سەردانەکەی بارزانی، دەسکەوتی دیپلۆماسیەتی دەرەوە و نەخۆشییە بەردەوامەکەی ناوخۆ

سەروەت هەڵەبجەیی

ناوچەکە بە ئاراستەیەکی جیاوازدا دەڕوات و بە دڵنیاییەوە گۆڕانکاری زۆریشی تێدا بەدیهاتووە و ڕەنگە لە داهاتووشدا گۆڕانکاری گەورەتریش ڕوو بدات. بەڵام کورد لە کوێی ئەم گۆڕانکارییەدایە. ئەوەی کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو بینراوە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان ئەندامێکی کارای هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووە. لەم پێناوەدا و لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی داعش، ڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان وەک هێزی وشکانی و پاڵپشتی ئاسمانی ئەو هاوپەیمانێتییە لە پاشەکشەی داعش و پاراستنی ئەمن و سەقامگیری هەرێمی کوردستان بەرچاو و کاریگەر بووە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەم پەیوەندییە و پێگەی هەرێمی کوردستان لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی پشکە زۆرەکەی بۆ هەوڵ و تێکۆشانی کێ دەگەڕێتەوە؟ جیاواز لەوەی کە لە هەرێمی کوردستان لە نێوان لایەنە سیاسییەکان ناکۆکی و بۆچوونی دژ بە یەک لە ئارادایە، دەتوانم بڵێم کە ڕۆڵ و کاریگەری مەسعود بارزانی و دیپلۆماسیەتی سەرکەوتووی لە ئاستی نێودەوڵەتی لە سازدانی ئەم پێگەیە بۆ کورد گرنگی و بایەخی زۆری هەبووە. سەردانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی بارزانی بۆ تورکیا لاپەڕەیەکی دیکەی هەمان سەرکەوتنی دیپلۆماسیەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە. لە تورکیا پێشوازییەکی گەرم لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا. لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار لە گەڵ ئەردۆغان کۆبووە، پاشان لە گەڵ بیناڵی یڵدرێم سەرۆک وەزیرانی تورکیا کۆبوونەوەیەکی دیکە ساز کرا. ئەگەرچی باس لەوە دەکرێت کە دۆخی سوریا و بارودۆخی ناوچە کوردنشینەکانی ئەم وڵاتە تەوەرێکی وتووێژەکانی بارزانی و گەورە بەرپرسانی تورکیا بووە تا بە چەشنێک هێزە سیاسییەکانی دیکەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ببنە بەشێک لە داهاتووی سیاسی و سەربازی ئەو ناوچانە، بەڵام بێ گومان سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵی ئەوەشی داوە جارێکی دیکە پرۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان زیندوو بکرێتەوە و چیدی دیمەنی کوشتن و شەڕ و پێکدادان لە نێوان کوردان و حکومەتی تورکیا نەبینرێت و لە پرۆسەیەکی سیاسی – دیمۆکراسیدا هێزە کوردییەکان خەباتی ڕەوای خۆیان لە پێناو مسۆگەربوونی مافەکانیان درێژە پێ بدەن. لە لایەکی دیکەوە پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان بێ گومان لە پاش ئەم سەردانە بەهێزتریش دەبێت و ئەمە بۆ کوردستان گرنگە کە لە پەیوەندیی لە گەڵ جیهانی دەرەوە هەوڵی بوژانەوەی بواری ئابوری خۆی بدات و بە تەنیا بەکارهێنەری کاڵا و بەرهەمی ئەو وڵاتانە نەبێت. دەوترێت کە پرسی داخستنی قوتابخانەکانی سەر بە بزوتنەوەی فەتحوڵا گویلەن یەکێکی دیکە لەو تەوەرانە بووە کە لە دانوستانەکانی گەورە بەرپرسانی تورک لە گەڵ بارزانی قسەی لە سەر کراوە. بەڵام هاوکاتبوونی ئەم سەردانە لە گەڵ هاتنی جۆ بایدن بۆ تورکیا خاڵێکی گرنگە. سەرۆکی هەرێم لەم سەردانەیەدا بۆ ئەنکەرە لە گەڵ جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکاش کۆبووە. لە بیرمان نەچێت کە بایدن خاوەنی گەڵاڵەی دابوشبوونی عێراقە بۆ سێ بەشی کورد، سوننە و شێعە. بە دڵنیاییەوە پرسی سەربەخۆیی و بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی دیاری کردنی مافی چارەی خۆنووسین لەو کۆبوونەوە و تەنانەت لە کۆبوونەوەکانی دیکەش لە گەڵ بەرپرسانی تورکیا باس کراوە. واتە بارزانی هێزی دیپلۆماسیەتی خۆیی بەکار هێناوە تا ئەم پرسە هەردەم بە زیندوویی بمێنێتەوە و کەس نەتوانێت لەوە ڕێگری بکات کە ئێمەی کورد بەو مافەی خۆمان بگەین. درێژەی ئەو سەردانەش بۆ ئەورووپا هەمان مەبەستی تێدایە. دیارە کە یەکێتی ئەورووپا بە یەکێک لە لایەنە گرنگ و کاریگەرەکانی جیهان لە سەرجەم بوارەکان دادەنرێت و داهاتووی پەیوەندییەکانی لە گەڵ هەرێمی کوردستان بە شێوازی ئێستا یان لە ئەگەری سەربەخۆیی بۆ کورد گرنگ دەبێت. سەرۆکی هەرێم سەرکەوتووانە لە شەڕی داعش و لە هاوڕاکردنی وڵاتانی جیهان لە گەڵ کورد ڕۆڵی گرنگی هەبووە، دیپلۆماسیەتی دەرەوەی کوردستانیش پێویست بە هیچ شرۆڤەیەک ناکات، بەڵام سەرکەوتنەکەی بارزانی پێویست بە خاڵێکی هەرە گرنگ دەکات و ئەویش ڕێکخستنی نێو ماڵی کوردە. لە کاتێکدا کە وڵاتانی جیهان بەوپەڕی ڕێزەوە لە کوردستان و دیپلۆماسیەتی دەرەوەی دەڕوانن، لە ناوخۆی کوردستان لە هەر ناوچەیەک دەنگێکی جیاواز دەبیسرێت و هیچ کۆدەنگییەک لە پرسە جیاوازەکان بە تایبەت ئەو پرسانەی کە تایبەتن بە بواری نەتەوەیی کوردەوە، نابینرێت. فرەدەنگی و ڕێڕەوی جیای پارت و لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان کێشەیەکی گەورەی لە بەردەم ئەو ئامانجەدا درووست کردووە کە بارزانی لە جیهانی دەرەوە هەوڵ و تێکۆشانی لە سەر دەکات. لەم هەرێمەی کە پارلەمان پەکی کەوتووە، ئەنجومەنی وەزیران ئەوەندە لە ئیش و کارەکانیدا سەرکەوتوو نەبووە، خزمەتگوزارییە گشتییەکان لەم سەردەمەدا لە ئاستێکی نزمدایە، دەسەڵاتی حیزبی لە ناوچە جیاجیاکان زاڵە بە سەر دەسەڵاتی حکومی و داهاتوویەکی ڕوون بۆ جیاکردنەوەی دەسەڵاتی حیزب و حکومەت پێش بینی ناکرێت و هاوکات هەر لایەنێکی سیاسی بەرەو هاوپەیمانەتییەکی ناوچەیی پەلکێش کراوە، بارزانی چۆن دەتوانێت ئامانجە گەورەکەی بکاتە ئەمری واقیع. ئایا ئەوەندە کە بیری لە هاوڕاکردنی وڵاتانی جیهان بە تایبەت لایەنە کاریگەرەکان لە پرسی سەربەخۆییدا کردووەتەوە هەوڵی ئەوە دەدات کە ناوخۆی کوردستانیش یەک بخات و بە یەک دەنگی بچێتە پێشووازی گۆڕانکارییەکانی داهاتوو. بێ گومان تا نێو ماڵی کورد یەک نەبێت گەیشتن بە ئاواتە لەمێژینەکەی بارزانی ئەستەم دەبێت. ئایا لە پاش گەڕانەوەی لەم گەڕەی سەردانەکەی بۆ وڵاتانی دەرەوە، چارەسەری ئەو نەخۆشییەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات؟ ئایا لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان واز لە بەرژەوەندی حیزبی دێنن و پێکەوە بەرەو دەسکەوتێکی نیشتمانی هەنگاو دەنێن یان لە کەناڵەکانیانەوە درێژە بە هەمان سیاسەتی هەمیشەیی خۆیان دەدەن؟ خەڵکی کوردستان چۆن لەمە دەڕوانێت؟ با بارزانی بگەڕێتەوە بزانین لە ئاستی ناوخۆدا چی ڕوو دەدات و لایەنەکان خاڵێکی هاوبەش بۆ پێکەوە کار کردن دەدۆزنەوە یان هەر یەک بە گۆرانییەکی دڵخوازی خۆی هەڵپەڕکێی پەرتەوازەیی کورد و کوردستان دەکات.

Back to top button