ڕێكخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستینی، وەڵامی مالیكی دایەوە: كوردستان نابێ بە ئیسرایلێكی دیكە
دوای ئەوەی دوێنێ لە چاو پێكەوتنێكی میدیایی نوری مالیكی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاندبوو, كە رێگە نادەن ئیسرائیلێكی تر لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست دروست بێت, لە وەڵامد (تەیسیر خالد) ئەندامی لیژنەی جێبەجێكاری ڕێكخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستینی ڕایگەیاند، خوازیار بووە كە كۆی مافە نەتەوەییەكانی كورد بدرێن و هەر لە چوارچێوەی عێراقدا بمێننەوە، بەڵام بەرەنجامی ڕاپرسی هەرچییەك بێ، بەراوردكردنی كوردستان و ئیسرایل دادپەروەرانە نییە.لە ڕاگەیێندراوێكدا كە پەیوەندی بە ئەو هەڵوێستە دزەپێكراوەی (نووری مالیكی) جێگری سەرۆكۆمار و سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراقەوە هەیە، كە لە كۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراقدا كردوویەتی، گوایە عێراقییەكان ڕێ نادەن ئیسرایلێكی دیكە لە باكووری عێراق(مەبەست باشووری كوردستانە) دابمەزرێ، (تەیسیر خالد) كە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بەرەی دیموكراتیی ڕزگاریخوازی فەڵەستینە، ڕایگەیاندووە: ئەم هەڵوێستەی دوێنێی (نووری مالیكی)ـم بە لاوە سەیر بوو، هەڵبەت خوازیار بووم نێوانی هەولێر و بەغدا بە جۆرێكی دی بوایە و، كۆی مافە نەتەوەییەكان بە براكوردەكانمان درابایە و یەكیەتیی خاكی عێراقیش پارێزراو با.”
(تەیسیر خالد) لە ڕاگەیێندراوەكەیدا كە بەرواری ئەمڕۆ دووشەممەی بەسەرەوەیە دەڵێ، “دەرك بەوە دەكەم كە تا نزیكتر دەبینەوە لەو ڕۆژەی كە براكوردەكانمان بەرەو سندووقەكانی دەنگدان دەچن كە تێیدا گوزارشت لە بڕیاردان لە مافی چارەنووسە، نێوان هەولێر و بەغدا گرژیی زیاتری تێ دەكەوێ، بە دڵنیاییەوە ئاماژەكانی پاش ئەوە ڕوونن.
هەرچۆنێك بێ و بژار و ئەنجامەكانی ڕاپرسی چی بێ، بەراوردكاری لە نێوان كوردستان و ئیسرایلدا بەراوردكاریێكی نادادپەروەرانەیە و، دەبێ لە بنەڕەتەوە ڕەت بكرێتەوە.”پێوەست بەو بەردواردكارییە، ئەو ئەندامەی لیژنەی جێبەجێكاری ڕێكخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستینی زیاتری نووسیوە: “كورد نەك هەر لە عێراق، بەڵكە بە شێوەیەكی گشتی لە ناوچەكەدا، گەلێكی ڕەسەن و گەورەن، لەسەر خاكی باب و باپیرانیان ژیاون، پارێزگارییان لە ناسنامە ڕەسەن، مێژوو و فەرهەنگ و شارستانەتی خۆیان كردووە، لە بەرگری لە ناوچەكەش لە بەرانبەر بە داگیركاریی بیانی، پارێزگارییان لە ناوچەكەشمان كردووە.”