وەزیری دادی ئیسرائیل پشتیوانی لە سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان دەكات

 

لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان, بە شێوەی جیاجیا پشتگیری بۆ ئەم پرسە دەردەربڕدرێت لە سەر ئاستی نێو دەوڵەتی بەڵام جیاواز لە هەموو وڵاتانی دونیا ئیسرائیل تاكە وڵاتە بە شێوەیەكی ئاشكرا پشتگیری خۆی بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەر بڕیوە , ئەمڕۆ دووشەممە جارێكی تر وەزیری دادی حكوومەتی ئیسرائیل، دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی پاڵپشتی كوردستانێكی سەربەخۆ دەكات، لانی كەم لە كوردستانی عێراق.

بە پێی ڕاپۆرتێكی ماڵپەڕی (Harretz)، ئایلێت شێیكد، وەزیری دادی حكوومەتی ئیسرائیل، ئەمڕۆ دووشەممە 11/9/2017 لە میانەی كۆنفرانسێكدا ڕای گەیاند كە دروستبوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بەناوی كوردستان لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژئاوادا دەبێت.
ئەم بەرپرسە باڵایەی ئیسرائیل، ئەوەشی خستوەتەڕوو: “پێم وایە كاتی ئەوە ھاتووە ئەمریكا پشتیوانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بكات”.
ئەم لێدوانەی وەزیری دادی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت لە ماوەی ڕابردوو بێنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتەش ڕایگەیاند كە حكوومەتەكەی “ھەڵوێستێكی ئەرێنی” بەرامبەر بە بابەتی سەربەخۆیی كوردستان ھەیە.
ئەو وەزیرەی ئیسرائیل، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ و لە میانەی كۆنفرانسێك لە تەلئەبیب پاڵپشتی خۆی و وڵاتەكەی بۆ سەربەخۆبوونی كوردستان ڕاگەیاند بوو. ئەو كات ئەم وەزیرە ئیسرائیڵییە گوتی: “كوردەكان شایانی دەوڵەتن، چونكە گەلێكی ئاشتیخوازن و ھەرگیز لە مێژوودا ھێرشیان نەكردووەتە سەر ھیچ كەس”.

Back to top button