سبەی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەسەر لادانی فوئاد مەعسوم دەكات
دوای بڕیاری لادانی پارێزگاری كەركووك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دور لە مەبدەئی شەڕاكەت پەسەند كرا, پەرلەمانتارێكی كورد ئاشكرای كرد كە پەرلەمانی عێراق بە نیازە لە دانیشتنی سبەینێ شەممەدا، گفتوگۆ لەسەر لادانی فوئاد مەعسوم سەركۆماری عێراق بكات، ئەویش بەتۆمەتی (شكاندنی سوێندی یاسایی)، گوایە بەرگری لە یەكێتی خاكی عێراق نەكردووە.
ئەشواق جاف پەرلەمانتاری عێراق لە لیستی پارتی رایگەیاند “لەبەرئەوەی مادەی 61ی دەستوور ڕێگە بە پەرلەمان نادات سەركۆمار لابدات، پەرلەمان بەنیازە پرسی لادانی مەعسوم رەوانەی دادگای فیدڕاڵی بكات”.
جاف گوتیشی “ئەمەش لە كاتێكدایە كە خودی خستنە بەر باسی لەسەر كار لادانی سەركۆمار لەنێو بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمانەوە، كارێكی نەگونجاوە بەرامبەر سەركۆمار”.
ئەو پەرلەمانتارە كوردە پێیوایە بۆ هەنگاوەكانی دواتر، رەنگە متمانە وەرگرتنەوە لە پەرلەمانتارانی كوردیش بخرێتە بەر باسەوە، چونكە وەك ئەو گوتی “هەموو ئەمانە بەرامبەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دەكرێن و ئێمەش پشتگیری لە ڕیفراندۆم دەكەین”.
ئەشواق جاف گوتیشی “ڕەنگە بێ ئەوەی ڕەچاوی مادە دەستووریەكە بكەن، پەرلەمان دەنگ بدات لەسەر لادانی فوئاد مەعسوم، چونكە دەنگدان لەسەر ڕەتكردنەوەی ڕیفراندۆم و لادانی نەجمەدین كەریم لە پۆستی پارێزگاری كەركووك نادەستووری بوو.
پێشتر پەرلەمانی عێراق بۆ گوشار خستنە سەر كوردستان، بڕیاری دا ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كوردستان قەدەخە بكرێ، هەروەها د. نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووكی لەسەر كار لادا.