نووسەرێكی عەرەب: بۆچی رەخنە لە كاتی ریفراندۆمی كورد دەگرن

 

پرسی سازدانی ریفراندۆم لە ئێستادا مژاری گەرمی میداكانی جیهان و ناوخۆی كوردستانە, هەروەها ژمارەیەك لە رۆژنامە عەرەبییەكان، ئەمڕۆ رووبەرێكی فراوانی لاپەڕەكانیان بۆ رەخنەگرتن لە پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان تەرخانكردبوو.

وەك رۆژنامەی ئەهرامی چاپی قاهیرە بڵاویكردووەتەوە، ئەحمەد ئەبوغەیتی ئەمینداری كۆمكاری عەرەبی لە سەردانەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانیدا داوایكردووە، گفتوگۆی سیاسی پێگەیشتووانە لە نێوان هەولێر و بەغدا بە سەرپەرشتی و چاودێری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجام بدرێت.

بڕیارە لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، رۆژی 25ی ئەیلوولی 2017 پرۆسەی راپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئەنجام بدرێت.

ئیبراهیم دەروێش، لە رۆژنامەی قودسی عەرەبی نووسیویەتی: راپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان هەڕەشەیەكی نوێیە لەسەر یەكپارچەیی مێژوویی عێراق. سووربوونی هەولێر لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم ئاماژەیە بۆ سەرهەڵدانی ناكۆكی نوێ لە عێراقدا.

هەروەها نووسیویەتی: ئێران لە دژی ریفراندۆمە، بەڵام ئیسرائیل لە لایەنگرانی ریفراندۆمەكەیە.

هەروەها سامی زوبەیدی لە وتارێكدا لە رۆژنامەی زەمانی عێراقی نووسیویەتی: ئایا راپرسییەكەی كوردستان راپرسی دیاركردنی چارەنووسە یان دابەشكردنی عێراقە.

ئەو نووسەرە لە سۆنگەی ئەدەبیاتی شۆڤینیانە و بەعسیانەی عێراقەوە نووسیویەتی: پرۆژەی راپرسی تەنیا هەوڵێكە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی دوژمنانی عێراق لە پێناو دابەشكردنی خاكی عێراق و درووستكردنی چەند دەوڵەتۆكەیەكە لەسەر خاكی عێراق.

قسەكانی ئەو نووسەرە لە كاتێكدایە رووبەری پارێزگایەكی وەك سلێمانی لە هەرێمی كوردستان چەند جارەی رووبەری دەوڵەتێكی وەك بەحرەینی عەرەبییە.

رۆژنامەی ئەهرامی میسری داوایكردووە، سیاسییەكان بیر لە لێكەوتەكانی راپرسی بكەنەوە بەر لەوەی هەنگاوی بە پەلە بۆ جێبەجێكردنی بنێن.

رۆژنامەكە سەروتاری خۆی بۆ ئەو پرسە تەرخانكردووە و نووسیویەتی: هەمووان دەزانن جیابوونەوەیان لە عێراق دەبێتە هۆی درووستبوونی كێشەی گەورە نەك تەنیا بۆ عێراق، بەڵكو بۆ وڵاتانی ناوچەكەش بە تایبەتی توركیا و ئێران و سووریا.

رۆژنامەكە ئەوەشی نووسیوە: عەرەب چیدیكە توانای پەرتەوازەیی و پارچە پارچە بوونی نییە، كە هەمووان باجەكەی دەبێت بدەن.

ئەمە لە كاتێكدایە رۆژنامەكە جیاوازی لە نێوان ئەوەدا نەكردووە، كە كورد نەتەوەیەكی جیاواز لە عەرەبە و خاك و زمانی جیاوازە و لە دەستووری عێراقیشدا هەر لە دەستووری یەكەم كۆماری عێراقەوە لە 1958 دان بە هەبوونی كورد وەك نەتەوەیی دووەمی عێراقدا نراوە.

لە رۆژنامەی سەباحی عێراقدا عەبدولحەلیم رەهیمی نووسیویەتی: هەرچەندە ئامانجی راپرسی هەرچییەك بێت، بەڵام لە ئەنجامدا كورد وەك دراوسێیەكی نزیك و گرنگی عێراق و گەلەكەی دەمێننەوە. ئەوان دەبنە قوڵایی ستراتیژی و ئابووری و سیاسی و گەشتوگوزاری بۆ عێراق و لەم پێودانگەوە دەكرێت پەیوەندییەكانی نێوان كورد و عەرەب پتەوتر بكرێن.

هەروەها سوبحی حەدیدی لە رۆژنامەی قودسی عەرەبی چاپی لەندەن نووسیویەتی: راستە زۆرینەی دانیشتوانی كەركووك كوردن، بەڵام عەرەب و پێكهاتەی دیكەشی تێدایە. ناكرێت لە مافەكانیان بێبەش بكرێن.

حامد گەیلانی لە رۆژنامەی ئەلعەرەبی لەندەنی نووسیویەتی: خەونی دەوڵەتی كوردی، خەونی مەلا مستەفای بارزانی بوو، سەرەڕای واقیعیەتی لە خوێندنەوەی سەربەخۆیی، مەسعوود بارزانی كوڕی مەلا مستەفا وەسیەتی باوكی بۆ نەوەكانی كورد جێبەجێ دەكات.

هەروەها نووسیویەتی: دەستەواژەی كاتەكەی گونجاو نییە، كە زۆر دەوترێتەوە لە بارەی ئەنجامدانی راپرسی ئەو پرسیارە دێنێتە ئاراوە، ئایا لە عێراقدا كات گونجاوە بۆ پێداچوونەوەیەكی سەرتاپاگیری بە پرۆسەی سیاسی شكستخواردوو و مەحكومكراو بە گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر و چوارگۆشەی یەكەم؟

Back to top button