ئەشواق جاف: ڕیفراندۆم بەردەوامە و گوێ بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی نادەین
دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری دژ بە سازدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەركرد, پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق جەخت دەكاتەوە، ڕێكارەكانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەردەوامە و لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت، بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیش بە ڕاگرتنی ڕێكارەكان تا دوای دادبینیكردنی تانەكان، پشتگوێ دەخات.
ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: “ڕێكارەكانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە وادەی خۆیدا (25ی ئەیلوول) بەردەوامە و ڕاناگیرێت و بەهیچ شێوەیەكیش دوا ناخرێت”.
ڕوونیشیكردەوە، كە ڕیفراندۆم پشتبەستووە بە مادە دەستووری و یاساییەكان، گوتیشی: “بڕیاری دواخستنی ڕیفراندۆم تا ئەو كاتەی دادبینی لە تانەكانی دژی دەكرێت، بابەتێكی نالۆژیكە و ئامانج لێی كوشتنی كات و دواخستنی پرۆسەكەیە”.
ئەمڕۆ دووشەممە 18/ 9/ 2017 دادگای فیدڕاڵی لەسەر داوایەكی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیران، بڕیاری داوە بە ڕاگرتنی ڕێكارەكانی ڕیفراندۆی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان.