بارزانی: ئه‌گه‌ر به‌دیلێكی به‌هێز بۆ سه‌ربه‌خۆی كوردستان نه‌بێت ئێمه‌ 25ی 9 ده‌نگ خۆمان ده‌ده‌ین

مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌كه‌رنه‌ڤاڵی گه‌وره‌ی پشگیری سه‌ربه‌خۆی كوردستان له‌ شاری زاخۆدا رایده‌گه‌ێنێت”ریفراندۆم بڕیاری خه‌ڵكی كوردستانه‌ و رۆژی 25/9/2017 خه‌ڵكی كوردستان ده‌چن چاره‌نووسی خۆیان دیاری ده‌كه‌ن”.

هه‌ر له‌ وتاره‌كه‌ی دا مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكه‌ی هه‌رێمی كوردستان، له‌ یاریگای زاخۆی راشی گه‌یاند”به‌هۆی نه‌مانی هاوسه‌نگی و شه‌راكه‌ت و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ بیدعه‌یه‌كی سیاسی له‌ دوێنێشه‌وه‌ دوو نموونه‌ی ره‌شمان بینی و 10 ساڵ بوو خه‌ریك بووین تا یاسایه‌‌ك بۆ پێشمه‌رگه‌ دابنرێت و چه‌ك و بوودجه‌یان بۆ دیاریبكرێت، به‌ڵام نه‌یانكرد و به‌ دوو رۆژ یاسایان بۆ حه‌شدی شه‌عبی ده‌ركرد و پاره‌و چه‌كێ زۆریان خسته‌ به‌رده‌ستیان، ئه‌وه‌یه‌ زۆرینه‌ی سیاسی، هه‌روه‌ها گوتیشی” دوێنێش به‌ زۆرینه‌ی سیاسی ریفراندۆمیان ره‌تكرده‌وه‌و ئه‌مرۆش بڕیاری لادانی پارێزگاری كه‌ركووكیان ده‌ركرد، ئه‌وه‌یه‌ زۆرینه‌ی سیاسی و له‌ ده‌ستیان بێت هه‌رچی ده‌ستكه‌وتی كوردستانه‌ لێیمان ده‌سێننه‌وه‌”.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گووتی: “ریفراندۆم بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چاره‌نووسی خۆمان دیاری بكه‌ین و چیتر له‌ سایكس – پیكۆ و لۆزان و په‌یماننامه‌كاندا چاره‌نووسی ئێمه‌ دیاری ناكرێت و خۆمان چاره‌نووسی خۆمان دیاری ده‌كه‌ین،هه‌روه‌ها گووتی “چۆن ئێمه‌ پێشتر ئه‌نفال و كیمیابارانكراین، ئه‌و رۆژه‌یش بڕیاری بڕینی مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستانیان ده‌ركرد ئه‌نفالێكی دیكه‌یان به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی كوردستان ئه‌نجامدا”.

بارزانی باسی كۆبوونه‌وه‌كه‌یانی له‌گه‌ڵ، برێت مەکگۆرک نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا و یان کۆبیچ نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دۆگلاس سلێمان باڵیۆزی ئەمەریکا لەعێراق و فرانک بەیکر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و شاندێکی یاوەریان كردوو گووتی:” ئه‌وان هاتبوون پێشنیاری خۆیان هه‌بوو، گوێمان لێگرتن، ئێمه‌ش بۆچوون و هه‌ڵوێستی خۆمان هه‌بوو باسمانكرد، ئه‌وان ده‌ڵێن، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ مافی گه‌لی كوردستانداین و به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ روونه‌دات كاته‌كه‌ به‌ گونجاو نازانین، ئێمه‌ش گوتوومانه‌ به‌دیلێكی باشتر نه‌بێت گه‌لی كوردستان رازی بكات، ئێمه‌ ریفراندۆم ده‌كه‌ین و چی ده‌بێت با ببێت، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشیش هاتوونه‌ته‌ سه‌ر هێڵ، خۆ ئه‌گه‌ر به‌دیلێكی باشتر هه‌بێت، ئه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی دیراسه‌ی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئامانجیان دواخستنی ریفراندۆم بێت، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك دوایناخه‌ین”.

هه‌روه‌ها گووتی “هه‌موو باجێك بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌ده‌ین و ده‌بێت خۆمان داوای مافی خۆمان بكه‌ین و ئاماده‌ین بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك، گومانتان نه‌بێت هه‌ر رۆژێك ئه‌و گرووپه‌ی ئێستا حوكم ده‌كه‌ن هه‌ر رۆژێك ده‌ستیان بڕوات ناهێڵن هیچ له‌ ده‌ستی كوردا بمێنێته‌وه‌”.

Back to top button