بارزانی:له پێناو كۆتاییهاتن به نههامهتی و كارهسات گهلی كوردستان رێگای سهربهخۆیی گرتۆته بهر
سهرۆكی ههرێمی كوردستان، له پهیامێكی بۆ كوردستانیانی دانیشتووی ئهمریكا، كه بڕیاره له كهرنهڤاڵیكی جهماوهری گهورهدا، پشتگیری خۆیان بۆ پرسی ریفراندۆم و سهربهخۆیی ههریمی كوردستانی عێراق، دهرببڕن، دهڵێت” هەڵوێست و پشتیوانیی ئێوەی بەڕێز مایەی دڵگەرمیی هەموومانە.لە دوای سەدساڵ قوربانیدان و شكستهێنانی ئەزموونەكانمان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و پێشێلبوونی شەراكەت، گەلەكەمان بڕیاری داوە ڕێگەی سەربەخۆیی بگرێتە بەر ئەویش لەپێناو ڕێگەگرتن لە قووڵتربوونی كێشەكان و كۆتاییهێنان بە نەهامەتی و كارەسات
پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ گردبوونەوەی پشتیوانیی ڕەوەندی كوردستانی لە ئەمەریكا:-
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز
خوشك و برایانی خۆشەویست پڕ بەدڵ بەناوی خۆم و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان زۆر سوپاسی ڕەوەندی كوردستانی لە ئەمەریكا دەكەم كە لێرەدا بۆ پاڵپشتیی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لێرەدا كۆبوونەتەوە.
هەڵوێست و پشتیوانیی ئێوەی بەڕێز مایەی دڵگەرمیی هەموومانە.لە دوای سەدساڵ قوربانیدان و شكستهێنانی ئەزموونەكانمان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و پێشێلبوونی شەراكەت، گەلەكەمان بڕیاری داوە ڕێگەی سەربەخۆیی بگرێتە بەر ئەویش لەپێناو ڕێگەگرتن لە قووڵتربوونی كێشەكان و كۆتاییهێنان بە نەهامەتی و كارەسات.ئەو بڕیارە مافێكی ئاسایی و یاسایی گەلی كوردستانە و ناكۆك نییە لەگەڵ هیچ یاسایەكی ئاسمانی و مرۆیی. ئەگەر ڕێز لە ئیرادەی دانیشتوانی هەر سەرزەمینێك بگیرێت بە دڵنیاییەوە ئاشتی و سەقامگیری دەچەسپێت و بووژانەوە و پێشكەوتن دێتە ئاراوە. پێویستە جیهان ڕێز لە ئیرادەی گەلی كوردستان بگرێت و لە ئێش و ئازارەكانی ئێمە بگات كە لەگەڵ ڕژێمەكانی عێراق بینیومانە.
دەبێ ڕێز لە قوربانیدانی گەلی كوردستان و قارەمانێتیی پێشمەرگە بگیرێت كە ئەفسانەی تیرۆریستانی داعشی تێكشكاندووە.ئەمەریكا دۆست و هاوپەیمانی ئێمەیە لە شەڕی تیرۆر، پێویستە ئەو دۆستایەتییە لە پڕەنسیپەكانیشدا ڕەنگ بداتەوە و ئەمەریكا پشتیوانی گەلی كوردستان بێت. گەلی كوردستان وەك گەلی ئەمەریكا و گەلانی تری جیهان ویستی بۆ ئازادی و دیموكراسی و سەربەخۆیی هەیە و پێویستە ئەو ویستە جێبەجێ بكرێت، ئەویش لەپێناو مسۆگەربوونی ئاشتی و قووڵتركردنی پێكەوەژیان و ڕێزگرتن لە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان.
ئێمە پشتمان بە ئیرادەی گەلەكەمان لە هەرێمی كوردستان و خوشك و براكانمان لە هەندەران قایمە و بە دڵنیاییەوە هەڵاتنی خۆری ئازادی نزیكە.
زۆر سوپاستان دەكەم بژی كوردستان نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی
مسعود بارزانی