بارزانی.. لە كۆماری كوردستانەوە بەرەو كۆمارێكی دیكە

زۆربەی پایتەختەكانی جیهان دەڵێن “گشتپرسی مەكەن و لە عێراق جیانەبنەوە، یان ئێستا دوایبخەن”، بەڵام كە لە تەمەنی شانزە ساڵییەوە زۆربەی كات بە جامانەیەكی سوور و جلوبەرگی كوردی و پشتێنێكی گرێگرێوە دەردەكەوێ‌، بە دۆست و دووژمنەكانی دەڵی “بەدیلێكی باشترمان بدەنێ‌. ئەگەر ئێستا ریفراندۆم نەكەین، كەی بیكەین”. سووربوونی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر گشتپرسی، وەك میدیاكانی عەرەبی دەڵێن “عیناد”، كەچی بارزانی دەڵی “من زۆر ئاسان و نەرمم، بەڵام لەسەر بابەتە جدییەكان خاوەنی بەڵێن و قسەی خۆمم”.



مەسعوود مستەفا شێخ محەممەد شێخ عەبدولسەلام شێخ عەبدوڵڵا شێخ تاجەددین لە رۆژی 16/8/1946 كە هەمان رۆژی دامەزراندنی ئەو حیزبەیە كە ئێستا ئەو سەرۆكییەتی، لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە. بەڵام لە تەمەنی 10 ساڵیدا بۆ یەكەمجار باوكی خۆی بینیوە، چونكە دوای تێكچوونی كۆمار مەلا مستەفا لەگەڵ 500 جەنگاوەردا، لە رێ رۆیشتینێكی پڕ شەڕ و سەرسووڕهێنەردا روویكردە یەكێتیی سۆڤیەت. بارزانی لەگەڵ خاتوو جوەیرای ئامۆزای ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە و باوكی 8 منداڵە. ئەو ئێستا یەكێكە لە ناسراوترین كەسایەتییە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان.

دایكی مەسعود بارزانی ناوی حەمائیل خانە، كچی مەحموود ئاغای زێبارییە، رۆڵی گەورەی لە ژیانی كوڕەكەیدا گێڕاوە، بارزانی لە هەڤپەیڤنێكدا كە لە ساڵی 2009 لەگەڵی كراوە، سەبارەت بە دایكی دەڵێ “دایكم ژنێكی زۆر میهرەبان بوو، نەیهێشت بۆشایی باوكم بۆ دروست ببێت”.

“باوكت چووە شیرینیت بۆ بێنێ”

بارزانی قۆناخی سەرەتایی لە مووسڵ خوێندووە، پاشان لە بەغدا دەستی بە خوێندنی ناوەندی كردووە. دوای 10 ساڵ، لە رۆژی 6/10/1958 بارزانی بۆ یەكەمجار باوكی خۆی بینیوە، ئەمەش دوای ئەوەی مەلا مستەفا بارزانی لە موسكۆوە گەڕایەوە بەغدا. بارزانی لەو بارەوە دەڵێ “بە بیرم دێت بۆ یەكەمجار باوكمم بینی، خەڵك زۆر كۆبوونەوە و وەكو قارەمانێك لە بەغدا پێشوازی لێكرا، بۆ ئێمە مایەی سەربەرزی بوو”.

بارزانی ئەوكاتەی فام دەكات و پێدەگات، پرسیاری باوكی كردووە. لەوبارەوە چیرۆكێكی خۆی و دایكی دەگێڕێتەوە و دەڵێت “من حەزم لە جۆرێك شیرینی بوو، هەموو جارێك دەمگوت دایە باوكم لە كوێیە؟ ئەویش دەیگوت: كوڕم چووە لە مۆسكۆ شیرینیت بۆ بهێنی، پاشان كە كەمێك گەورەبووم، زانیم باوكم ئاوارەبووە”.

بە موعجیزە لە مردن رزگاربوو



مەسعوود بارزانی و براكانی لە گەڕەكێكی شاری بەغدا لە نزیك قوتابخانەكەیان دەژیان، بارزانیی باوكیشیان لە گەڕەكی ساڵحییە دەژیا. مەسعوود بارزانی دەڵێ “هەموو رۆژانی پێنجشەممە و هەینی دەچووینەوە لای باوكمان، بەڵام باوكم لە ئاداری 1961 بەغدای بەجێهێشت، ئێمەش لە مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵ دوای كۆتایی تاقیكردنەوەكان گەڕاینەوە بارزان”. مەسعوود بارزانی سەبارەت گەڕانەوەیان دەڵێ “ئێمە گەڕاینەوە بارزان و پرسیارمان دەكرد ئایا دەگەڕێینەوە قوتابخانە لە بەغدا، كەچی كەس وەڵامی نەدەداینەوە، تاوەكو لە بەرەبەیانێك چوار فڕۆكەی جۆری مێگی عێراقی بۆردوومانیان كردین، ئێمە بە موعجیزە لە ژێر ئەو خێوەتە رزگارمان بوو كە تێیدا دەژیاین، ئیدی دوای ئەوە شۆڕشی ئەیلوول دەستیپێكرد”.

  د.مەحموود عوسمان: بارزانی بەرەنگاری بریمەر دەبووەوە

مەحموود عوسمان، سیاسەتڤانی نزیك لە مەلا مستەفای بارزانی لە سەردەمی شۆرشی ئەیلوولدا، كە پێش 54 ساڵ لەمەوبەر مەسعوود بارزانی ناسیوە، لەبارەی بارزانییەوە دەڵێت “كاك مەسعود سەرەڕای ئەوەی بەهۆی شۆڕشەوە خوێندنی تەواو نەكرد، بەڵام لە تێگەیشتنی كۆمەڵگەی كوردی و كێشەی گەلەكەی قاڵبووەتەوە، ئەزموونێكی زۆری لە باوكی وەرگرتووە، جگە لەو دانوستاندن و گفتوگۆیانەی ئێمە لەگەڵ بەغدا لە ساڵی 1970 ئەنجامماندا، ئەو و كاك ئیدریس رۆڵی باشیان دەبینی”.

“تۆ لەو پێشمەرگانە گرنگتر و گەورەترنیت”

دوای بۆردوومانی بارزان، مەسعود بارزانی لەگەڵ خێزانەكەی دەچنە گوندی بێداروون لە دەڤەری بارزان. ئەو لەو بارەوە دەڵێ “باوكم لەگەڵ هاوڕێیەكانی چوونە دەڤەری بەرواری باڵا، لەوێ خۆیان گرتەوە، ئیدی رۆژ لە دوای رۆژ شۆڕشگێرانی ئەم گەلە پەیوەندییان بە شۆڕشەوە دەكرد، ئێمەش لەگەڵ شێخ بابۆ لەو گوندە ماینەوە، ئەو ماوەیە وەك مام و باوكێكی میهرەبان بوو بۆ ئێمە “.

هەروەك لە پەرتووكی هاوڕێنامەدا تۆماركراوە و بارزانی خۆیشی دەیڵێ، لە تەمەنی 16 ساڵی و بەدیاریكراوی لە رۆژی 20/5/1962 بووەتە پێشمەرگە .بارزانی باسی خۆشترین كاتی خۆی دەكات و دەڵێت ئەوكاتە بووە كە بە پێشمەرگە قبوڵیان كردووە. بارزانی لە كۆڕێكی جەماوەری دەڵێ “20/5/19962 بوومە پێشمەرگە كە تفەنگەكەم وەرگرت برۆنۆیەكی وەست بوو، وامزانی هەموو دونیا ماڵی منە لە خۆم زیاتر خۆشم دەویست، من خزمەتی ئەوم دەكرد، فێری سواریش نەبووم هەر سوار بوومایە دەكەوتم، بۆیە پشتم بە خۆم بەست و هەر بەپێ دەڕۆیشتم، ئەو ماوەیەش كە دەگەڕێم بۆ ریفراندۆم هەست دەكەم لەو كاتە گەنجترم”.

مەسعوود بارزانی، كە گەورەترین پۆستی خۆی لە پێگەی پێشمەرگەدا دەبینێتەوە، لەو بارەوە دەڵێ “یەكەمجار چوومە لای كاك ئیدریس و پرسم پێكرد كە دەبمە پێشمەرگە، چونكە ئەو گەورەی ماڵ بوو، ئەویش هەوڵیدا قەناعەتم پێبكات كە نەڕۆم، لەبەرئەوەی حەزی نەدەكرد لێی دووربكەومەوە، پاشان چووم پرسم بە شێخ بابۆی مامم كرد، ئەویش گوتی دەبێ پرس بە شێخ ئەحمەد بكەم. دواتر جەنابی شێخ ئەحمەد رازیبوو. كاتێك زانیم جەنابی شێخ رازیبووە وامزانی هەموو دونیا موڵكی منە”.

بارزانی لە ناوچەی بێخمە دەگاتە لای باوكی و پێشمەرگەكان، بەڵام لە یەكەم دیداریدا باوكی كۆمەڵێك مەرجی بۆ دادەنێت. مەسعوود بارزانی دەڵێ “باوكم پێیگوتم پێشمەرگایەتی ئاسان نییە، هەندێك ئامۆژگاریت دەكەم ئەگەر بەرگە ناگری بگەڕێوە، ئەو پێشمەرگانەی تۆ دەیانبینی تۆ نە لەوان گرنگتری نە گەورەتری، ئەرك و جلوبەرگ و خواردنت وەكو ئەو پێشمەرگانە دەبێت، بەرپرسی تۆش حاجكە (كە بەرپرسی پاسەوانەكانی مەلا مستەفا بوو)، منیش گوتم هەموو ئەو مەرجانەم قبووڵە، پەیمانبێ جێبەجێیان بكەم”.

مانگی هەنگوینی لە ئەشكەوت بەسەربرد

مەسعوود بارزانی ئاماژە بە خۆشەویستیی خۆی بۆ كچێكی بارزانی دەكات، كە ئامۆزای خۆیەتی و دەڵێ “ژیانی هاوسەریم لە ئەنجامی خۆشەویستی بوو، من تەمەنم 19 ساڵ بوو و زۆر گەنج بووم، ئێمە ماڵمان لە رانیە بوو، ئەویش ماڵی لە بارزان بوو، دایك و باوكم و خۆشم پێمانخۆشبوو هاوسەرگیرییەكە بكەین، چونكە ساڵی 1965 لەنێوان حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی عەبدولڕەحمان عارف و شۆڕش، ئاگربەست هەبوو. رۆژ لە دوای رۆژ دۆخەكە ناخۆشتر دەبوو، ئەوكاتە ئەو رێگایە نوێییانە نەبوون، كولتووری خێزانی ئێمە وابوو هەر كوڕێك ژنبێنێ دەبووایە مۆڵەت لە جەنابی شێخ ئەحمەد وەربگرێت، بۆیە باوكم نامەیەكی بۆ شێخ ئەحمەد و شێخ بابۆ نووسی، ئیدی هاوسەرگیریمان كرد”.

بارزانی بە پێكەنیینەوە باسی مانگی هەنگوینی خۆی دەكات و دەڵێ “دوای 10 رۆژ لە هاوسەرگیرییەكەمان شەڕ دەستیپێكردووە، ئیدی مانگی هەنگوینی ئێمە كەوتە ئەشكەوت و، ئەو گوند و ئەو گوند و ژێر خێوەتان بوو”.

مەسعوود بارزانی باوكی پێنج كوڕ و سێ‌ كچە، زۆر ستایشی هاوژینەكەی دەكات و دەڵێ “لە ژیانی هاوسەریم زۆر بەختەوەرم، خێزانەكەم زۆر ئەرك و ئەزییەتی كێشاوە لەگەڵمدا، ئەوكاتەی سێ ساڵ بەجێمهێشت، ئەوكاتە لە خزمەتی باوكمدا بووم، كە نەخۆشبوو، جار بە جار بە ساڵ و شەش مانگ و حەوت مانگ بەجێمهێشتووە. ئەو ئەركی بەخێوكردنی منداڵەكانی لەئەستۆ بوو، رەنج و زەحمەتی زۆری لەگەڵ كێشاون، بەڵام بۆ یەك رۆژیش گوێم لێنەبووە گلەییەك یان گازاندەیەك بكات”.

 د.نەجمەدین كەریم: عینادی بارزانیم لەسەر گشتپرسی پێخۆشە

نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، كە لە ساڵی 1973 مەسعوود بارزانی لەنێو شۆرشدا ناسیوە. باسی چوونیان بۆ ئەمریكا لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی بۆ (رووداو) دەكات و دەڵێ‌ “لە 19/6/1976 لەگەڵ جەنابی مەلا مستەفا بارزانی، كاك مەسعوود، موحسین دزەیی و كاك سیهاد لەگەڵ نوێنەرێكی شای ئێران چووینە ئەمریكا، ماڵ و منداڵمان بەجێهێشت، بە حیسابی ئەوەی زوو دەگەڕێینەوە، كەچی چەند ساڵێكمان پێچوو. لەو ماوەیەدا من و كاك مەسعوود جگە لەوەی پێشتر پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بووین، وەك براو برادەریش بووین، لەوێ‌ لە خزمەتی جەنابی بارزانیدا بووین، دوایی شای ئێران داوای گەڕانەوەی بارزانی كرد، ئەویش رەتیكردەوە، بەڵام ئێمەی سەرپشككرد لە گەڕانەوە، هەردووكمان رەتمانكردەوە بگەڕێینەوە و بارزانی بە تەنیا بەجێبهڵێین”.

ئارەزووە تایبەتییەكانی بارزانی

نزیكەكانی دەڵێن مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆر حەزی لە وەرزشە، خۆیشی لەو بارەوە دەڵێت “تاوەكو ئەو دواییەش یاری تۆپی پێم دەكرد و زۆرم حەز لێییە، بەڵام ئێستا بەپێی دەرفەت مەلە دەكەم و رۆژانە وەرزش دەكەم، ئەگەر وەرزش نەكەم هەستدەكەم تەندروستیم باش نییە”.

  حەمیدە فەندی: بارزانی لە ژیان و خواردنیش حەزی لە ئیسراف نییە

حەمید ئەفەندی كە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بووە و، پەیوەندییەكی نزیكی لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی، سەرۆكی پارتی و شۆڕشی كوردستان هەبووە و، لەمێژەوە زۆر نزیكبووە لە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بارەی ژیانی تایبەتی بارزانی، بە (رووداو)ی گوت “كاك مەسعوود پیاوێكە حەزی لە ئیسراف نییە، تەنانەت لە خواردنیش ئەوەندە لە قاپەكە دەكات كە دەیخوات، ئەوان بە عائیلە وان، هەرچی لە پێشی دابنێی دەیخوات و رەتیناكاتەوە”.

حەمید ئەفەندی هەروەها دەڵێ “بارزانی مەوعیدی مەزبووتە، كاتی دەوام و پێشوازیكردن لە میوان هەمووی لەكاتی خۆیەتی، رۆژانە چەند كیلۆمەترێك بە پێ دەڕوات، ئێوارانیش لەسەر ئامێرەكانی وەرزشكردن، وەرزش دەكات”.

لە پرۆفایلی بارزانی ئاماژە بەوەكراوە، شارەزایی تەواوی لە زمانی كوردی، عەرەبی و فارسیدا هەیە، هەروەها زمانی ئینگلیزی دەزانێ و قسەی پێدەكات. لەبارەی كتێب خوێندنەوە، بارزانی ئاماژە بەوە دەكات، حەزی لە كتێبی مێژوویی و ئینسكلۆپیدیاییە، هەروەها لەسەر پرسی ئاو، نەوت، ژیاننامەی كەسایەتییەكان دەخوێنێتەوە، كتێب لەسەر كولتوور و داوونەریتی گەلان دەخوێنێتەوە “لە ناخی دەروونمەوە حەزدەكەم كتێبی ئەدەبیش بخوێنمەوە”.

ئەمە جگە لەوەی مەسعوود بارزانی خۆی كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد) كە لە سێ بەرگ پێكهاتووە، نووسیوە.

د.نەجمەدین كەریم دەڵێ‌ “كاك مەسعود حەزی لە كۆكردنەوەی زانیارییە، ئەوكاتەی لە ئەمریكا بووین دەچووینە موزەخانە و شوێنە گشتییەكان، بەبیرم دێت یادی سەت ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریكا لە سانفرانسیسكۆ بووین”.

  بارزانی حەزی لە نووكتە و بە سەرهاتەكانی مەلا مەسعوود بێبەشە

نەجمەدین كەریم باسی هەندێك لە تایبەتمەندییەكانی بارزانی دەكات و دەڵێ “كاك مەسعوود پیاوێكی تایبەتە، لەگەڵ هەموو كەس ناكرێتەوە، ئەوانەی رەفیقین و دەیناسن دەبێ‌ مورتاح بێت ئینجا دەكرێتەوە. بۆ نووكتە و بەسەرهات حەزی لە قسەكانی مەلا مەسعوودی بێبەشە، ئێستاش ناوە ناوە لە كۆبوونەوەكان شتێكی خۆشی مەلا مەسعوود دەگێڕێتەوە”.

لەنێو هەڤاڵەكانیدا لەنێو سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، بارزانی حەزی لە نووكتە و قسەكانی زەعیم عەلی و عەبدولموهەیمین بارزانییە، لەنێو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا لە دوای مام جەلال، حەزی لە نووكتەی سەعدی پیرەیە بەتایبەت نووكتەی “دادوەر و سێ‌ تاوانبارەكە”.

هەرچی حەمید ئەفەندییە باسی دیوێكی دیكەی ژیانی بارزانی دەكات و دەڵێ‌ “سەرەڕای ئەوەی سەرۆك پێشمەرگەیەكی خۆڕاگرە، لە هەمانكاتدا پیاوێكی عاتفییە لەگەڵ كەسوكاری شەهیدان و خەڵكی فەقیر، زۆر عاتفییە لەگەڵ ئەوان. بە خۆشتان بینوتانە كاتێك كەسوكاری شەهیدان یان كەسێكی فەقیر دەبینێ‌، چاوی پڕ ئاو دەبێت و هەندێجاریش بۆیان دەگریێ “.

حەزی لە شیعری جزیری و مەولانا خالیدە

بارزانی حەزی لە شیعرەكانی مەلای جزیری، مەولانا خالید و فەقێ‌ تەیرانە، چونكە شێخ ئەحمەدی مامی حەزی لە شیعرەكانی ئەو كەسایەتیانە بوو، بارزانی دەڵێ “لەبەر خۆشەویستی ئەو منیش حەزم لەو شاعیرانە بوو، زۆر جاران لە خزمەتی بووم و ئەو شیعرانەی دەخوێندنەوە، زۆر كاریگەربووم بە كەسایەتیی شێخ. لەنێو بنەماڵەی ئێمە و خودی عەشیرەتی بارزان تاوەكو شێخ كۆچی دوایی نەكرد نەمانزانی چەندە گەورە و پیرۆزە. ئەو فێری كردین ئایین رەوشتە، خواش پێویستی بە بەندە نییە، بەڵكو بەندە پێویستی بە خوایە، پێوەریش ئەوەیە رەفتاری تۆ لەگەڵ بەندە چۆنە. رەنگە زۆر كەس نەزانن شێخ ئەحمەد تاوەكو كۆچی دواییكرد، دەستی لە پارە نەدا”.

  كیفاح شنگالی: بارزانی حەزی لە شیعر و هۆنراوە و پێداهەڵگوتن نییە

بارزانی رقی لەوەیە بە شیعر ستایشبكرێ‌. كیفاح شنگالی، راوێژكاری راگەیاندن لە نووسینگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەو بارەوە بە (رووداو)ی گوت “بارزانی حەزی لە شیعر و هۆنراوەی پێدا هەڵگوتن نییە، پێشیخۆش نییە. كاتێك كەسێك مەدحی دەكات ئیحراج دەبێ‌ و پێیخۆش نییە. هەر ئەویش رەتیكردەوە هیچ پەیكەرێك بۆ باوكی لە شاری بەغدا دابنرێ”.

مەسعوود بارزانی رۆژی 9/8/2015 پەیامێكی لەسەر دۆخی سیاسی كوردستان بڵاوكردەوە باسی ئەو كەسانە دەكات كە لە ژیان شتیان لێ فێربووە و دەڵی “لە شێخ عەبدولسەلام بارزانی فێری كولتووری پێكەوەژیان و قوربانیدان لەپێناو سەربەخۆیی كوردستان بووین. لە شێخ ئەحمەدی بارزانی فێری ئەوەبووین كە ئایین پێش هەموو شتێك ئەخلاقە و، بیروباوەڕ لە كۆت و زنجیرەكان بەهێزترە. لە مەلا مستەفای بارزانی فێری ژیانی پێشمەرگایەتی و گیانفیدایی بووین. یەكەم شتیش كە دوور لە باوك و بنەماڵەكەمەوە فێریبووم، دایكم فێری كردم كە ئەویش راستگۆیی بوو. لە تەریقەت و، مەولانا شێخ خالیدی نەقشبەندی فێری تەحەممول بووین. لە پارتی و شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان فێری كوردستان یان نەمان بووم، هەروەكو فێربووم بە ئومێدەوە بەرەو ئایندە بچم”.

دوای 5 ساڵ لە پێشمەرگایەتی، بووە پارتی

محەممەد مەلا قادر، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی پارتی لەبارەی بارزانییەوە بە (رووداو)ی گوت “لە كۆنگرەی شەشەم لەساڵی 1964 كاك مەسعوودم بینی كە ئەوكات وەك میوان بەشداری كۆنگرەی كردبوو، لەگەڵ ئیدریسی برای دەتگوت جمكبوون، هەردەم بەیەكەوەبوون و زۆر سیفەتی هاوبەشیان هەبوون”.

بارزانی دوای پێنج ساڵ لە پەیوەندیكردن بە شۆڕشی ئەیلوولەوە، لە ساڵی 1967 دەبێتە ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان ، دواتر لە دانوستاندنەكانی نێوان سەركردایەتی شۆڕش و حكومەتی عێراق لە ساڵی 1970 بەشداری دەكات، لەكاتی خوێندنەوەی رێككەوتننامەی 11ـی ئاداری 1970 ، مەسعوود بارزانی و ئیدریس لە پاڵ سەركردەكانی پارتی و حكومەتی عێراق، لە بەغدا وەستابوون.

سەرۆكی پارتی



دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول لە ئەنجامی رێككەوتننامەی جەزائیر لەنێوان شای ئێران و حكومەتی عێراق لەساڵی 1975، لەسەر رێنمایی مەلا مستەفای باوكی، مەسعوود بارزانی لەگەڵ ئیدریس بارزانی برای سەركردایەتییەكی كاتیان دروستكرد، شۆڕشی تازە لە 26ی گوڵانی 1976 دەستپێكرد، كە لە ئەدەبیاتی پارتیدا بە شۆڕشی گوڵان ناسراوە.

مەسعوود بارزانی لە 1/8/1979 لە هەوڵێكی كوشتن لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا رزگاربوو، كە هەوڵەكە پلانێكی دەزگای سیخوڕی عێراق بوو.

لەساڵی 1976 تاوەكو 1979 مەسعوود بارزانی، بەهۆی نەخۆشی باوكی لە ئەمریكا ژیا. دوای رووخانی رژێمی شای ئێران، گەڕایەوە ئێران، تاوەكو ئامادەكاری بۆ هاتنەوەی باوكی لە ئەمریكاوە بۆ ئێران بكات، بەڵام ئەو رۆژەی كە مەسعوود بارزانی گەیشتەوە ئێران، لە 1/3/1979 مەلا مستەفا بارزانی لە واشنتن كۆچی دواییكرد.

كۆنگرەی نۆیەمی پارتی لە گوندی زێوەی دەڤەری مەرگەوەڕ لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە رۆژی 4/10/1979 بەسترا، تێیدا بە تێكڕای دەنگ مەسعوود بارزانی بە سەرۆكی تازەی پارتی هەڵبژێردرا و تائێستا لەهەموو كۆنگرەكانی پارتیدا هەڵبژێردراوەتەوە.

“كاك ئیدریسم لە خۆم زیاتر خۆشدەویست”



ئیدریس بارزانی برای مەسعوود بارزانی، كە هاوكار و پاڵپشتی بووە لە وەرگرتنی سەرۆكایەتی پارتیدا و، هەستانەوەی پارتی دوای دروستبوونی هێزی دیكەی سیاسی و چەكداری لە باشووری كوردستان، سەرەڕای ئەوەی دوو ساڵ لە ئیدریس بارزانی بچووكتر بوو، هەروەها دایكیشیان جیابوو، بەڵام یەكدیان زۆر خۆشویستووە. وەك مەسعوود بارزانی باسیدەكات “زۆر بە كەسایەتی كاك ئیدریس كاریگەر بووم، چونكە ئەو برا گەورەمان بوو، هەروەها شوێنی باوكی بۆ گرتینەوە، كاك ئیدریس تاكە كەسە لە خۆم زیاتر خۆشمویستووە”.

 محەممەدی مەلا قادر: لەگەڵ ئیدریسی برای دەتگوت جمكن

محەممەدی مەلا قادر دەڵی “كاتێك لەگەڵ كاك عەلی عەبدوڵڵا چووینە پرسەی كاك ئیدریسی رەحمەتی، حەمائیل خانی دایكی كاك مەسعوودمان بینی زۆر بە وەفاتی كاك ئیدریس بێ‌ تاقەت ببوو، دەیگوت راستە كوڕی حەقیقی من نەبووە، بەڵام خۆم بەخێوم كردووە و خۆم شیریم داوەتێ‌، بۆ من هیچ فەرقی نییە لەگەڵ مەسعوود”.

سەددام حوسێن چایەكەی بەردەمی لەگەڵ ئاڵوگۆڕ كرد
مەسعوود بارزانی لە دوای پێكهێنانی بەرەی كوردستانی لە ساڵی 1988 بە سەرۆكی ئەو بەرەیە لە نێوخۆی كوردستان هەڵبژێردرا، جەلال تاڵەبانیش بە سەرۆكی بەرەی كوردستانی بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانی بۆ كورد لە دەرەوە هەڵبژێردرا، مەسعوود بارزانی بە هاوكاری سەركردەی كۆچكردوو نەوشیروان مستەفا، پلانی راپەرینی خەڵكی كوردستانیان لە دژی بەعس داڕشت و سەرپەرشتی جێبەجێكردنیان كرد .

دوای دەستپێكردنەوەی دانوستاندنی نێوان بەرەی كوردستانی و رژێمی بەعس لەساڵی 1991. سەدام حوسێن، سەرۆكی ئەوكاتی عێراق، سووربوو لەسەر ئەوەی بارزانی بچێتە بەغدا، بۆیە لە مانگی نیسانی 1991 بارزانی بە سەرۆكایەتی شاندێكی بەرەی كوردستانی و ئەندامێتی نەوشیروان مستەفا و سامی عەبدولڕەحمان و ژمارەیەك سەركردەی حیزبەكان سەردانی بەغدا دەكات و لەگەڵ سەددام حوسێن كۆدەبێتەوە.

بارزانی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (عوكاز)ی سعودی كە مانگی رابردوو بڵاوكرایەوە، باسی یەكەم دیداری خۆی و سەددام حوسێن دەكات، دوای ئەنفالكردنی هەشت هەزار بارزانی و 37 ئەندامی خێزانەكەی و 182 هەزار ئەنفالكراوی كوردستان، بەوە تووشی ئیحراجی بووە، هەر بۆیە كاتێك سەددامی بینیوە بۆ ماوەی پێنج خولەك خەریكبووە دڵی بوەستێ‌. سەددام یەكەمجار هەوڵیداوە ماچی بكات، بەڵام ئەو بەدڵی نەبووە و بە سەرۆكی ئەوكاتی عێراقی گوتووە “دەزانی من لە دەریایەك خوێن مەلەم كردووە تاوەكو گەیشتوومەتە ئێرە، ئەگەر چارەسەرێك بۆ كێشەی كورد هەبێت من ئامادەم، سەددامیش گوتی دەزانم بڕیارێكی قورستداوە”.

بۆیە كاتێك خزمەتگوزارەكە چا بۆ سەددام حوسێن و مەسعود بارزانی دادەنێ‌، راستەوخۆ سەددام بۆ دڵنیاكردنی بارزانی كە چایەكە ژەهری تێدا نییە، چایەكەی خۆی و ئەوی ئاڵوگۆڕ كرد.

پێداگیری لەسەر سەربەخۆیی

دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس لە عێراق، بارزانی وەك یەكێك لەو 25 كاراكتەرە سیاسییەی عێراق دادەنرێت كە لەگەڵ چوار سەركردەی دیكەی كورد، نوێنەرایەتیی كوردیان لە ئەنجوومەنی حوكم بە سەرۆكایەتی پۆڵ برێمەر، حاكمی مەدەنی ئەمریكی لە عێراق كرد. بارزانی بۆ ماوەی یەك مانگ خولێكی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنەكەی كرد، لەسەر فیدراڵی و هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە ناكۆكی تووند لە نێوان نوێنەرانی كورد و بە تایبەتی بارزانی لەگەڵ برێمەر هەبووە، حاكمی ئەوكاتی عێراق لە یاداشتەكانی بۆچوونی خۆی وا لەسەر بارزانی دەربڕیبوو كە ئەو پێیوایە كورد لە سەرووی رەگەزەكانەوەیەوە، مادام كورد قوربانی زۆریانداوە، دەبێ‌ مافی زیاتر وەربگرن.

رۆژنامەڤانێكی عەرەب پرسیاری لە بارزانی كردووە كەی واز لەو عینادییە دەهێنی، بارزانی بە پێكەنینەوە وەڵامیداوەتەوە كە ئەو پێیوایە “كەسێكی ئاسان و نەرمە، بەڵام مرۆڤ دەبێ‌ رێز لە قسە و بەڵێنەكانی خۆی بگرێت‌، هەر بابەتێك پەیوەستبێ بە كێشەی گەلەكەمەوە، بێگومان عینادم دەبێ‌ و ئامادەنیم سرووشتی خۆم بگۆڕم‌”.

مەحموود عوسمان پێیوایە بارزانی پیاوێكی عیناد نییە و دەڵێ‌ “پۆڵ بریمەر لەگەڵ مافی كورد نەبوو، كاك مەسعوودیش برێمەری بە عونسرێكی خراپ دەزانی، بۆیە بەرەنگاری یەكدی دەبوونەوە، ئێمە خاوەنی كێشەی گەلێكین ئەگەر ئەوان سازشنەكردنیان بە عینادی دانابێت، فیعلەن كاك مەسعوود عیناد بووە”.

حەمید ئەفەندی دەڵی “سەرۆك لە گفتوگۆكردن هێمن و زۆر بەڕێزە و لەسەر شتە ئەساسییەكان عینادە، لە دانوستاندن ئەوەی لە بەرژەوەندیی میللەتبێ ئامادەیە نەرمی لەسەر بنوێنێ‌، بەڵام لەسەر مافی میللەتەكەی لە سەر یەك شت تەنازول ناكات”.

نەجمەدین كەریم سەبارەت بە پێناسەكردنی بارزانی لەلایەن نەیار و كەسانی دیكە بە “سەرۆكێكی عیناد”، دەڵی “كاك مەسعوود ئەزموونی زۆرە و زانیاری هەیە دەزانێ چۆن بڕیار دەدات، بۆ نموونە لەسەر بابەتی ریفراندۆم، ئەو عینادی و سووربوونەی ئەوم زۆر پێخۆش و باشە، چونكە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە”.

بارزانی پەشیمانە

دوای دەركردنی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2005ـی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، مەسعوود بارزانی لە 12/5/2005 وەك یەكەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا و سوێندی یاسایی خوارد.

دوای ئەوەی رەخنەیەكی زۆر لەلایەن هەندێ حیزب و گرووپەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە گیرا، لە هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە 25/7/2009، مەسعوود بارزانی توانی یەك ملیۆن و 266 هەزار و 397 دەنگ (رێژەی 69.60%ی دەنگەكان) بەدەستبێنێت و جارێكی دیكە بە سەرۆك هەڵبژێردرایەوە، لە 20/8/2009 سوێندی یاسایی خوارد.

دوای رێككەوتنی نێوان مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی، ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە 30 حوزەیرانی 2013 ماوەی سەرۆكایەتی بارزانی بۆ دوو ساڵ لە پەرلەمانی كوردستان درێژكرایەوە، دواتر شاندێكی هاوبەشی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی داوایانكرد یاساكە واژۆ بكات، بەڵام بارزانی یاساكەی نە رەتكردەوە، نە واژۆی لەسەركرد.

بارزانی چەند جارێك وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆشكی سپی لە واشنتن پێشوازی لێكراوە، یەكەمجار لە 25/10/2005 كە جۆرج بووشی كوڕ، سەرۆكی ئەمریكا بوو بارزانی بەجلوبەرگی كوردییەوە چووە كۆشكی سپی و پێشوازی لێكرا.

دوای نەگەیشتنە ئەنجامی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و، نزیكبوونەوەی كۆتایی وادەی ویلایەتی مەسعوود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە 20/8/2015، ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی كوردستان لە رۆژی 17/8/2015 بڕیارێكی دەركرد بەوەی بارزانی بە هەموو دەسەڵاتەكانییەوە تاوەكو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێت، لە كارەكانی بەردەوام بێت.

ئەم بڕیارە كاردانەوە جۆراوجۆری بە پشتگیری و رەتكردنەوەی لایەنەكانی باشووری كوردستانی لێكەوتەوە، بەڵام كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ بارزانی دەكات.

بارزانی لە چەندین كۆبوونەوەی جەماوەری و چاوپێكەوتنی رۆژنامەڤانی، وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە “گەورەترین هەڵە”ی ژیانی خۆی وەسفدەكات و دەڵێ‌ “نەدەبوو قبووڵ بكەم ئەو ئەركە وەربگرم”.

س: رووداو

Back to top button