وتەبێژی هۆزه‌ عەرەبەكانی نه‌ینه‌وا بەهەموو شێوەیەک لەگەڵ سازدانی ریفراندۆمین

 

مزاحم حوییت وته‌بێژی هۆزه‌كانی نه‌ینه‌وا، پشتگیری هۆزه‌كانی بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ ناوچه‌ عه‌ره‌بنشینه‌كانی سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا راگه‌یاند.
مزاحم حوییت له‌لێدوانێكدا رونیكردۆته‌وه‌، هۆزه‌كانی نه‌ینه‌وا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان، سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچانه‌ی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكراونه‌ته‌وه‌، بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ عه‌ره‌بنشینه‌كان ده‌مێننه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی قوربانی زۆریان بۆ رزگاركردنی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ توندڕه‌ویی و سته‌می داعش، داوه‌.
وتیشی “باشترین بژارده‌ بۆ ناوچه‌ عه‌ره‌بنشینه‌كانی نه‌ینه‌وا، ئه‌وه‌یه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌تیش له‌ میانی ساڵانی رابردوودا، دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ روبه‌ڕوی په‌راوێزخستن و تایفه‌گه‌ری بوونه‌ته‌وه‌ و له‌ ئێستاشدا حه‌شدی شه‌عبی هاتووه‌ته‌ سنوری نه‌ینه‌وا”.
وته‌بێژی هۆزه‌كانی نه‌ینه‌وا رونیكردۆته‌وه‌ له‌ ئێستادا ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ ناوچه‌ عه‌ره‌بنشینه‌كان به‌رده‌وامن كه‌ هه‌رێمی كوردستان بڕیاریداوه‌ له‌ 25ی ئه‌م مانگه‌ بۆ جیابوونه‌ له‌ عیراق ئه‌نجامی بدات. ده‌شڵێت “دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ به‌شداریكردنیان له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌كه‌ ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌”.
Back to top button