بانگه‌شه‌ى شه‌وانه‌ له‌ كه‌ركووك قه‌ده‌غه‌ كرا

 

وته‌بێژى پۆليسى كه‌ركووك ئه‌فراسياو كامل مه‌لا وه‌يسى ريگه‌ياند، بانگه‌شه‌ كردن بۆ ريفراندۆمى سه‌ربه‌خۆيى له‌ شه‌ودا له‌ كه‌ركووك قه‌ده‌غه‌ كرا.

وته‌بێژى پۆليسى كه‌ركووك رايگه‌ياند، دوای درووستبوونی پشێوی شەوی رابردوو لەبەردەم بارەگای لايه‌نێكى كه‌ركووك، پۆليس بڕياريداوه‌ هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌كردن له‌ شه‌ودا قه‌ده‌غه‌ بكات.

روونيشيكرده‌وه‌، ئه‌و بڕياره‌ له‌ پێناو درووستنه‌بوونى سه‌رپێچى و روونه‌دانى كرده‌وه‌ى تێكده‌رانه‌ بووه‌ و ئامانج لێى پاراستنى سه‌قامگيرى شاره‌كه‌يه‌.

له‌ شارى كه‌ركووك پێكهاته‌كانى كورد و عه‌ره‌ب و كلدان و ئاشوورييه‌كان و توركمان له‌ چوارچێوه‌ى هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ريفراندۆمى سه‌ربه‌خۆيى كوردستان به‌شدارن و شه‌وانى رابردووش ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌يان ئه‌نجامداوه‌.

شه‌وى رابردوو گه‌نجێكى شارى كه‌ركووك له‌ كاتى به‌شداريكردنى له‌ هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ له‌ لايه‌ن پاسه‌وانى باره‌گاى لايه‌نێكى سياسى شاره‌كه‌وه‌ ته‌قه‌ى لێكرا و به‌و هۆيه‌وه‌ گيانى له‌ده‌ستدا و وه‌ك يه‌كه‌م شه‌هيد له‌ رێى سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ريفراندۆم له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان بايه‌خى پێدرا.

Back to top button