بزانه‌ ئه‌مرۆ نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ كۆنسولی گشتی ده‌وڵه‌تی كوێت چی گوت

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11/9/2017 سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌ راگه‌یاندراوێكدا رایگه‌یاند” نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌  د. عومه‌ر ئه‌لكه‌نده‌ری كونسوڵی گشتیی ده‌وڵه‌تی كوێت له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

وه‌ك له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران دا هاتووه‌” له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز ئه‌لكه‌نده‌ری خۆشحاڵیی خۆی به‌و دیداره‌ ده‌ربڕی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و كوێتی دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌و هاوكارییه‌ مرۆییانه‌ دا كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌كانی كوێته‌وه‌ بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر له‌ كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دابین ده‌كرێت و له‌مباریه‌وه‌ سوپاسی داموده‌زگا و ڕێكخراوه‌ خێرخوازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی كرد كه‌ هاوكارییه‌كی باشیان ده‌كه‌ن له‌ گه‌یاندنی ئه‌و كۆمه‌كانه‌‌ و به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌كانیشی دووپات كرده‌وه‌.

سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران راشی گه‌یاندووه‌” له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ سه‌رمایه‌دارانی كوێتی هان ده‌ده‌ن سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن تا له‌ نزیكه‌وه‌ ئاشنای هه‌رێمی كوردستان ببن و له‌ داهاتوودا سه‌رمایه‌گوزاری تێدا بكه‌ن، لای خۆیه‌وه‌ به‌رێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و ده‌وڵه‌ت و ئه‌میر و خه‌ڵكی كوێتی كرد بۆ ئه‌و هاوكارییانه‌‌ی كه‌ گه‌یاندوویانه‌ته‌ ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و بۆته‌ هۆی سووككردنی هه‌ندێك له‌و بارگرانییه‌ی‌ كه‌وتۆته‌ سه‌ر شانی حكوومه‌تی هه‌رێم، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان خویازیاره‌ باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی كوێت هه‌بێت و پێشوازی له‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌دارانی كوێت له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رمایه‌گوزاری بكه‌ن و له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌موو ئاسانكارییه‌كیان پێشكه‌ش ده‌كرێت.

له‌ كۆتایی راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌” له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ دا باس له‌ بارودۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و پرسی ڕیفراندۆم و داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ل عیراق كرا و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ خوازیاره‌ كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق له‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆ و لێكگه‌یشتنه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكات.

 

Back to top button