حكومەتی هەرێمی كوردستان: بڕیاری لادانی پارێزگاری كەركووك مایەی قبوڵكردن نییە

دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق دور لە عورفی یاسایی و مەبدەئی شەراكەت لە عێراق لە رێگای زۆرینەو كەمینەی پەرلەمانی بریاری لە كارلادانی پارێزگاری كەركووكی دەركرد لە بەیاننامەیەكدا حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بڕیاری لادانی پارێزگاری كەركووك قبوڵ ناكات.
لە بەیاننامەكەی حكومەتی هەرێمدا هاتووە:” بڕیاری نابەرپرسانەی پەرلەمانی عیراق به لادانی بەڕێز پارێزگاری كەركوك له پۆستەكەی، لای حكوومەتی هەرێمی كوردستان مایه قبووڵكردن نییه و به هەموو شێوەیەك له هاوكاری و پشتگیریكردنی بەڕێز پارێزگاری كەركووك كه لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوه هەڵبژێردراوه بەردەوام دەبین و وەك پارێزگاری شەرعیی كەركووك مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین”

 

دەقی بەیاننامەكە

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری لادانی پارێزگاری كەركووك قبووڵ ناكات

له پەیامێكدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیری بۆ بەڕێز د. نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك دووپات كردەوه و ڕایگەیاند كه بڕیاری پەرلەمانی عیراق بۆ لادانی قبووڵ ناكات. ئەمه دەقی پەیامەكەیە:

بڕیاری نابەرپرسانەی پەرلەمانی عیراق به لادانی بەڕێز پارێزگاری كەركوك له پۆستەكەی، لای حكوومەتی هەرێمی كوردستان مایه قبووڵكردن نییه و به هەموو شێوەیەك له هاوكاری و پشتگیریكردنی بەڕێز پارێزگاری كەركووك كه لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوه هەڵبژێردراوه بەردەوام دەبین و وەك پارێزگاری شەرعیی كەركووك مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین.

بەڕێز پارێزگار كه له بەڕێوەبردن و پێشخستن و دابینكردنی ئارامی و سەقامگیری و پتەوكردنی پێكەوژیان و ئاشتەوییی نێوان پێكهاته نەتەوەیی و ئایینییەكانی كەركووكدا ڕۆڵێكی دیار و بەرچاوی هەیه و پارێزگاری له مافەكانی هەموو پێكهاتەكان كردووە، دەبووایه لەلایەن پەرلەمان و لایەنه بەرپرسەكانی دیكەی عیراقەوه دەستخۆشی و پشتگیری لێ بكرێت، نەك بڕیاری لادان و دوورخستنەوەی بدرێت.

له كاتێكدا عیراق به دۆخێكی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، له جیاتی ئەوەی هەوڵ بدات گرژییەكان خاو بكاتەوە، كەچی به بڕیارێكی ئاوا، ناكۆكییەكان قووڵتر دەكاتەوە. ئەم بڕیارەی پەرلەمانی عیراق كه هەر لەسەر كاغەز دەمێنێتەوە، نیشاندەری ئەو ڕاستییەیه كه له عیراق لۆژیكی هێزی زۆرینه كۆتایی نەهاتووه و پێناچێت كۆتایی بێت، ‌هەروەها ئەوەش دەسەلمێنێت كه ترس و نیگەرانییەكانی گەلی كوردستان له جێی خۆیدان و مافی ڕەوای خۆیەتی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان

15/9/2017

Back to top button