تەنها بۆ کەرکوکیەکان
مەسعود مەلا پەروێز
ئەگەر ڕیفراندۆم بۆ هەرێمی کوردستان تەحەدایەک بێت ، ئەوە بۆ ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دوو تەحەدایە ، بە تایبەتی بۆ کەرکوکیەکان تەحەدایەکی گەورەیە ، کەرکوک ئەو شارەی کە لە سەرەتای دروستبوونی حکومەتی عێڕاقەوە تەعریب دەکرێت و کوردی لێ دەردەکرێت و لە جێی ئەو خەڵکی عارەبی هاوردەی لێ نیشتەجێ دەکرا ، ئەو شارەی هەموو گوندەکانی ڕوخێنرا و خەڵکەکەی ئەنفال کرا ، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی کەرکوک خۆی بڕیار لەسەر چارەنووس و داهاتووی شارەکەی خۆیان بدەن ، بڕیارێک کە خەونی سەدان ساڵەی باو باپیرانمان دەهێنێتە دی و دەبێتە هۆی ئەوەی نەوەی داهاتوو دوور لە ترس و ئاوارەبوون بژیت کە ئەویش تەنها بە دەنگدانی بەڵێ فەراهەم دەکرێت ، بۆیە ئەرکی کەرکوکیەکان زۆر قورسترە دەبێ شان بدەنە بەر ئەو ئەرکە و بڕوا بە نەتەوە و ئاینە جیاوازەکانی کەرکوک بهێنن کە پێکەوە ژیانمان لە ژێر چەتری کۆماری فیدراڵی و دیموکراتی کوردستان زۆر باشتر دەبێت لە ژیانێک کە لە نێو عێڕاقێکی هەڵوەشاو و بە زۆر لکێنراو بەیەکەوە بەسەربەری ، سەد ساڵە لە عێڕاق دەژین ، لە چەرمەسەری و شەڕ و ڕاونان و دێ ڕوخاندن و یەکتر کوشتن و یەکتر قبوڵ نەکردن لە نێوان نەتەوەکان و ئاین و مەزهەبە جیاوازەکان هیچمان نەدیت ، ئەگەر بمانەوێت وەک وڵاتانی تر بە شارستانی بژین دەبێ یەکتر قبوڵ بکەین و سوود و سامان و داهاتی کەرکوک بۆ گشت خەڵکی کەرکوک تەرخان بکەین بەبێ جیاوازی خۆش گوزەرانی و دڵنیایی بۆ گشت نەتەوە جیاوازەکان فەراهەم بکەین ئەمەش تەنها لە کاتێکدا دێتە دی کە کەرکوک و کەرکوکیەکان هەموو پێکەوە و بێ جیاوازی بۆ قازانجی شارەکەیان بڵێن بەڵێ