هۆشیار زێباری: بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق پرسی ڕیفراندۆم بەهێزتر دەكات
دوای ئەوەی كە لە چەند رۆژی رابردوو پەرلەمانی عێراق دوو بڕیاری دژ بە كوردی پەسەند كرد لە رێگەی زۆرینە كە پێچەوانەی مەبدەئی پێكەوەی و شەراكەتە لەو بارەیەوە, ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند، لە دەسەڵاتی پەرلەمانی عێراقدا نییە، پارێزگاری كەركووك لە پۆستەكەی لابدات.
ئاژانسی (ڕۆیتەرز)ی ئەمریكی، لە زاری هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتییەوە بڵاوی كردەوە، نەجمەدین كەریم بە هەڵبژاردن لە پۆستەكەی دایە و ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، تاكە دەستەیە كە بتوانێت بڕیاری لەكارلادانی بدات.
هاوكات جەختی لەوە كردووەتەوە كە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق هیچ ئەنجامێكی نابێت، بەڵكوو پرسی ڕیفراندۆم بەهێزتر دەكات.
ئەمڕۆ لەسەر پێشنیازی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، پەرلەمانی عێراق بڕیاری لەكار لادانی نەجمەدین كەریمی دەركرد. دواتریش گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بڕیارەكەی ڕەت كردەوە و ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو بڕیارە نەبوونی شەراكەت لە عێراق دووپات دەكاتەوە.