بارزانی: ریفراندۆم دواناخرێت و له‌واده‌ی خۆی دا ئه‌نجام ده‌درێت

مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مرۆ له‌سه‌ردانێكی دا بۆ شاری كه‌ركووك و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ل ته‌واوی چین و توێژه‌كان و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیه‌كانی ئه‌و شاره‌ی رایده‌گه‌ێنێت، كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ریفراندۆم دواناخرێت، رایگه‌یاند رێگاش ناده‌ین ئاشتی و ئارامی شاری كه‌ركووك، تێكبدرێت”.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، سه‌باره‌ت به‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی رایگه‌یاند، ریفراندۆم دواناخرێت و له‌ كاتی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت. سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسان و نوێنه‌رانی پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی شاره‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌ “رێگه‌ به‌ هیچ كه‌سێك ناده‌ین ئاسایش و ئارامی كه‌ركووك بشێوێنێ، ئێمه‌ رێز له‌ هه‌موو ئه‌و بۆچوونانه‌ ده‌گرین كه‌ له‌گه‌ڵ ریفراندۆمدا نیین، به‌ڵام ده‌بێت رێزی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی پارێزگاكه‌ش بگیرێت كه‌ ریفراندۆمیان ده‌وێت و كه‌ركووك هه‌میشه‌ وه‌ك نموونه‌ی شاری ئاشتی و برایه‌تی و پێكه‌وه‌ ژیان ده‌مێنێته‌وه‌”.

هه‌ره‌وه‌ها گوتوویه‌تی: “گوێ به‌و هه‌ڕه‌شه‌ بێبایه‌خانه‌ ناده‌ین باسی درووستبوونی شه‌ڕ ده‌كه‌ن، هه‌ر كه‌سێكیش هه‌وڵی شێواندنی ئارامی هه‌رێمی كوردستان بدات، مافی ئه‌وه‌مان ده‌بێت به‌رگریی له‌ خۆمان بكه‌ین، خه‌ڵكی كه‌ركووك خۆیان بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆیان ده‌ده‌ن و رێگه‌ ناده‌ین كه‌س رێگریی له‌ دیاریكردنی چاره‌نووسیان بكات، پێویسته‌ رێزی ئه‌و خواسته‌ بگیرێت، ریفراندۆمیش بڕیاری خه‌ڵكی كوردستانه‌ نه‌ك بڕیارێكی تاكه‌كه‌سی”.

سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌ریمی كوردستان بۆ كه‌ركووك، له‌ كاتێكدایه‌ كه‌، ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كه‌متر له‌ دوو هه‌فته‌ی ماوه‌و بڕیاره‌ له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ریشی ئه‌نجام بدرێت، هه‌روه‌ها له‌ سه‌روبه‌ندی ده‌ستپێكردنی ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شارۆچكه‌ی حه‌ویجه‌ و ناحیه‌ و گونده‌كانی ده‌وروبه‌رێتی، كه‌ له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌ حكومه‌تی عێراقی پلانی بۆ داڕشتووه‌و ئاماده‌كاریی سه‌ربازیی بۆ ده‌كات‌.

 

هه‌روه‌ها پاش ئه‌وه‌ دێت كه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك بڕیاریدا كه ریفراندۆم له‌ پارێزگاكه‌كه‌دا بكرێت، ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی نیگه‌رانی به‌رپرسانی عێراقی و له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندین لێدوانی هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزیان له‌ كه‌ركووك و هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، له‌و چوارچیوه‌یه‌شدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانیدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ “كوردستان بێ كه‌ركووك جه‌سته‌یه‌كی بێ دڵه‌ و هه‌ر هێز و لایه‌نێك بیه‌وێت به‌ زۆر خۆی بسه‌پێنی و كه‌ركووك له‌ كوردستان داببڕێت، گه‌لی كوردستان تا دوایین كه‌س به‌رنگاری ده‌بێته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش چه‌ندین جار جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ “كه‌ركووك ناسنامه‌ی كوردستانییه‌، به‌ڵام شاری هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كانه‌ و شوێنێكه‌ بۆ پێكه‌وه‌ ژیان و سیمبولی برایه‌تییه‌”.

Back to top button