نه‌جمه‌دین كه‌ریم: نه‌ك په‌رله‌مانی عێراق، عه‌بادیش هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی به‌سه‌ر كه‌ركووكه‌وه‌ نیه‌

نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌ لێدوانێكی دا له‌باره‌ی بڕیاری په‌رله‌مانی عێراق راگه‌یاند، نه‌ك په‌رله‌مانی عێراق به‌ڵكو عه‌بادیش ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر كه‌ركووك ناشكێت و راشی گه‌یاند، ئه‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی عێراق بڕیارێكی نایاساییه‌، گوتیشی دانانی حاكمی سه‌ربازی خه‌ونی به‌عسییه‌كانه‌”.

له‌ پرێس كۆنفراسێكدا ئه‌مرۆ 17ی 9ی 2017 له‌باره‌ی بڕیاری په‌رله‌مانی عێراق و كه‌ركووك، نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری كه‌ركووك، ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد”کە فیرقەی 12ی سوپای عێراق تیرۆریستی بۆ ناو کەرکووک ناردووە، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ڕەوشی ئەمنیی شارەکەیان پاراستووە هه‌روه‌ها گوتیشی”ئەمڕۆ لە بەشی یاسایی پارێزگا، لەگەڵ ڕاوێژکار و سەرۆکی بەشی یاسایی گفتوگۆمان کرد، یاسا بە تەواوی لەگەڵ ئێمەیە و لەگەڵ بڕیارەکەی بەغدا نییە”.

هه‌روه‌ها نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌باره‌ی بۆچوونه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران عێراق، حه‌یده‌ر عه‌بادی سەرسوڕمانی خۆشی پێشانداو راگه‌یاند”دەبووایە عەبادی سەیرێکی یاساکان بکات، هەر دادگایەک سەیری ئەو کەیسە بکات، بڕیارەکە ڕەت دەکاتەوە، جگە لەوەی پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراقیان کردووە. بەهیچ شێوەیەک پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتی بەسەر ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکەوە نییە، دووپاتیشی کردەوە: “چەند ساڵە لە کەرکووک کار دەکەین و خەڵکی کارەکانمانیان هەڵسەنگاندووە، تائێستا شتێک لەسەر ئێمە نەبووە، خێرە دوای ئەوەی ئاڵای کوردستانمان هەڵکرد و بڕیاری ڕیفراندۆممان دا کە هەمووی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگا کراوە، ئاوا بڕیار دەردەکەن؟ بۆیە دەزانین خەڵکی کەرکووک بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن چەند کەسێک لە بەغدا کۆببنەوە و لەسەر ئەم بابەتە ئەم هەڵوێستە بنوێنن”.

پارێزگاری كه‌ركووك له‌ كۆنفراسه‌كه‌ی دا راشی گه‌یاند” هیچ کاتێک دۆخی ئەمنیی کەرکووک لە ساڵی 2003وە تاوەکوو 2014 بەرقەرار نەبووە، بەڵام پاش ئەوەی پێشمەرگە ئەرکی پاراستنی شارەکەی لە ئەستۆ گرتووە، بە دڵسۆزییەکی زۆرەوە دۆخی ئەمنیی ئەو شارەی ڕاگرتووە، راشی گه‌یاند” نەک وەک فیرقەی 12ی سوپای عێراق بکەن کە خۆیان چەکیان دەدا بە تیرۆریستان و لە بازگەکانەوە تێیاندەپەڕاندن تا ئاژاوە لە کەرکووک بکەوێتەوە، هەر لەو پرێس کۆنفرانسەدا نەجمەدین کەریم ئەوەی ئاشکرا کرد کە تەقینەوەکەی دوێنێی کەرکووک لە گەڕەکی (حەی عەدەن) بووە کە بەهۆیەوە کورد و عەرەب و تورکمان بوونەتە قوربانی، هه‌روه‌ها گوتیشی” ناوی کەسانێکمان هەیە کە ئەگەرێکی زۆرە دوێنێ بەو کارە هەڵساون. زانیاریی تەواویشمان هەیە کە لە کوێوە هاتوون”.

….
Back to top button