سەرۆك بارزانی: هەموو پێكهاتەكان بەشدار دەبن لە نووسینەوەی دەستووری دەوڵەتی كوردستان
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەیدا، لەگەڵ پارێزگاری كەركووك و نوێنەری تەواوی پێكهاتە نەتەوەییەكانی شارەكە رایگەیاند، بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم دوای ئەوە هات، كە هەموو رێگەیەك تاقیكرایەوه بەڵام تەواوی هەوڵەكان بێسوود بوون.
هەروەها رایگەیاند، ریفراندۆم بۆ ئەوەیە رێگە لە كێشە و ئاڵۆزی دیكەی زیاتر بگرێت لە ناوچەكە، نەك بە پێچەوانەوە.
دووپاتیشیكردەوە، پێویستە كەركووك وەكو نموونەیەكی پێكەوەژیان نێوان پێكهاتە نەتەوەییەكان بمێنێتەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، بارزانی روونیكردەوە، كەركووك هەمیشە پارێزراو دەبێت و پێشمەرگە دەیپارێزێت.
سەبارەت بە دواخستنی پرۆسەی ریفراندۆمیش، بارزانی جەختی كردەوە، هیچ حیكمەتێك لە دواخستنی ریفراندۆمدا نییە و لەكاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت.
هەروەها روونیشیكردەوە، دوای ریفراندۆم، گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەستپێدەكەنەوە.
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەش كرد، ئەگەر ماددەی 140ی دەستوور جێبەجێ كرابا، كێشەكان چارەسەر دەبوون و گوتی: “نیەتی شەڕكردنمان نییە بەڵام مافی بەرگری كردنمان هەیە”.
هەروەها جەختی لەوەش كردەوە، ئەوەی شەڕ هەڵدەگیرسێنێت، دەبێت چاوەڕوانی وەڵامەكەشی بكات.
بارزانی ئاماژەی بە دەستووری عێراقیش كرد و رایگەیاند، لە دەستووردا عێراقی یەكپارچە پەیوەیستە بە جێبەجێكردنی دەستوورەوە و پێكەوەژیانیش ئارەزوومەندانەیە.
بارزانی روونیشیكردەوە، هەندێكجار گوێبیستی هەڕەشەی منداڵانە دەبێت و گوتی: “هەرچەندە گوێ بەو هەڕەشانە نادەین و ئامۆژگارییان دەكەین با سەیری ئەوانەی پێش خۆیان بكەن، لە شەڕدا چییان دەست كەوت”.
هەروەها گوتی: “كەركووك و كەركووكییەكان بڕیاری خۆیان دەدەن و هیچ كەسێك ناتوانێت خۆی بەسەر كەركووك و پێكهاتە نەتەوەییەكانیدا بسەپێنێت”.