نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە خانمی پێشمەرگە كۆچەر ساڵح حاجی دەكات
بەبۆنەی خەڵاتكردنی پێشمەرگەی زێرەڤانی خاتوو كۆچەر ساڵح حاجییەوە كە وەك قارەمانێكی هەڵمەتی جیهانیی دژ بە هزری تونڕەوی و نالێبوردەیی لەلایەن یوونسكۆ و هاوپەیمانیی جیهانیی هیواوەوه لە ڕێوڕەسمێكدا لە نیوویۆرك خەڵات كرا، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستە كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:
بۆ خانمی پێشمەرگە كۆچەر ساڵح حاجی،سڵاو و ڕێز..
ڕێزلێنان و خەڵاتكردنتان وەك قارەمانێكی هەڵمەتی جیهانیی دژ بە هزری تونڕەوی و نالێبوردەیی لەلایەن یوونسكۆ و هاوپەیمانیی جیهانیی هیواوەوە، مایەی خۆشحاڵی و شانازییە. بە گەرمی پیرۆزباییتان لێ دەكەم، لە ڕێگەی ئێوەشەوە پیرۆزبایی لە هاوسەنگەرانتان لە كچانی دیكەی پێشمەرگە و هەموو ئەو دایك و خوشكانەی كوردستان دەكەم كە لە خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستاندا ڕەنجیان كێشاوە و قوربانییان داوە.ئێوە بە خەبات و تێكۆشانتان وەك پێشمەرگەیەكی قارەمان كە بەشداریتان لە شەڕی دژی داعشدا كردووە و بەرگریتان له خاك و گەل و كولتووری خەڵكی كوردستان لە پێكەوەژیان و لێبوردەیی كردووە، بوونەتە نموونەیەكی شانازی بۆ ئافرەتانی كوردستان و هەموو ئەو دایك و خوشكانەمان كە باوك و برا و كوڕ و مێردەكانیان لەپێناو ئازادیی كوردستان و بەها مرۆییەكاندا بوونە قوربانی.
ئەو خەڵاتەی لە پێگەیەكی جیهانیدا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی دیاری كەسایەتیی جیهانی، بە خۆتان و خەبات و پێشمەرگایەتیتان بەخشرا، خەڵات و ڕێزگرتن و پێزانینێكە بۆ ئازایەتیی هەموو ئەو دایك و خوشكە ئازیزانەی كورستان كە لە هەر بوارێكدا بۆ ئازادی و بەدەستهێنانی مافەكانیان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و تیرۆر و بۆ بەها مرۆییەكان تێدەكۆشن و هەموومان شانازی پێوە دەكەین.دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.
نێچیرڤان بارزانیسەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان19/9/2017