نیویۆرك پۆست: سەربەخۆیی كوردستان سەركەوتنە بۆ ئەمەریكا
لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی سازدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری كوردستان, لە ئێستادا هەرێمی كوردستان بووەتە چەقی گفتوگۆكانی كۆمەلگای نێو دەوڵەتی و نوسەرو میداكانی جیهان, نووسەرێكی ئەمەریكی لە وتارێكدا دەنوسێت، كە پێویستە حكوومەتی ترەمپ بە توندی پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان بكات، چونكە كوردەكان هاوپەیمانی ڕاستەقینە و ڕاستگۆی ئەمەریكان.
جۆناسان ئێس تۆبین نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە پێگەی نیویۆرك پۆست وتارێكی لە ژێرناونیشانی “سەربەخۆیی كوردستان سەركەوتنە بۆ ئەمەریكا” بڵاو كردووەتەوە و تێیدا دەڵێ، ماوەی چەند مانگێكە حكوومەتی ترەمپ بەدەست كێشەی گەورە دەناڵێنێ و چارەسەری گونجاویشیان بۆ نییە، ئێران گەورەترین براوەی ململانێكانە لە عێراق و سووریا، چونكە بە تەواوی لە جەنگی ناوخۆی سووریا بەشدارە و كاریگەری كارایشی لەسەر شیعەكانی عێراق هەیە، بۆ ئەوەی ڕێڕەوێكی ئارام بۆ گەیشتن بە لبنان و یارمەتیدانی چەكدارانی حزبوڵا دروست بكات، ئەو كودەتایەی تاران لە ناوچەكە ئەنجامی دەدا، كودەتایەكی ستراتجییە بەسەر بەرژەوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و هیچ ڕێیەك بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناهێڵێتەوە، حكوومەتی ترەمپیش تا ئێستە هیچ بیرۆكەیەكی نییە و نازانێ چی بكات بەرامبەر بەو هەوڵانەی تاران.
ئاماژەی داوە، تاكە وەڵامێك كە پێویستە حكوومەتی ئەمەریكا بیداتە تاران، پشتیوانیكردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانە، چونكە سەربەخۆبوونی كوردستان دەبێتە هۆی دروستبوونی دیوارێكی كۆنكرێتی بە ڕووی فرەوانخوازییەكانی تاران و سەپاندنی هەژموون بەسەر ناوچەكە، بۆیە ئەمەریكا هیچ هۆكارێكی نییە تا دژی ریفراندۆمی كوردستان بێ، سەیرە كۆشكی سپی نیگەرانی لەسەر ئەو پرسە دەردەبڕێ، بۆچی سەربەخۆبوونی كوردستان مەترسی لەسەر شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دروست دەكات، هێزەكانی پێشمەرگە كاراترین هێزی وشكایین كە تیرۆریستانیان لە سەرجەم ناوچەكانیان بە تەواوی تێك شكاند، لە كۆتاشدا شەڕی تیرۆریستانی داعش كۆتای دێ، توركیا و ئێران و حكوومەتی عێراقیش دژی سەربەخۆیی كوردستانن، بیانووی ئەوەیان هەیە كە دەبێتە هەڕەشەیەك و سەرنج لەسەر شەڕی تیرۆر ناهێڵێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریكا و بەرپرسانی تری ئەمەریكا داوا لە كوردستان دەكەن ریفراندۆمی سەربەخۆیی خۆیان دوا بخەن، ئەگەر تیرۆریستانی داعش هەڕەشەیەكی گەورەن بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە، بێگومان هێز و پاوانخوازییەكانی ئێران مەترسییان زۆرتر نەبێ، كەمتر نییە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا، ئەگەر بەری پێ نەگیرێت.
هەروەها دەڵێ، بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی لە تیمی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا دەری دەبڕن، سەرۆك ترەمپ ئێستەیش سوورە لەسەر پاشگەزبوونەوە لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی كە باراك ئۆباما و وڵاتانی تر لەگەڵ ئێران ئەنجامیان داوە، ئەمەریكا ئێستە به تەواوی لای ڕوونە، ئەو ڕێككەوتنە ئەتۆمییە بە هیچ شێوەیەك ڕێ لە ئێران ناگرێ بۆمبی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت، ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە ئێستە لە دنیا دانەپچڕاوە گەمارۆكان توند نەماون، جگەلەوەیش مووشەكی دوورمەودا تاقی دەكاتەوە، لە كۆتادا دەبێتە سەكۆی هەڕەشەكان لە ڕێی ئەو ڕێككەوتنە ئەتۆمییەوە، پرسەكان ئاڵۆزن، ترەمپ ئارەزوویەتی پێوەندییەكان لەگەڵ مۆسكۆ بەرەو باشی ببات، پێشتریش ئۆباما ئازادی تەواوی بە ئێرانییەكان دا لە سووریا ڕۆڵ بگێڕن، بۆیە دژیەكی گەورە لە سیاسەتی دەرەوەی هەردوو سەرۆكدا هەیە، وەك كلیكی كرانەوەی سیاسەتێكی تازە دەرەوە، پێویستە هانی كوردستان بدرێ و پشتیوانی بكرێ بۆ ئەوەی ببێتە كۆسپێك لە بەردەم پیلانەكەی ئێران بۆ بەكارهێنانی خاكی عێراق و سووریا و لبنان و گەیشتنی بە حزبوڵا و دەریای ناوەڕاست و كەرتی غەزە، چونكە بەم شێوەیە بەری پێ نەگیرێ، دەبێتە هەڕەشەیەكی مەترسیدار بۆ سەر ئەمەریكا و ئیسرائیلی هاوپەیمانی.
لە بەشێكی تری وتارەكە هاتووە، لە خراپترین سیناریۆ دەتوانرێ سوود لە كوردەكان ببینرێ لە ناوخۆی ئێران، بەمەرجێك ئەمەریكا بە تەواوی پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان بێ و گرەنتی تەواوەتی پێ بدات، چونكە كوردەكان سەلماندیان دەتوانن بەرگری لە خۆیان بكەن، تەنیا ئەوەی لە ئەمەریكا پێویستیانە كە ڕێ بگرێ لەوەی هیچ سزایەكیان بەسەردا بسەپێنرێ و هاوكاری تەواویان بكات، بەم كارەی ترەمپ بۆ پشتیوانیكردنی سەربەخۆیی كوردستان، ئێران دەخاتەوە دۆخی بەرگری لەخۆكردن، لە جیاتی پەلهاوێشتن و پاوانخوازی، بەمەیش بە تەواوی بەخۆیدا دەچێتەوە و كردە تیرۆریستییەكانی لە ناوچەكە ڕادەگرێ و پەرەپێدانی مووشەك و بەرنامە ئەتۆمییەكەی دەوەستێنێ و دێتەوە ژێرباری ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە.
لە كۆتادا ئەو نووسەرە دەڵێ، كوردەكان هاوپەیمانی ڕاستگۆ و ڕاستەقینەی ئێمەن، لە جیاتی هەمووان دژی تیرۆر جەنگان، پشتیوانی سەربەخۆبوونیان كارە ڕاستەكەیە و پێویستە بەو پشتیوانییە هەڵبستین، ئەمەیش دەبێتە یارییەكی زیرەكی ئەمەریكا بۆ بچووككردنەوەی ڕۆڵی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەیش سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ ئەمەریكا، چونكە بەبێ هیچ هێز و بودجەیەك بەربەرستێكی گەورە بە ڕووی تاران دروست دەكات.
سەرچاوە/نیویۆرك پۆست.