70 رۆژی گرنگ لەبەردەم كوردن
نامۆ عەبدوڵڵا
ئالان لیختمان، مێژوونووسێكی بەنێوبانگی ئەمریكاییە میكانیزمێكی دۆزیوەتەوە بۆ پێشبینیكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا چەندین مانگ پێش ئەوەی ئەنجامبدرێت.
ئەوەی پرۆفیسۆر لێختمان دەیكات كاری جادوو و فاڵ نییە بۆ خوێندنەوەی داهاتوو . میكانیزمێكی عەقڵانی و لۆجیكییە كە ساڵی 1981 لەگەڵ زانایەكی بیركاری رووسی بەناوی ڤڵادیمیر كێلیس بۆرۆك ، بیرۆكەكەیان داڕشتووە. فۆرمەڵەكە لە پەرتووكێكدا بەناونیشانی (كلیلەكانی كۆشكی سپی چاپكراوە).
لیختمان كەسایەتییەكی جدییە كە میدیا بەنێوبانگەكانی ئەمریكا هەپڤەیڤینیان لەگەڵ ئەنجامداوە و ئێستا مامۆستای مێژووە لە زانكۆی ئەمریكی لە واشنتن .
ئەوە 35 ساڵە بە بەكارهێنانی ئەم میكانزیكە، پرۆفیسۆر لیختمان توانیوویەتی بەدروستی پێشبینی ئەنجانی هەموو هەڵبژاردنەكان بكات . لەوكاتەوە بەبێ هەڵە پێشبینی بردنەوەی 8 سەرۆكی كردووە. چۆن ئەم كارە دەكات؟ پرۆفیسۆر لیختمان 13 كلیلی دیاریكردووە كە جۆرێك لە فیلتەرن و دەبێ لەسەر كاندیدەكان تاقیان بكەیەوە. یەكێك لە كلیلەكان بارودۆخی ئێستای پارتی كاندیدەكەیە . بۆ نموونە، پارتەكەی هیلاری كلینتۆن، پارتی دیموكراتەكان، چەند كورسی لە كۆنگرێس هەیە؟ ئەمە خاڵێكی خراپە بۆ هیلاری كلینتۆن چونكە كۆنگرێس ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی پارتی كۆمارییەكاندایە.
پرۆفیسۆر لیختمان دەڵێ لەكۆی هەموویان ئەگەر تەنیا شەش كلیل لە بەرژەوەندی كاندیدێك بێت ئەوا هەڵبژاردنەكە دەباتەوە.
لەنێو كلیلەكاندا، مەبەستمە جەخت لەسەر دووانیان بكەم : كلیلی 10 و كلیلی 11. كلیلی 10: شكستی دەرەكی – سەربازی . ئیدارەی ئێستا تووشی هیچ شكستێكی گەورە لە كاروباری دەرەوە و سەربازیدا نەبووبێت . كلیلی 11: سەركەوتنی دەرەكی-سەربازی: ئیدارەی ئێستا سەركەوتنێكی گەورەی لە كاروباری دەرەوە یاخود سەربازیدا وەدیدەهێنێت .
ئەم هەفتەیە لەگەڵ لیختمان دانیشتم تاوەكو باسی ئەم هەڵبژاردنە بكەین كە هێندە جیاوازە هێشتا ئەو نەیتوانیووە پێشبینی ئەنجامەكەی بكات. (تەواوی هەڤپەیڤینەكە رۆژی یەكشەممە لە بەرنامەی “رێگەی كۆشكی سپی” دادەبەزێت).
بەشێكی زۆری هەڤپەیڤینەكە باسی كلیلی 10 و 11یە. پرۆفیسۆر لیختمان هاوڕابوو لەگەڵمدا كە تێكشكاندنی داعش “گرتنی موسڵ” زۆر گرنگ دەبن بۆ ئەوەی هیلاری كلینتۆن ئەم هەڵبژاردنە بباتەوە .
گوێمەدە راپرسییەكان كە ئێستا نیشانیدەدەن هیلاری كلینتۆن بە زیاتر لە 10 خاڵ لە پێش دۆناڵد ترەمپەوەیە ، ئەمە دەكرێت بگۆڕێت.
لیختمان پشت بە راپرسییەكان نابەستێت بۆ پێشبینییەكانی. ساڵی 1988 كاندیدی دیموكراتەكان، مایكڵ دوكاكەس، زیاتر لە 15 خاڵ لە پێش كاندیدی كۆمارییەكان، جۆرج ئێچ دەبلیو بوش- بوو. پرۆفیسۆر لیختمان پێشبینی بردنەوەی كاندیدە لاوازەكەی كرد و پێشبینییەكەی راست دەرچوو. لە لیختمانم پرسی: “كەوایە كورد ئەمڕۆ دەكرێت یەكێك لە كلیلەكانی تۆ دروستبكەن؟” ، پرۆفیسۆر لیختمان گوتی، “بەدڵنیاییەوە، وایە. كێ پێبشبینی ئەوەی دەكرد؟”.
ئەگەر تێبینیتان كردبێت ئیدارەی ئۆباما هەموو هەوڵێكدەدات بۆ ئەوەی لە شەڕی دژی داعشدا تووشی شكست نەبێت. پەلەش دەكات تاوەكو موسڵ لە داعش وەربگیرێتەوە . گوتەبێژی پنتاگۆن رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، “هێزەكانی پێشمەرگەی كوردی بەشدارن لە هەواڵەكەدا بۆ چواردەورگرتنی موسڵ . لەم رۆژانەی دواییدا، بەرەوپێشچوونی گرنگیان ئەنجامداوە”.
ئەگەر پێش هەڵبژاردن لە مانگی نۆڤەمبەر (١١) ، موسڵ لەدەست داعش دەربهێندرێت ، ئیدارەی ئۆباما دەتوانێ سەركەوتن دژی داعش لە عێراق رابگەیێنێت. ئەمەش یەكسانە بە سەركەوتنی پارتی دیموكراتەكان و دەبێتە كلیلێكی سەركەوتن بۆ هیلاری كلینتۆن.
دیموكراتەكان لە گرنگی ئۆپەراسیۆنی موسڵ تێدەگەن بۆ پارتەكەیان . تاوەكو چەند سەركردایەتی كورد لە گرنگیی كورد تێدەگەن؟ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ماوەیەك پێش ئێستا رایگەیاند دەیەوێت گشتپرسیی سەربەخۆیی كوردستان ، پێش هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا ئەنجامبدات.
ئەگەر بەجدی دەمانەوێت گشتپرسییەك بكەین كە پابەندبین بە ئەنجامەكەیەوە، دەبێ پێش ئۆپەراسیۆنی موسڵ بخرێت. ئەم 70 رۆژەی تاوەكو هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا وەك دوو مانگی زێڕین دەردەكەون كە كورد دەبێ بیقۆزێتەوە. هەلی لەوجۆرە زۆر دەگمەنن .