بە ڤیدیۆ.. لەپەرلەمانی كوردستان بەچوار زمان داوای سازدانی ڕیفراندۆم دەكرێت

دوای كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان, ئەمڕۆ یاسای سازدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری كوردستان پەسەند كرا لە میانەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان نوێنەرانی پێكهاتە نەتەوەییەكانی كوردستان، وەكو نوێنەری ئەرمەنی و گەلی كلدۆ ئاشووری و پێكهاتەی توركمان، لە دانیشتنی نائاسایی ئەمڕۆی پەرلەمان، بە زمانی خۆیان پیرۆزبایی كاراكردنەوەی پەرلەمانییان كرد, داوای سازدانی ڕیفراندۆمیان كرد.

یروانت نیسان ماركۆس بەترۆس، نوێنەری ئەرمەنەكانی كوردستان لە پەرلەمان، بەزمانی ئەرمەنی پیرۆزبایی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كرد و هیوای سەركەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی خواست.

لە بارەی هۆكاری ئاراستەكردنی ئەو پیرۆزباییە بە زمانی ئەرمەنی، كە بۆ یەكەمجارە لە پەرلەمانی كوردستان ئەو زمانە قسەی پێ بكرێت، رایگەیاند، كوردستان بەرەو دەوڵەتێكی مەدەنی و فیدرالی هەنگاو دەنێت بۆیە حەزم كرد بە زمانی ئەرمەنی ئەو پرۆزباییە ئاراستە بكەم.

هەروەها وەحیدە یاقۆ، لە فراكسیۆنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری، بە هەمان شێوە، بە زمانی سریانی پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی پێكهاتە نەتەوەییەكانی كوردستان كرد.

هەریەك لە محەمەد سەعدەدین و مونا قەهوەچی، لە پێكهاتەی توركمانەكان، ئاماژەیان بەوە كرد، ئەزموونی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان وایكردووە پاڵپشتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بكەین و بەرەو دەوڵەتێكی مەدەنی، كە جێگەی هەموو پێكهاتەكانی تێدا دەبێتەوە، هەنگاو دەنێین.

شێخ شامۆ، نوێنەری ئێزدییەكانیش پاڵپشتی خۆی بۆ سەربەخۆیی كوردستان راگەیاند و ئاماژەی بەوەشكرد، ئەزموونێكی تاڵمان لەگەڵ عێراق هەیە و تەنها بە ریفراندۆم مافەكانمان زامن دەبێت.

هەروەها گوتی: “ریفراندۆم كلیلی چارەسەری ئێش و ژانی ئێمەیە”.

Back to top button