پێشمه‌رگه‌ ئێن ئارتی ده‌داته‌ دادگا

له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانی، رایده‌گه‌ێنێت، له‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌(10-9-2017) كه‌ناڵ و ماڵپه‌ری (NRT) هه‌واڵێكی ناڕاستی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر به‌ڕێز(مه‌لا سامان) له‌ شاری چه‌مچه‌ماڵ پێشمه‌رگه‌یه‌كی زێره‌ڤانییه‌، ئێمه‌ له‌ فه‌رمانده‌یی پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانی دوای به‌دواداچوون بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و ڕووداوه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ زێره‌ڤانییه‌وه‌ نییه‌ و هیچ ئه‌ندامێكی ئێمه‌ به‌شدار نه‌بووه‌ له‌و كرداره‌ ناشرینه‌ و ئه‌و كه‌سه‌شی كه‌ تۆمه‌تی ئه‌و كاره‌ی خراوه‌ته‌ پاڵ له‌كاتی ڕووداوه‌كه‌دا له‌ ئه‌ركدا بووه‌ كه‌ پاسه‌وانه‌ له‌ یه‌كێك له‌ باره‌گا حیزبییه‌كانی شاره‌كه و سه‌ر به‌ یه‌كه‌ی پاسه‌وانیی فه‌رمانده‌یی پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانییه‌ و به‌ڵگه‌شمان بۆ ئه‌مه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ی (NRT) به‌ هه‌وڵێك بۆ ناوزڕاندنی زێره‌ڤانی ئه‌ژمار ده‌كه‌ین و به‌ مافی خۆمانی ده‌زانین و داوای یاسایی له‌سه‌ر كه‌ناڵه‌كه‌ تۆمار ده‌كه‌ین.

هه‌ر له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ی فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانی دا هاتووه‌” بۆ به‌رچاورڕوونی هه‌موو لایه‌ك هیچ هێزێكی سه‌ر به‌ فه‌رمانده‌یی پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانی له‌و سنووره‌ نییه‌ كه‌ ڕووداوه‌كه‌ی لێ ڕووداوه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ ته‌نیا ژماره‌یه‌ك پاسه‌وانی كه‌سایه‌تی و باره‌گا حیزبییه‌كانن كه‌ ته‌نیا له‌ ڕووی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ زێره‌ڤانین و كاری ئه‌وان پاسه‌وانیكردنه‌ داواش له‌ هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك ده‌كه‌ین كه‌ به‌ڵگه‌كانیان بخه‌نه‌ڕوو كه‌ ده‌ڵێن گوایه‌ ئه‌ندامێكی ئێمه‌ له‌و په‌لاماره‌دا به‌شداربووه‌ و ئێمه‌ ئاماده‌ین بێینه‌ به‌رده‌م دادگا، به‌ڵام دڵنیاین له‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌و هه‌واڵه‌دا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ درۆیه‌كی هه‌ڵبه‌ستراوه‌ و هیچ ڕاستییه‌كی تێدا نییه‌.

Back to top button