بەرپرسێكی گۆڕان: هیوادارین سبەینێ بگەینە ڕێككەوتنێك و كێشەكان چارەسەر بكرێن
لەگەڵ دەست پێكردنەوەی گەڕێكی دیكەی دانوستان لە پێناو كاراكردنەوەی پەرلەمان و تێپەڕاندنی دۆخی چەق بەستووی دوو ساڵەی هەرێم و دوا كۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی كە بڕیاردرا لە 14ی مانگ پەرلەمان كارابكرێتەوە, یەكێتی وا بڕیارە سبەی دوا كۆبوونەوە لەگەلً گۆڕان بكات بۆئەوەی بێنەوە نێو پەرلەمان,بەرپرسێكی گۆڕانیش دەڵێت:” هیوادارین سبەینێ بگەینە ڕێككەوتنێك و كێشەكان چارەسەر بكرێن
ساماڵ عەبدوڵا، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاندووە: “بەرنامەی بزووتنەوەی گۆڕان داواكردنی میكانیزمێكە بۆ جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەی برادەرانی یەكێتی پێشنیازیان كرد، چونكە لە پێنج خاڵەكەی ئێمەوە نزیكە كە پێشتر لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی ڕامان گەیاند”.
ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، دەشڵێت: “هیوادارین لە كۆبوونەوە سێ قۆڵیەكەی سبەی سێشەممە 12ی ئەیلوولی 2017 لەگەڵ لایەنەكان بگەینە ڕێككەوتنێك وگفتوگۆكان ئەرینی بن، هەرچەندە پارتی و یەكێتی پێشوەختە بڕیاری كاراكردنەوەی پەرلەمانیان داوە، بۆیە ئەوە دوو دڵی كردووین، چونكە هەم كات كەم بەدەستەوە ماوە، هەم ئێمەش ئەمانەوێت میكانیزمەكان جێبەجێ بكرێن و هەموو كێشەكان لە پەرلەمانی كوردستاندا گفتوگۆیان لەسەر بكرێت و چارەسەر بكرێن”.
ڕوونیشی كردەوە، پێویستە ڕێككەوتنێك پێش كاراكردنەوەی پەرلەمان لە نێوان لایەنە سیاسییەكان ئەنجام بدرێت، چونكە متمانەی نێوان لایەنەكان تا ڕادەیەك لاواز بووە.