆی مسۆگەر دەكات”.

 

Back to top button