له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا پارتی باسی شۆره‌شی ئه‌یلول ده‌كات

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر ساڵرۆژی شۆره‌شی ئه‌یلولی دا رایده‌گه‌ێنێت”په‌نجاو شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، كاتێ گه‌له‌كه‌مان هه‌موو ده‌رگاكانی خه‌باتی سیاسی و دیموكراتی به‌روودا داخرا و به‌ ئینكار و ئاگر و ئاسن وه‌ڵامی داخوازییه‌ ره‌واكانی درایه‌وه‌، له‌ جیاتی خۆبه‌ده‌سته‌ودان و ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌ مافه‌كانی و ملكه‌چ كردن له‌ ئاست زه‌بر و زه‌نگ، ئه‌و واقیعه‌ تاڵ و سه‌پێنراوه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ و له‌ چركه‌ساتێكی مێژوویدا بڕیاری شۆڕش و به‌رخۆدانی دا و یان كوردستان یان نه‌مانی كرده‌ دروشم. هێزی میللی له‌بننه‌هاتووی خۆی له‌ شۆڕشێكی سه‌رتاسه‌ری دلێرانه‌دا كۆكرده‌وه‌ و كاروانی سه‌ختی خه‌باتی خسته‌ڕێ، هه‌ر له‌و رۆژه‌وه‌ به‌ختی كورد له‌ قه‌ده‌ری شومی بنده‌ستیی یاخی بوو، هه‌ر له‌و چركه‌ ساته‌وه‌ یه‌كه‌مین هه‌نگاوه‌كانی گه‌یشتن به‌م رۆژه‌ پڕئومێده‌ی ئه‌مڕۆ، ده‌ستیان پێكرد.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دا له‌باره‌ی ساڵرۆژی شۆره‌شی مه‌زنی ئه‌یلولدا پارتی رایده‌گه‌ێنێت”شۆڕشی ئه‌یلول هه‌ڵقوڵاوی هه‌ناوی گه‌ل بوو. پشت وپه‌نا و سوته‌مه‌نی و سه‌رمایه‌كه‌شی هه‌ر رۆڵه‌كانی گه‌ل بوو، بۆیه‌ش نسكۆ و پیلانی چه‌په‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی نه‌یتوانی كۆتایی پێ بێنێ و هه‌ر به‌ پشتیوانی گه‌ل دوباره‌ هه‌ڵگیرسایه‌وه‌ و هه‌ر له‌ به‌ر رۆشنایی پرنسیپه‌ مه‌زنه‌كانی ئه‌و شۆڕشه‌دا، دۆزی ره‌وای كورد به‌ زیندوویی مایه‌وه‌ و قۆناغ به‌ قۆناغی بڕی تا به‌ ئه‌مڕۆی ئومێد و هیوا گه‌یشتین.

 

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

 

به‌یاننامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ یادی پەنجاو شه‌ش ساڵەی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلولدا

رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كوردی دلێر
جه‌ماوه‌ری كۆڵنه‌ده‌ر و ئازادیخوازیی كوردستان
پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان
ئه‌مڕۆ له‌ كاتێكدا گه‌له‌كه‌مان به‌ ووره‌ی به‌رز و ئیراده‌ی له‌بن نه‌هاتووی ئازادیخوازییه‌وه‌ به‌ره‌و به‌دیهێنانی ئامانجه‌ مه‌زنه‌كه‌ی، به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دوایین هه‌نگاوه‌كانی ده‌نێ، یادی په‌نجاو شه‌ش ساڵه‌ی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌و شۆڕشه‌ رزگاریخوازییه‌ میللیه‌ی هه‌ر له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵمه‌ت و یه‌كه‌م ته‌قه‌ و یه‌كه‌م شه‌هیده‌وه‌ بۆ ئه‌م ئامانجه‌ به‌رز و پیرۆزه‌ تێكۆشا و توێشووی رێگای سه‌خت و دژواریشی هه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ نه‌گۆڕ و پۆڵایینه‌ بوو كه‌ رۆژێ دێ و گه‌لی كورد و كوردستان به‌ دوا ئامانج ده‌گات و به‌ری ره‌نج و خه‌باتی ده‌چنێته‌وه‌ چونكه‌ خاوه‌ن دۆزێكی ره‌وایه‌ و میلله‌تێكی مه‌زڵوم و به‌ ناهه‌ق بێبه‌شكراوه‌ له‌ مافی بڕیاردانی چاره‌نوس، ئه‌و مافه‌ی تێكڕای یاسا و رێسا ئاسمانی و ئینسانییه‌كان بۆ هه‌موو میلله‌تانی دونیایان سه‌لماندووه‌.

په‌نجاو شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، كاتێ گه‌له‌كه‌مان هه‌موو ده‌رگاكانی خه‌باتی سیاسی و دیموكراتی به‌روودا داخرا و به‌ ئینكار و ئاگر و ئاسن وه‌ڵامی داخوازییه‌ ره‌واكانی درایه‌وه‌، له‌ جیاتی خۆبه‌ده‌سته‌ودان و ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌ مافه‌كانی و ملكه‌چ كردن له‌ ئاست زه‌بر و زه‌نگ، ئه‌و واقیعه‌ تاڵ و سه‌پێنراوه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ و له‌ چركه‌ساتێكی مێژوویدا بڕیاری شۆڕش و به‌رخۆدانی دا و یان كوردستان یان نه‌مانی كرده‌ دروشم. هێزی میللی له‌بننه‌هاتووی خۆی له‌ شۆڕشێكی سه‌رتاسه‌ری دلێرانه‌دا كۆكرده‌وه‌ و كاروانی سه‌ختی خه‌باتی خسته‌ڕێ، هه‌ر له‌و رۆژه‌وه‌ به‌ختی كورد له‌ قه‌ده‌ری شومی بنده‌ستیی یاخی بوو، هه‌ر له‌و چركه‌ ساته‌وه‌ یه‌كه‌مین هه‌نگاوه‌كانی گه‌یشتن به‌م رۆژه‌ پڕئومێده‌ی ئه‌مڕۆ، ده‌ستیان پێكرد.

شۆڕی مه‌زنی ئه‌یلول به‌ رابه‌رایه‌تی مسته‌فا بارزانی نه‌مر و به‌ پێشڕه‌وایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، ده‌نگی ره‌وای گه‌لێكی خاك و ماف زه‌وتكراو بوو، پرۆژه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی سه‌رتاسه‌ری بوو كه‌ كۆی جیاوازییه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و ئایینزایی و چینایه‌تی و هه‌موو ئینتیما لاوه‌كییه‌كان و سنوره‌ ده‌ستكرده‌كه‌ی نیشتمانی تێپه‌ڕاند، ره‌شماڵێكی فراوان بوو كۆی تێكۆشه‌رانی كوردستانی به‌ كورد و توركمان و كلدان سریان ئاشور، به‌ موسڵمان و مه‌سیحی و ئیزیدی، به‌ جوتیار و كرێكار و كاسبكار، به‌ خه‌ڵكی لادێ و شار، به‌ رۆشنبیر و جوتیار، به‌ ژن و پیاو، به‌ گه‌نج و پیر، به‌ روئیا و ئایدیای جیاجیاوه‌ له‌ نێو یه‌ك ئینتیما و بۆ یه‌ك ئامانجی رزگاریخوازیی كۆكرده‌وه‌، ئامانجێك هه‌موان خۆیانی تێداببیننه‌وه‌ و گوزارشت له‌ خه‌م و خه‌ونی هه‌موو لایه‌ك بكات. بۆیه‌ به‌هه‌ق شۆڕشێكی كوردستانی بوو. توانیشی جگه‌ له‌ ناچاركردنی داگیركه‌ر به‌ سه‌لماندنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد و جوگرافیای كوردستان و به‌دیهێَنانی سه‌ره‌تای مافه‌كانی كورد، ببێته‌ قوتابخانه‌یه‌كی ئاوه‌دان بۆ پێگه‌یاندنی تێكۆشه‌ران، بۆ ئه‌زمونی خه‌باتگێڕی، بۆ گه‌ڵاڵه‌بوونی فكری ره‌سه‌ن و سه‌رده‌میانه‌ی كوردایه‌تی و دیموكراتخوازی، بۆ پێشمه‌رگایه‌تی و گیانفیدایی و كوردستان په‌روه‌ری، بۆ سه‌ره‌تاكانی خودحوكمڕانی و ئیداره‌ی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان و پرۆڤه‌ی نیشتمانسازی. بۆ په‌روه‌رده‌ی سیاسیی و سه‌ربازی و رێكخراوه‌یی. بۆ ئاماده‌كردن و قاڵبوونی هه‌زاران كادری لێوه‌شاوه‌ و لاوی بڕوا پۆڵایین كه‌ قۆناغه‌كانی دواتری خه‌بات تا گه‌یشتن به‌ دوا ئامانج ئیدامه‌ پێبده‌ن. له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش گرنگتر، شۆڕی ئه‌یلول بووه‌ كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌مووان له‌ ده‌وری ناسنامه‌یه‌كی كوردستانیی فراوان كه‌ پڕنسیپه‌كانی هاوخه‌باتی و هاوچاره‌نوسی و هاونیشتمانی بنه‌ماكانی بوون. ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه‌ تا ئه‌مڕۆش هه‌وێنی شه‌رعییه‌ت و سه‌ركه‌وتن و پێگه‌ی رێزلێگیراوی دۆزی گه‌له‌كه‌مانن له‌ جیهاندا.

شۆڕشی ئه‌یلول هه‌ڵقوڵاوی هه‌ناوی گه‌ل بوو. پشت وپه‌نا و سوته‌مه‌نی و سه‌رمایه‌كه‌شی هه‌ر رۆڵه‌كانی گه‌ل بوو، بۆیه‌ش نسكۆ و پیلانی چه‌په‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی نه‌یتوانی كۆتایی پێ بێنێ و هه‌ر به‌ پشتیوانی گه‌ل دوباره‌ هه‌ڵگیرسایه‌وه‌ و هه‌ر له‌ به‌ر رۆشنایی پرنسیپه‌ مه‌زنه‌كانی ئه‌و شۆڕشه‌دا، دۆزی ره‌وای كورد به‌ زیندوویی مایه‌وه‌ و قۆناغ به‌ قۆناغی بڕی تا به‌ ئه‌مڕۆی ئومێد و هیوا گه‌یشتین.

رۆڵه‌كانی گه‌لی كوردستانی كۆڵنه‌ده‌ر..
ئه‌مڕۆ كه‌ نیو سه‌ده‌ و شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلولدا تێده‌په‌ڕێ، گه‌لی كوردستان له‌ ئاستانه‌ی گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ مه‌زنه‌كه‌یدایه‌. دوای سه‌د ساڵ به‌شخوراوی و جه‌ور و سته‌م، وا دواجار بڕیار له‌ چاره‌نووس و ئاینده‌ی خۆمان ده‌ده‌ین. به‌ری ره‌نجی خه‌باتی سه‌د ساڵه‌مان ده‌چنینه‌وه‌. وا خه‌ریكه‌ مافی زه‌وتكراومان به‌ده‌ستدێنینه‌وه‌ و ده‌گه‌ین به‌ سه‌ربه‌خۆیی، بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ رزگار ده‌بین له‌ ژێرده‌سته‌یی و بێ ووڵاتی و پاشكۆیه‌تی. رزگار ده‌بین له‌ دڵه‌رواكێ و مه‌ترسی دوباره‌بونه‌وه‌ی جینۆساید و كیمیاباران و كوشت و بڕ و په‌لامار و داگیركاری و وێرانكاری. رزگار ده‌بین له‌ نان بڕین و سه‌ربڕین و حوكمی شۆڤێنیزم و مه‌زهه‌بگه‌رایی و جه‌هل و دواكه‌وتن.

سه‌د ساڵه‌ رۆڵه‌كانی كوردستان، رابه‌ران و خه‌باتكارانی نه‌وه‌كانی پێشوومان، به‌ خوێن و به‌ گیانبه‌ختكردن، به‌ ته‌عزیب و به‌ ئیعدام و به‌ زیندان و به‌ ماڵوێرانی و به‌ كۆڕه‌و، به‌ چه‌ك، به‌ قه‌ڵم، به‌ خه‌باتی سه‌ختی خوێناوی شاخ و شار، بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی كوردستان و گه‌یشتن به‌م رۆژه‌ پیرۆزه‌، نه‌سره‌وتانه‌، تێكۆشان و نه‌وه‌ستان. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان له‌سه‌ر ئه‌ستۆی ئێمه‌ هێشته‌وه‌ كه‌ به‌ (به‌ڵێ) تاجی سه‌ركه‌وتنی كۆتایی بكه‌ینه‌ سه‌ر به‌رخۆدان و گیانفیدایی ئه‌وان.
با له‌ رۆژی ریفراندۆمدا به‌ كۆی ده‌نگ و به‌ (به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی)، كوردستانێكی ئازاد و سه‌ربه‌ست و سه‌روه‌ر بنیات بنێین. قه‌رزی نه‌وه‌كانی پێشوو بده‌ینه‌وه‌ و له‌ ئاست نه‌وه‌كانی داهاتوشدا رووسوور و ویژدان ئاسوده‌ بین. نه‌هێڵین ئه‌و هه‌موو خوێن و قوربانی و مه‌ینه‌تی و مه‌رگه‌ساته‌ی به‌سه‌ر ئه‌م گه‌له‌دا هات به‌ هه‌ده‌ر بچێ.

با رۆژی بیست و پێنجی نۆ هه‌ر هه‌مومان رووبكه‌ینه‌ سندوقه‌كانی ریفراندۆم، هه‌ر هه‌موومان به‌ جیاوازی بیر و بۆچوون و روئیای سیاسی، له‌ شه‌ره‌فی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان و ئه‌جردانه‌وه‌ی شه‌هیدان و به‌دیهاتنی ئاواتی مه‌زنی میلله‌ته‌كه‌ماندا به‌شدار بین.

له‌ یادی شۆڕی مه‌زنی ئه‌یلولدا:
– هه‌زاران سڵاو له‌ گیانی پاكی مسته‌فا بارزانی نه‌مر رابه‌ری شۆڕش و ئه‌و رێباز و قوتابخانه‌ نه‌سره‌وته‌ی كوردستانی گه‌یانده‌ سه‌ربه‌خۆیی.
– هه‌زران سڵاو له‌ گیانی سه‌ركرده‌ی نه‌مر و كاكی هه‌میشه‌ زیندومان كاكه‌ ئیدریسی هه‌رده‌م له‌ یاد.
– درود و سڵاو بۆ تێكڕای شه‌هیدانی شۆڕشی ئه‌یلول و گشت شه‌هیدانی كورد و كوردستان و سڵاوی گه‌رم بۆ خانه‌واده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانیان.
– سڵاو له‌ گه‌لی قاره‌مان و ئازادیخواز و كۆڵنه‌ده‌ری كوردستان.
– سڵاو له‌ تێكۆشه‌رانی دێرین و پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌یلول و ئه‌وانه‌ی درێژه‌یان به‌ كاروانه‌كه‌یان دا.
– سه‌ركه‌وتن و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی بۆ كوردستان

مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
10ی ئه‌یلولیی2017

Back to top button