بۆچی لەناو هەمو كوردا تەنها بارزانیەكان جامانەی سور دەبەستن؟

خواكوڕك

لەنێو هەمو خێڵەكانی كوردا تەنها بارزانیەكان جامانەی سور دەبەستن، ئەم مەسەلەیە رەگ و ریشە و پێشینەی خۆی هەیە، پەیوەندی بەهەلومەرجێكی مێژوویی‌ و بەریشەی بیروباوەڕی بارزانیەكانەوە هەیە.

“بارزان” كەوتوەتە ئەوپەڕی باكووری رۆژئاوای پارێزگای هەولێر، لەنزیك سنووری عێراق لەگەڵ هەریەك لەئێران‌ و توركیا، بەرلەوەی شێخ تاجەددین لەكۆتایی سەدەی هەژدەهەمدا تەكیەی تێدا دابنێ‌، لەگوندێكی زێبارییەكان بەولاوە هیچی تر نەبو.

بارزانیەكان بەبنەچە سەر بەخێڵی “زێبار” بون، بەڵام بارزان ئەو گوندە بو كە ناوی خۆی بەبارزانیەكان‌ و بیروباوەڕەكەیان بەخشی، بارزانیەكان زادەی بیروباوەڕەكەیانن، كە تێهەڵكێشێكە لەبیروباوەڕی ئیسماعیلی‌و سۆفیگەری‌ و تا ساڵانێكی زۆر بەشاراوەیی هێشتیانەوە‌، تا لەسەردەمی شێخ عەبدولسەلامی دوەمدا ئاشكرا كرا، ئەگەر ئەم بیروباوەڕە نەبوایە ئەوان نەیاندەتوانی جێیەك بۆ خۆیان لەمێژودا دابین بكەن.

لەنێو هەمو گروپە ئایینیەكانی كوردا هیچ سیستەمێكی گوێڕایەڵی لەڕوی توندوتۆڵی‌ و تۆكمەییەوە شانی لەشانی سیستەمی بارزانیەكان نەداوە، كە شێخەكانیان خاوەن كاریزما بون‌ و بەپیرۆز دادەنران، شێخەكانی بارزان بەپێچەوانەی شێخەكانی زێبار و سورچی‌ و برادۆستی دراوسێیان یان شێخەكانی قادری‌ و نەهری‌ و تاڵەبانیەوە نەبونە چینێكی ئؤرؤستۆكراتی كشتوكاڵی‌و زەویدار.

دروشمی جامانەی سور لەبیروباوەڕی بارزانیەكاندا پەیوەندیی بەبیروباوەڕێكی شۆڕشگێڕانە و هەلومەرجێكی دیاریكراوەوە هەیە، ساڵی 1895 شێخ نشینی بارزان روبەروی گەورەترین گەلەكۆمەكی لەهەمو مێژویدا بۆوە، كە لایەنەكانی پێكهاتبون لەئۆرۆستۆكراتی خێڵە بەهێزەكەی زێبار و سورچی‌ و شێخ نشینی نەهری‌ و برادۆست‌ و لۆلان، پاش زنجیرەیەك شەڕ‌و پێكدادان شێخی بارزان توانی سه‌رکه‌وێت‌ و بەتەواوی دەست بەسەر بارزاندا بگرێت.

لەو سەردەمەدا گەورەترین كێشەی بارزان ئەوە بو كە لەدەوروبەرێكی نەیاردا بو، نەیارە بەهێزەكەی ئەم شێخ نشینە، ئۆرۆستۆكراتی دەرەبەگی خێڵی زێبار بوو. بەڵام  پێداگری شێخی بارزان لەسەر بەهاكانی دادپەروەری‌ و پشتگیری هەژار و چەوساوەكان هەیبەتی ئەوی زیادكرد و وایكرد بتوانێ‌ زۆربەی جوتیارە چەوساوە رەش و رووتەكان بەلای خۆیدا راكێشێ‌، ئەمەش بوە مایەی دەركەوتنی وەك لایەنێكی بەسام‌ و بێباك.

كۆتایهێنان بەسەردەمی شاردنەوەی بیروباوەڕ، واتە كۆتایهێنان بەتەقیە، بەرونی لەسەردەمی شێخ محەمەدی كوڕی شێخ عەبدولسەلامی یەكەمدا دەستیپێكرد. شێخ محەمەد لەڕێی بەكارهێنانی هێزەوە رێزو هەیبەتێكی زۆری بۆ شێخ نشینەكە پەیدا كرد‌ و پێی ناخۆش بو پەیڕەوەكانی هەم دڵسۆزی تەكیەی بارزان بن‌ و هەم دڵسۆزی ئۆرستۆكراته‌كانی خێڵی زیبار. لەم روەوە ناچاری كردن خۆیان ساغ بكەنەوە و تەواوی دڵسۆزییان تەنها بۆ تەكیەی بارزان بێ‌، ئیتر كە پەیڕەوەكانی لەچنگ دەرەبەگەكانی زێبار رزگار كرد، تەكیەی بارزانی بۆ كردن بەتاكە سەرچاوەی بەهای كۆمەڵایەتی.

شێخ عەبدولسەلامی دووەم درێژەی بەپەیامی ئەو شێخانەی پێش خۆی دا كە ئەركی بەرپەرچدانەوەی ئۆرۆستۆكراسیی زێباریان دەستپێكردبو. ئەوەی تێكۆشانی جوتیارەكانی تۆكمەتر دەكرد ئەم بیروباوەڕەی تەكیەی بارزان بوو كە بانگەشەیان بۆ نەهێشتنی چەوسانەوەی جوتیاران دەكرد كە چیتر چینە دەستڕۆشتوەكان‌ و دەوڵەمەندەكان لەسەر رەنج‌ و ماندوو بونی هەژاران نەژین‌. جوتیارەكان توندوتیژییەكی زۆریان لەدژی دەرەبەگاكانی زێبار بەكارهێنا و سەرەنجام بزوتنەوە جوتیاریەكان بەپشتیوانی شێخایەتی بارزان سەركەوتنی یەكلاكەرەوەیان بەسەر ئۆرستۆكراتەكانی زێباردا بەدەستهێنا، بەم سەركەوتنانە شێخایەتی بارزان ئاسایشی خۆی لەسەر بنەمای دڵسۆزیی جوتیارە تازە رزگاربوەكان دامەزراند.

شێخ عەبدولسەلام لەكاتێكدا ژمارەی پەیڕەوەكانی زیادی دەكرد و تا دەهات زیاتر پشتیوانی هەژارەكانی بەدەستدەهێنا، له‌گه‌ڵ کۆتایی هاتنی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م‌ و ‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا جامانەی سوری كردە دروشمێك بۆ پەیڕەوەكانی. هەڵبژاردنی ئەم دروشمە پەیوەندی بەو هەلومەرجەوە هەیە كە تێیدا تەكیەی بارزان ئەوەندە لەخۆی دڵنیا بو كە ترسی لەئاشكرا كردنی بیروباوەڕی خۆی نەما بوو. ئیتر دروشمی سوری بیروباوەڕی بارزانیەكان بوە هاوتای نەریتی خەتەنە لەلای باوەڕدارەكانی جولەكەو موسڵمان، كە مەبەستی سەرەكی خەتەنە لێكجیاكردنەوەی باوەڕداران‌و ناباوەڕدارانە‌ و پەیوەندی بەو پەیمانەوەیە كە لەنێوان خواوەندو باوەڕداراندایە.

لەبیروباروەڕی بارزانیەكانیشدا جامانەی سور ئەو ئەركەی پێسپێردراوە كە خەتەنە لەجولەكایەتی‌و ئیسلامدا پێیسپێردراوە‌ و بارزانیەكان لە نا بارزانیەكان جیادەكاتەوە.

تێیینی: سه‌رچاوه‌ی ئه‌م راپۆرته‌ کتێبی “ریشه‌ی بیروباوه‌ڕی بارزانیه‌کان”ه‌ له‌نوسینی فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد.

Back to top button