فەتوایەك لە یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستانەوە لە بارەی ریفراندۆم

یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان لە توێی فەتوایەكدا، داوا دەكات هاووڵاتیانی كوردستان بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆیی و رزگاربوون لە ژێر دەستی بدەن.

یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان لە ژێر ناوی (حوكمی راپرسی لە پێناوی سەربەخۆیی) فەتوایەكی نوێی بڵاوكردووەتەوە و وێنەیەكی بۆ كوردستان 24 نێردراوە.

لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، كە راپرسی بۆ گەیشتن بە مافی سەربەخۆیی و بونیاتنانی دەوڵەتی كوردی بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پرەنسیپەكانی شەریعەتی ئیسلام ناكۆك نییە، بەڵكو یەكانگیرە لەگەڵ بنەما و مەبەستەكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام.

هەروەها هاتووە: راپرسی بۆ سەربەخۆبوون بە مانای دەرچوونی گەلی كورد لە بازنەی ئوممەی ئیسلامی نایەت، پێچەوانەی دەقە نەگۆڕەكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلامیش نییە، بە تایبەت كە لە ئێستادا هیچ خیلافەتێكی شەرعی موسڵمانانی كۆنەكردووەتەوە تا بە هۆی بە دەوڵەتبوونی كوردستان لێكهەڵوەشێتەوە هەروەك چۆن لە رابردووشدا درووستبوونی ئەو هەموو دەوڵەتانەی دیكە لە ناو خاك و گەلی موسڵماناندا بە مانای دەرچوونیان نەبووە لە بازنەی ئوممەتی ئیسلامی.

لیژنەی فەتوا و یەكێتی زانایانی ئیسلامی جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە راپرسی لە پێناو سەربەخۆیی زەروورەتێكی شەرعی و مافێكی دەستووری و ئەركێكی نەتەوەییە و داواش لە هەموو هاووڵاتییەك دەكات كە مافی دەنگدانی هەیە بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدات.

هەر لە توێی فەتوانامەكەشیدا یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی داوایكردووە، دوای راپرسی بە هەموو هێز و توانا و حیكمەتەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی گەندەڵی و گەندەڵكاران ببێتەوە و لە پێناو گەشەسەندن و بڵاوكردنەوەی دادگەری و ئازادی و ئاشتی كۆمەڵایەتی و ناشتنی نەمامی خۆشەویستی و برایەتی و ئینسانیەت و داكۆكی لە بنەما ئیسلامی و ئینسانی و بەها باڵاكان بكات.

Back to top button