بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان سبەی واژۆ كۆ دەكرێتەوە
دوای بڕیاری كاراكردنەوەی پەرلەمان بڕیارە 48 سەعات پێش كۆبوونەوەكەی ڕۆژی 14ی ئەیلوولی پەرلەمانی كوردستان، واژووی پەرلەمانتاران كۆ بكرێتەوە بەمەبەستی یاساییبوونی دانیشتنەكە وەك ئەوەی لە پێڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا هاتووە.
فەرحان جەوهەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەو بارە یەوە ڕاگەیاندووە، فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی دەمانەوێت ئامادەكارییەكان تەواو بكەین بۆ ڕۆژی پێنجشەم و دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان.
زیاتر گوتی، كۆبوونەوەكە بە مەبەستی ئەوە بوو كە واژووی پەرلەمانتارانی كوردستان كۆ بكرێتەوە و داوای دانیشتنی پەرلەمان بكەن.
ڕوونی كردەوە كە ئەگەر گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی نەیەنەوە ناو پرۆسەكە، ئەوە ئەو واژوویانەی كۆ دەكرێنەوە دەدرێتە بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان بۆ ئەوەی دانیشتنەكە بەڕێوە ببات.
شایەنی گوتنە, دوێنی پارتی و یەكێتی ڕێك كەوتن كە پەرلەمانی كوردستان ڕۆژی 14ی ئەیلوول كۆ ببێتەوە و ئێستەش هەوڵەكانیان بەردەوامە بۆ ئەوەی ڕێككەوتنەكە فرەوانتر بكەن و حزبەكانی تریش بێنە ناو پرۆسەكە، ئەوەش زانراوە كە تا ئێستە 81 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەكە دەبن.