ئەكادیمییەكی عەرەب: لە بری هەموو نەتەوەی عەرەب داوای لێبووردن لە گەلی كوردستان دەكەم
لەگەڵ ئەوەی هەنگاوەكانی بەرەو سەربەخۆیی كورستان تا دێت لە سەربەخۆیی كوردستان نزیكمان دەكاتەوە, ئەكادیمییەكی عەرەب: لە بری نەتەوەكەم داوای لێبووردن لە گەلی كوردستان دەكەم
ئەكادیمی و پزیشكێكی عەرەب لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا، رایگەیاندووە، كە لە بری نەتەوەی عەرەب، داوای لێبووردن لە گەلی كوردستان دەكات.
دكتۆر بیلال ئەلقەرعان، پزیشك و مامۆستای زانكۆ لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا، كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە، رایگەیاندووە، ئێستا كاتی ئەوەیە رۆشنبیر و زاناكانی عەرەب دان بەو راستییەدا بنێن، كە گەلی عەرەب ستەمێكی زۆرتان لە گەلی كوردستان كردووە.
بیلال ئەلقەرعان هەروەها رایگەیاندووە، گەلی كوردستان لەسەر خاكی خۆی دەژی و عەرەب ئەوانی لەسەر خاكی خۆی دەركرد، ”عێراق و عەرەب كوردستانی داگیر كرد، گەلی كوردستان بە ژیان لەژێر ئەو داگیركارییە رازی بووە، هێشتا ئێمە مافەكانی ژتیانیان پێ نادەین“.
ئەو ئەكادیمییەی عەرەب، كە بە خەڵكی ئوردنە و ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی، بە ئاماژەكردن بەوەی لە وڵاتەكەی خۆی هیچ كێشەیەكی نییە، بەڵام داوای لە حكوومەت و گەلی كوردستان كردووە دوای سەربەخۆیی كوردستان، پاسپۆرت و رەگەزنامەی دەوڵەتی كوردستانی پێ ببەخشن ”شەرەفمەند دەبم بە بوون بە خاوەنی پاسپۆرتی كوردستان“، تاوەكو مندالەكانی خۆی و نەوەی نوێی عەرەب ”لەسەر ئەوە رابهێنم، كە هەموو گەلێك مافی سەربەخۆیی هەیە“.
بیلال ئەلقەرعان پێی وایە گەلی كوردستان مافی خۆیەتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام بدات و رایگەیاندووە، ئەو كاتە هەستی بەوە كردووە، كە گەلی كوردستان ستەمێكی زۆری بەدەست عەرەبەوە بینیوە، كە بیری لەو كوشتن، جینۆسایدكردن و ستەمەی گەلی كوردستان كردووە بە دەستی گەلی عەرەب.
ئەو پزیشكە عەرەبە بە ئاماژەكردن بەوەی زۆرینەی عەرەب هێرشی دەكەنە سەر، لەبەر ئەوەی بەرگریی لە مافی گەلی كودستان دەكات، رایگەیاندووە، كە لە بری گەلی عەرەبەوە داوای لێبووردن لە گەلی كوردستان دەكات، بۆ ئەو ستەمەی گەلەكەی ئەو لە كوردستانیان كردووە.
بیلال ئەلقەرعان گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی گەلی كوردستان مافی خۆیەتی خۆی بە عێراقی و و خاوەنی ناسنامەی عەرەبی نەزانێ، چونكە كوردن، عەرەب نیین و كەس ناتوانێ بە زۆر بیانكاتە عەرەب.
ئەلقەرعان سڵاو بۆ گەلی كوردستان دەنێرێت و بە گەلێكی ”ئازا، بە وەفا، دڵسۆزترین“ ناوی دەهێنێت و پـێی وایە ئێستا كاتی ئەوەیە وڵاتانی عەرەب هەڵوێستێكی مێژوویی بنوێنن و پشتگیریی خۆیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان رابگەیەنن.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ، كە خۆی بە دۆستێكی كوردستان دەزانێ و دەڵێ ”دڵم بۆ خۆشەویستیی كوردستان لێ دەدات“، داوا لە گەلی كوردستان دەكات بچنە سەر سندووقەكانی ریفراندۆم و دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان بدەن و دڵنیایی خۆی لەوە نیشان داوە، كە ”بەم زووانە“ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دروست دەبێت.
بیلال ئەلقەرعان رێزگرتنی گەلی كوردستان لە ئیسرائیل بە ئاسایی دەزانێت، چونكە ”ئیسرائیل تاكە وڵاتە بە ئاشكرا پشتگیرییان دەكات“ و روو لە گەلی عەرەب دەكات و پێشنیازی ئەوە دەكات، كە ”با 22 دەوڵەتەكەی عەرەب پشتگیرییان بكات و رێز لەو مێژوو و كولتوورە هاوبەشە بگرن،، كە لەگەڵ كورد هەمانە“.
ئەلقەرعان پەیامێكیش بۆ حكوومەت و دەسەڵاتدارانی عەرەب دەنێرێت و دەڵێت، ”با وابكەین كوردستان ببێتە دۆستمان نەك دوژمن“، چونكە خەڵكی كوردستان كەسانی ”ئازا و پیاوی رۆژی تەنگانەن و هەرگیز خیانەت لە دۆستەكانیان ناكەن“.