بزانه‌ فه‌ره‌نسا و توركیا چ پێشنیارێك ده‌كه‌ن له‌باره‌ی ریفراندۆمه‌

سه‌باره‌ت به‌ پرسى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆى كوردستان هه‌ریه‌ك له‌ ( ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ) سه‌رۆككۆمارى توركیا و ( ئیمانوێل ماكرون ) سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا ، ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى كیشه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا و دواخستن و ئه‌نجامنه‌دانى ڕیفراندۆم له‌ رۆژى 25ى ئه‌یلول كه‌ هه‌فته‌یه‌ك كه‌مترى ماوه‌ ، بخرێته‌ به‌رده‌ستى سه‌ركردایه‌تى سیاسى كورد .
 
ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 18ى ئه‌یلولى 2017 ڕۆژنامه‌ى ( Haberturk ) له‌ زارى سه‌رچاوه‌یه‌كى بالاى دیپلۆماتى ڕایگه‌یاندووه‌ ” كه‌ سبه‌ینێ سێ شه‌مه‌ له‌په‌راوێزى چالاكییه‌كانى كۆمه‌ڵه‌ى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ نیویۆرك ، سه‌رۆككۆمارى توركیا ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا ، پلانێكى كارى سێ قۆناغى بۆ چاره‌سه‌ر كردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا و دواخستنى ڕیفراندۆمى هه‌رێمى كوردستان بخه‌نه‌ ڕوو “.
 
وا بڕیاره‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ى توركیا رۆژى 22ى ئه‌یلولى 2017 ڕیوشوینه‌كانى تایبه‌ت به‌ پرسى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆى كوردستان بگرێته‌ به‌ر ، به‌ڵام ( ئه‌ردۆغان ) سه‌رۆككۆمارى توركیا وه‌ك هه‌نگاوى یه‌كه‌م ده‌ستپێشخه‌رى به‌ نیازى پێشنیاریكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پاریس تییدا هاوبه‌ش بكات و پیكه‌وه‌ ( توركیا و فه‌ره‌نسا ) په‌یامێك ئاراسته‌ى ناوه‌ندى بڕیارى سیاسى كورد له‌ هه‌ولێر بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستبه‌ردارى ڕیفراندۆم ببێت”.
 
رۆژنامه‌ى ( Haberturk ) له‌ زارى سه‌رچاوه‌ دیپلۆماتیكیه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت ” ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تى كورد وه‌ڵامى په‌یامه‌كه‌یانى نه‌دایه‌وه‌ ، له‌ قۆناغى دووه‌م دا توركیا و فه‌ره‌نسا رۆڵى مه‌یدانى نێوه‌ندگیرى هه‌ولێر و به‌غداد له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن ، به‌مه‌به‌ستى جێبه‌جێكردنى مافه‌ ده‌ستورییه‌كانى گه‌لى كوردستان و یه‌كلایكردنه‌وه‌ى چاره‌نوسى ( كه‌ركوك) وناوچه‌ جێناكۆكه‌كانى تر كه‌ له‌ دواى ده‌ستپێخه‌رى هه‌ردوو وڵاتى ( توركیا و فه‌ره‌نسا ) بیر له‌ نه‌خشه‌ ڕێگایه‌كى هاوبه‌ش كراوه‌ته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان .
 
تا ئێستا هیچ ولاتێك به‌ لایه‌نى توركى و فه‌ره‌نسیشه‌وه‌ له‌ ئاستى فه‌رمى دا ئاماژه‌ به‌ هیچ پرۆژه‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌كى به‌دیلى ریفراندۆم نه‌كردووه‌ ، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌وڵێكى زۆر و فشارێكى ئێجگار زۆریش له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تى سیاسى كورد هه‌یه‌ بۆ دواخستنى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆى كوردستان ، ئه‌نجومه‌نى باڵاى ڕیفراندۆمیش له‌ كۆتا كۆبونه‌وه‌ى له‌ ڕۆژى 17ى ئه‌یلولى 2017 دوپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ڕیفراندۆم به‌هیچ جۆرێك دواناخرێت و له‌ كاتى خۆیدا ئه‌نجام ئه‌درێت ، چونكه‌ به‌دیلى پێویست كه‌ گره‌نتى نێوده‌وله‌تى و هه‌رێمى نه‌دراوه‌ته‌ سه‌ركردایه‌تى سیاسى كورد .
Back to top button