ریفراندۆم پرسێكی گشتگیرو نیشتیمانیە ، ئەركێكی ویژدانی ئەخڵاقی ئینسانییە

 

دانا مەنمی

خەونی دێرین ولە مێژینەی جەماوەری كوردستان بەسەرجەم پیكهاتەو ئایدیا سیاسییەكەیەوە ، ریفراندۆم و دروستكردنی قەوارەیەكی سیاسی سەربەخۆی بووە،خەبات و تیكۆشان و قوربانیدانی خەڵكی كوردستان بە دریژایی مێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان وەزیفەی سەرەكی پاراستنی شوناس و ناسنامەی كوردایەتی و كوردبوون بووە ، هیچ كاتێك سەركردایەتی و كورد و شۆرش و راپەرینەكانی رابردوو چاویان لەسەر خاكی هیچ كیانیكی سیاسی نەبووە ، وەلئ هەمیشە هزرو بیریان لای پاراستنی مافە نەتەوایەتی و نیشتیمانیەكانیان بووە .
هەرێمی كوردستان بووەتە ئەمری واقیع لە ناوچەكەدا ،جەنابی كاك (مەسعود بارزانی ) وەك سەرۆك و پیشمەرگەی كوردستان كە ڕۆڵی میحوەری بینیوە لەبەركانی جەنگ سئ هەنگاوی سەرەكی ناوە كە هەوینی ئەو واقیعە خۆرسكەن كە ئیستا بە چاویكی تر و بە گرنگیەوە لەسەر ئاستی نیو دەولەتی و هەرێمی لە كورد دەروانن ، كە ئەوانیش :
یەكەم : چەسپاندنی ئاشتی و دیموكراتیەت لە ناوچەكەدا و بە دەستهینانی متمانەی نێو دەوڵەتی و ئیقلیمی .
دووەم: ریزگرتن و پاراستنی مافە كلتوری و سیاسی و ئابوری و كۆمەلایەتیەكانی پێكهاتەكان لە كوردستان وپاراستن و زەمانەتی مافە ئاینیەكان لە كوردستان .
سێیەم : بەرەنگاربونەوە ی تیرۆر لە ناوچەكەدا كە بە دریژای 1800 كم لەشەڕی دەولەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ( داعش ) داین ، كە ئەمەش بە دیوەكەی تردا پاراستنی ئەو ئاشتی و سەقامگیری یە سیاسیەیە كە لە ولاتانی ئەوروپاو ئەمریكاو تەنانەت رۆژهەلاتی ناوەراست دا بەرقەرارە .
ریفراندۆم یەكەم هەنگاوە بەرەوسەربەخۆی كوردستان ، دوای ریفراندۆم وەزیفەی سەركردایەتی سیاسی كورد و كوردستانیانە كە گفتوگۆ لە بارەی سنورو ئاسایش و سەقامگیری جیرانەتی و پرسی ئاووكارەبا و خزمەتگوزارییەكانی تر بكرێت‌ ، ریفراندۆم كەشو هەواو ژینگەیەكی لەبارمان بۆ سەربەخۆی كوردستان دەرەخسینێت ، چونكە هەموو هاونیشتیمانیان بە جیاوازی ئیتنی و ئاینی و نەژاد و ئایدیای سیاسیانەوە ، دەنگ و رەنگیان (بەلئ) یە بۆ سەربەخۆی كوردستان و دروستكردنی قەوارەو قەڵەمڕەوییەكی سەربەخۆ لە شێوەی دەولەتداری دا لە كوردستان .
ڕیفراندۆم پرسێكی گشتگیرو نیشتیمانی یە ، ریفراندۆم چەترێكه بۆ كۆكردنەوەی نێوماڵی كورد یەكبوون و یەكڕیزی بنیات بنێینەوە ،لەم چركە ساتەدا فرسەتێكی مێژووی هەڵكەوتووەو لەبەردەستماندایە ، هاوشان ئیرادەیەكی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە كوردو قەزیەكەی دەكات كە هەنگاو بنێت بەرەو سەربەخۆی كوردستان ، ڕیفراندۆم بەرسڤێكی هیندە رەواو پربایەخە كە هەمووان لە ژێر پەرچەمی كوردستان یەكبخات و شەرعییەت و متمانەی سیاسی بگەرێتەوە نێوماڵی كورد و هێزە سیاسییەكان .
ئەگەر ڕیفراندۆم یەكریزو یەكهەڵویستمان بكات ، ئەتوانین لە قۆناغەكانی داهاتوودا ، بە پرۆژەو ستراتیژی نوێ دام و دەزگای دەولەتی بنیات بنێین و گەندەڵیش ریشەكێش بكەین ، پێویستە هەم و خەمی هەمووان بۆ نیشتیمان و نەتەوەسازی بێت ، جوگرافیا ناگوازرێتەوەو مالی هەمووانیش ئەو خاكەیە كە سەد ساڵە قوربانی بۆ دەدەین.
ئیرادەی سەربەخۆی بە جنێوفرۆشتن و نانەوەی پشێوی و ئاستەنگ دروستكردن هەرەس ناهێنێت ، سەربەخۆی خواستێكی ڕۆژانەو بەردەوامە ، پیویستە هەموو تاكیك بەرجەستەی بكات و رەسمی ژیانی خۆی بكات ، نەك بە چاویلكەی حزبیەوە لە ژێر كاریگەری هەژموونی جیرانەكانمان ئاستەنگ بخولقێنن بۆ ئەو فرسەتەی هاتووەتە پێش بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆی كوردستان ، پێویستە هەموو سەرچاوەكانی ئابوری و فكری و سیاسی و تەنانەت كۆمەڵایەتیش لە پێناو ڕیفراندۆم و سەربەخۆی كوردستاندا بەگەڕبخەین ،بتوانین ئەو ئەرك و مافە بە دەستەوە بگرین و لە ژیانی سیاسی و سەربازی و كۆمەلایەتیدا بیكەینە ئەمری واقع و بەرجەستەی بكەین لە هەموو كایەكانی ژیانماندا.
شەمەندەفەری سەربەخۆی كوردستان هەنگاو بە هەنگاو مەنزڵ بە مەنزڵ دەگاتە كۆتایی ڕیگاكەو ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش ئیرادەی سەربەخۆی لە هەست و نەستی هاوڵاتیاندا گەشەدەكات ،لەبەرامبەریشدا هەست بە چزوی دژە سەربەخۆكان دەكەین ، چزوی دوژمنان كارلەسەر لەدەستدانی دەرفەتەكان دەكات ، هەندێك لایەنی سیاسی ئەجێنداو ستراتیژی دوژمنان دژ بە سەربەخۆی كە ماف و بەسڤێكی رەوایە جێبەجێ دەكەن ، دۆستایەتی وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی كەنداو و هەرێمایەتی بۆ كورد و قەزیەكەی گرنگەو مەرجێكی ئەساسین بۆ گەیشتن بە سەربەخۆی كوردستان .
ئیرادەو كۆدەنگی لە بەرەوا ناسینی پرسی كورد لە ئاستی دەرەكیدا ئامادەگی هەیە ، ئەوەش دەرفەتێكی زێڕینە لەبەردەم پرۆسەی قۆناغی گواستنەوەی میلەتی كورد بۆ نەتەوەسازی هاوكات یەكڕیزی و تەبایی نێومالی كورد مەرجێكی تری پرۆسەكەیە ، پێویستە ستراتیژێكی نەتەوەی بە ئیجماعی هێزە سیاسی و كۆمەلایەتی و رۆشنبیرییەكان بنیات بنرێت كە ئامانجی سەرەكی ئەم ستراتیژە هەنگاونان بێت بەرەو ڕیفراندۆم و بەدوایشیدا سەربەخۆی كوردستان

Back to top button