سەرۆك بارزانی: کات بۆ بەدیل نەماوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوە لەگەڵ پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا رایگەیاند: “کوردستان دەبێتە دەوڵەتی هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان”. گوتیشی: “کات بۆ بەدیل نەماوە”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، بڕیاری ریفراندۆم لەلایەن هەموو لایەنەکانی کوردستان دراوە چونکە لە شەراکەت لەگەڵ عێراق شکستمانهێنا. ئێمە پێشتر گوتبوومان ، ئەڵبەتە ئێستا درەنگە بۆ ئەو قسە، ئەوەی کە ئەگەر بەدیلێکی باشتر و مسۆگەرتر هەبێت ئەوا با بفەرموون، بەڵام هیچکەس ئەوەی نەکرد ، هیچ کەس بەدیلێکی باشتری نەخستەڕوو.

بارزانی ئاماژەی بە گوشارەکان کرد بۆ دواخستنی ریفراندۆم لە باشووری کوردستان و گوتی: “مایەی سەرسووڕمانە ئەو هەستیارییە زێدەڕۆییانە بەرامبەر مافی گەلێک دەبینین. ریفراندۆم مانای داڕشتنەوەی سنوورەکان نییە بەڵکو مانای کردنەوەی دەرگاکانە بۆ چارەسەری کێشەکان”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: “ریفراندۆم مانای سەپاندنی لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکەدا نییە، ئێوە خۆتان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆتان دەدەن. لە هەمانکاتدا رێگە بە کەسی دیکەیش نادەین ئەم دۆخە بقۆزنەوە و خۆیان بەسەر ئێوەدا بسەپێنن”.

بارزانی بەڵێنی زامنکردنی مافی پێکهاتەکانی نەینەوای دا و گوتی، هاتووم لەگەڵ هەمووتان ئاشت ببینەوە و بەڵێنتان پێدەدەم ئەگەر لەگەڵ ئێمە ژیان و بڕیارتاندا لەچوارچێوەی دەوڵەتی کوردستان بن ، ئەوا وڵاتێک دروست دەکەین کە بۆ هەموومان بێت و کوردستان ببێتە وڵاتی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان. کەس ناتوانێت هیچ شتێک بەسەر ئێوەدا بسەپێنێت. ئەگەر بتانەوێت لە چوارچێوەی وڵاتی کوردستان بژین ، گەرەنتی هەموو مافەکانتان دەکەین.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هەوڵەکان کرد بۆ دروستکردنی دۆخێکی نەخوازراو و گوتی: “هەوڵ هەیە ئاراستەکان بگۆڕێت بۆ ئاراستەیەکی مەترسیدار و زمانی شەڕ بەکار بهێنن ، بەڵام ئێمە ئەمه‌مان ناوێت ، ئێمە براین. ئەگەر بمزانیایە هەڕەشە و مەترسی ناکەوێتە سەر کوردستان لەوانەیە وێڕای هەموو ناکۆکییەکان لەو چوارچێوەیە بماینایەتەوە. بەڵام مەترسییەکان جیدین”.

Back to top button