سبەی: سۆران گەورەترین كەرنەڤاڵی بانگەشە بۆ سەربەخۆییی كوردستان دەكات
دوای ئەوەی كەرنەڤاڵی بە لێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە چەند ناوچەیەكی كوردستان سازدرا وا بڕیارە بڕیارە سبەی بە ئامادەبوونی (سەرۆك بارزانی) كەرنەڤاڵێكی گەورەی ڕیفڕاندۆم لە قەزای سۆران بەڕێوە بچێت و بەرپرسێكی پارتیش دەڵێت، زۆرترین خەڵك لە كەرنەڤاڵی سۆراندا بەشداری دەكەن.
(عەلی عەونی)، بەرپرسی لقی ١٠ی پارتی لە سۆران، ڕیاگەیاندووە: ”سبەی، ڕۆژی سێشەممە، لە سەنتەری شارۆچكەی سۆران كەرنەڤاڵێكی گەورەی ڕیفڕاندۆم لە یاریگای سۆران بەڕێوە دەچێت و جەماوەری سنووری حەوزی سۆران لە ھەرچوار قەزای سۆران و چۆمان و ڕواندز و مێرگەسۆرەوە بەشداریی تێدا دەكەن و (سەرۆك بارزانی) خۆی ئامادەی كەڕنەڤاڵی میللیی سنووری قەزای سۆران دەبێت. مەبەست لەو كەڕنەڤاڵەش ئەوەیە پێش دەنگدانی ٢٥ی ئەیلوول بە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ڕابگەیەنین، سۆران لەگەڵ ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییی كوردستانە.”
(عەلی عەونی) گوتیشی: ”دەڤەری سۆران خەڵكی نیشتیمانپەروەر و خەباتگێڕی تێدایە و لە ھەموو شۆڕەشەكانی ڕابردوودا خەڵكی ناوچەكە لە قوربانیدان پشكی شێریان بەركەوتووە، لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییشدا خەڵكی سنوورەكەمان زۆرینەی بە (بەڵێ) دەنگ دەدەن و ڕۆژانە ئێمە لە نێو خەڵكداینە و چین و توێژەكان ئەوەیان پشتڕاست كردووتەوە، كە تەنیا چارەسەر ئەوەیە بە دەستی خۆمان دواڕۆژی خۆمان دیاری بكەین، لەبەر ئەوەش، پێشبینی دەكەین سبەی زۆرترین خەڵك لە كەرنەڤاڵەكەدا بەشداری بكات.”