كۆبوونەوەی بارزانی و وەزیری بەرگری بەریتانیا كۆتایی هات

له‌ راگه‌یاندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا ئێوارەی دوو شەممە ١٨ـی٩ـی٢٠١٧ ( مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان) لە سەلاحەددین پێشوازی لە مایكڵ فاڵن وەزیری بەرگریی بریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە فڕانك بەیكەر باڵیۆزی بریتانیا لەعێراق و ژمارەیەك دیپلۆماتكار و ڕاوێژكاری سەربازی پێكهاتبوو”.

وه‌ك له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌” لە دیدارەكەدا كە بەڕێز كۆسرەت ڕەسووڵ جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، سەرەتا وەزیری بەرگریی بریتانیا خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەكە ڕاگەیاند و پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان بریتانیا و گەلی كوردستانی بەرز نرخاند و جەختی لەسەر بەردەوامیی و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە كردەوە، هەروەها ئاماژەی بە پڕۆسەی مەشق كردن بە هێزی پێشمەرگە كرد و ڕایگەیاند ئەو هاوكارییە سەربازییانە بەردەوام دەبن”.

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راشی گه‌یاندوه‌” وەزیری بەرگریی بریتانیا ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەوان داواكارن ڕیفراندۆم دوابخرێت و لەبەرانبەر دا پڕۆسەیەكی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا دەست پێ بكرێت و پڕۆسەكەش بە ئەجێندای كراوە و لەژێر سەرپەرشتیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت.

هه‌ر له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ دا هاتووه‌، لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێر هێنانی شاندی میوان، سوپاسی بریتانیا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا پاڵپشتی گەلی كوردستان بوونە و جەختیشی لە بەردەوامی و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە كردەوە.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راشی گه‌یاندووه‌، سەبارەت بە داواكاریی دواخستنی ڕیفراندۆم سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لەسەر ئەو نەهامەتییانەی گەلی كوردستان لە عێراقدا بەسەری هاتووە بۆ شاندی میوان باس كرد و ڕایگەیاند كە ڕۆژی ٧ـی حوزەیران زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە پاڵپشتیی گەلی كوردستان ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان دەستنیشان كرد، بەڵام خودی بڕیاری ڕیفراندۆم لەو ڕۆژەدا نەدراوە بەڵكوو ئێمە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو چەندینجار بەغدامان ئاگادار كردەوە كە ئەگەر لەسەر پێشێلكردنی دەستوور و نەهێشتنی شەراكەت و هاوسەنگی، بەردەوام بن ئێمە بۆ ڕای گەلەكەمان دەگەڕێینەوە”.

سەرۆك بارزانی ڕاشیگەیاند: ئێمە هەموو جۆرەكانی پەیوەندیی لەگەڵ عێراق، لە لامەركەزییەوە بگرە بۆ ئۆتۆنۆمی و تا دەگاتە فیدراڵی، هەموویمان تاقی كردەوە و شكستیان هێنا، جگە لە سەربەخۆیی هیچ ڕێگەیەكی تر نەماوە، دەمانەوێ دوو دراوسێی باش بین و باشترین پەیوەندیمان هەبێت، هەروەها ڕاشیگەیاند: ڕیفراندۆم ئامرازێكە لە ئامرازەكانی گەیشتن بە سەربەخۆیی، بە هەمان شێوە گفتوگۆیش ئامرازێكە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، بەڵام ئەو بەدیلانەی تا ئێستا خراونەتەڕوو، گرێنتیی گفتوگۆ بۆ سەربەخۆیی و ئامادەیی بەغدا بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لەسەر سەربەخۆیی كوردستانی تێدا نەبووە. بۆیە داواكاریی دواخستنی ڕیفراندۆم تەنها لەپێناو گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا بەبێ ئەوەی بزاندرێ لەسەر چییە و چ گرێنتییەكی نێودەوڵەتی دەبێت، ڕیفراندۆم دوا ناخرێت.

وه‌ك له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌” سەرۆك بارزانی گوتیشی: ئەگەر حكوومەتی عێراق ئامادەیی دەرببڕێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر سەربەخۆیی كوردستان لە ماوەیەكی زمەنیی دیاریكراودا و زەمانەتی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ جێبەجێ كردنی ڕێككەوتن لەسەر سەربەخۆیی كوردستان، ئەوكاتە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان كۆ دەبێتەوە و دوابڕیاری خۆی دەدات.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا هەردوولا تەئكیدیان لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆ و پەیوەندیی نێوانیان كردەوە.

 

Back to top button