بارزانی: گەلی كوردستان لە پاراستنی سەقامگیری و پێكەوەژیان لە ناوچەكە بەردەوام دەبێت
لە درێژەی ئەو زنجیرە دیدارو چاو پێكەوتنانەی كە لە ماوەی رابردوو سەرۆك بارزانی لەگەڵ نێردەو شاندە جیاوازەكانی وڵاتانی دونیا ئەنجامی دا, ئەمڕۆ لە سەلاحەدین، لەگەڵ نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كۆبوویەوە, پێی راگەیاند كە گەلی كوردستان لە پاراستنی سەقامگیری و پێكەوەژیان لە ناوچەكە بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 10/9/2017 مەسعود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە سەلاحەدین، لەگەڵ یان كۆبیش، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كۆبوویەوە، لە دیدارێكدا بارودۆخی سیاسی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا لە ئێستا و ئایندەدا تاوتوێ كرا.
نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان، ئاماژەی بە بۆچوون و تێبینییەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان كرد لەبارەی ریفراندۆم و گفتوگۆكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا.
سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، ئەوەی بۆ نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكانی دووپات كردەوە، كە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم، بڕیاری گەلی كوردستانە و مافێكی یاسایی و ئاسایی خەڵكی كوردستانە، لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا پڕۆسەكە بەڕێوە دەچێت.
بارزانی، ئاماژەی بەوەش كرد، گەلی كوردستان بەردەوام دەبێ لە پاراستنی سەقامگیری، پێكەوەژیان و لێبوردەیی لە ھەرێمی كوردستان و ناوچەكە.