نەجمەدین كەریم: كەركووكییەكان بڕیاری بەڵێ دەدەن..ئامادەكاریی تەواو كراوە

دوای بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك كە بڕیاردرا رێفراندۆم  لە سنوری پارێزگای كەركووك بەرێوە بچێت, پارێزگاری كەركووك دەڵێت، خەڵكی كەركووك ڕۆژی ڕیفراندۆم قسەی خۆی دەكات، چونكە دەنگی خەڵكی ئەم شارە بەڵێیە بۆ سەربەخۆییی كوردستان. لە ئێستاشەوە ئامادەكاریی تەواو كراوە بۆ ڕۆژی ڕیفراندۆم و سەرجەم دامەزراوەكانی شارەكە پێشوەختە كۆبوونەوەیان كردووە و ئامادەییان دەربڕیوە.
(نەجمەدین كەریم)، پارێزگاری كەركووك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: ”كەركووك شاری پێكەوەژیانە و دەستمان لە ناو دەستی یەكە بۆ ئەوەی ڕۆژی ٢٥\٩ هەموومان بچین بۆ سەر سندووقی دەنگدان و بە بەڵێ دەنگ بدەین بۆ سەربەخۆییی كوردستان، چونكە كات لە بەرژەوەندیی كوردستان نابێت، ئەگەر ئێستا بڕیاری خۆی نەدات. هەموومان چارەنووسێكی هاوبەشمان هەیە لە چوارچێوەی كوردستاندا و دەبێ لە داهاتووشدا ئەو چارەنووسەمان بە یەكەوە بێت و بە یەكەوە بەرپرسیارەتی هەڵبگرین.”
پارێزگاری كەركووك دووپاتی كردەوە: ”خەڵكی كەركووك ڕۆژی ڕیفراندۆم قسەی خۆی دەكات، چونكە دەنگی خەڵكی ئەم شارە بەڵێیە بۆ سەربەخۆییی كوردستان، لە ئێستاشەوە ئامادەكاریی تەواو كراوە بۆ ڕۆژی ڕیفراندۆم و سەرجەم دامەزراوەكانی شارەكە پێشوەختە كۆبوونەوەیان كردووە و ئامادەییان كردووە بۆ ئەو ڕۆژە و بە خۆشحاڵیشەوە، لقی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە كەركووك كراوەتەوە و ئەوەش مایەی دڵخۆشییە بۆ شارەكە، كە لەوێوە كارەكان ڕاپەڕێنرێت.”
(د. نەجمەدین كەریم) باوەڕی وایە: ”بەغدا وەك تۆڵەیەكی سیاسی بڕیاری داوە بە لادانم، من سوپاسی سەرجەم حزب و لایەنەكان و ئەنجومەنی پارێزگاش دەكەم، كە بڕیارەكەیان ڕەت كردەوە، خۆیشم لەگەڵ بەڕێز (بارزانی) قسەم كردووە، ئەویش لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە قسەی خۆیان كردووە، كە ئەم بەدەنگەوەهاتنە دڵخۆشییە.”

Back to top button