نوێنەری حكومەتی كوردسیان لە ئەوڕوپا: 33 پەرلەمانتاری ئەوروپی پشتگیری خۆیان بۆ گشتپرسی سەربەخۆیی كوردستان ڕاگەیاند
نوێنەری حكومەتی كوردسیان لە ئەوڕوپا: 33 پەرلەمانتاری ئەوروپی پشتگیری خۆیان بۆ گشتپرسی سەربەخۆیی كوردستان ڕاگەیاند
لە پێشهاتێكی گرنگدا لە برۆكسل-ی پایتەختی سیاسی ئەوروپا، ڕۆژی چوارشەممە 20-9-2017، 33 پەرلەمانتاری یەكێتیی ئەوروپا كە هەموویان ئەندامی (گروپی دۆستایەتی كوردستان لە پەرلەمانی ئەوروپا)ن، بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە كە تێیدا پشتگیری خۆیان بۆ ”خواستی خەلكی كوردستان بۆ مافی چارەی خۆنووسین و ڕێكخستنی ریفراندۆم” دەرخست.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بە مێژووی كورد لە یەك سەدە لە نەهامەتی و چەوسانەوە لە سەر دەستی ڕژێمە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق كراوە و هەروەها هاتووە كە ”خەڵكی كوردستان مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی هەیە كە ئەوەش لە جاڕنامەی مافە بنەڕەتییەكانی نەتەوە یەكگرتوەكاندا چەسپاوە”.
لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا پەرلەمانتارانی ئەوروپی ئاماژە بە ئەزموونی كوردستان لە خۆبەڕێوەبەری دەكەن و دەڵێن ” لە دەیەی ڕابردوودا كوردەكان لە عێراق مۆدێلێكی سیاسیان پەیڕەوكرد كە تێیدا مافی تێكڕای پێكهاتەكان و هەروەها یەكسانی نێوان ژن و پیاو دەستەبەركراوە”. جگە لەوەش پەرلەمانتاران ئاماژە بە ڕۆڵی كورد دەدەن لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش-دا و ڕایدەگەیەنن كە ”كوردەكان بە خوێن و ماڵ قوربانیان دا” و كوردستان 1.8 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆی عێراق و سوریای لەخۆگرتووە. پەرلەمانتارانی یەكێتیی ئەوروپا هەروەها دەڵێن ئێمە دڵنیاین كە كوردستانێكی بەهێز و دیموكراتی بنكەفراوان، دەبێتە فاكتەری سەقامگیری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە كۆتاییدا پەرلەمانتارانی یەكێتیی ئەوروپا داوا لە لایەنی جێبەجێكار لە یەكێتیی ئەوروپا دەكەن كە ستراتیژێكی نوێ بەرامبەر عێراق دابڕێژێ كە بگونجێ لەگەڵ واقیعی نویی عێراقدا. 33 پەرلەمانتارەكەی یەكێتیی ئەوروپا هەروەها داوا دەكەن كە جگە لە جەختكردنەوە لە یەكێتیی و سەروەری و یەكپارچەیی خاكی عێراق كە هەمیشە لە بەیاننامە فەرمییەكانی یەكێتیی ئەوروپادا بڵاودەبنەوە، یەكێتتی ئەوروپا هاوكات ئاماژە بە خواستی ڕەوای خەڵكی كوردستان بكات و ڕیز لەو خواستە بگرێ.
لە لێدوانێكدا سەبارەت بەو بەیاننامەیەی پەرلەمانتارانی ئەوروپی، دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەوروپا خۆشحاڵی خۆی نەشاردەوە و ڕایگەیاند كە ئەو بەیاننامەیە لە كاتێكی گونجاودا دێ و پشتگیرییەكی ڕوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە تێكڕای فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی ئەوروپایە. لە درێژەی وتەكەیدا، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند كە بڵاوكردنەوەی ئەو بەیاننامەیە لە كاتێكدا دێ كە پێشتر ئەمڕۆ خاتوو فێدەریكا مۆگەرینی نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە كە تێیدا دیسان ئاماژە بە پشتگیری یەكێتی ئەوروپا بۆ سەروەری و یەكپارچەیی خاكی عێراق كردبۆوە. لەو بارەیەوە دلاوەر ئاژگەیی ڕایگەیاند كە بەیاننامەكەی پەرلەمانتارانی ئەوروپی وەڵامێكە و دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە لە ناو سیستەمی یەكێتیی ئەوروپادا دەنگی پشتگیر لە تێكڕای وڵاتانی ئەندامەوە بۆ گشتپرسی سەربەخۆیی كوردستان هەیە. شایانی باسە گروپی دۆستایەتی كوردستان لە پەرلەمانی ئەوروپا لە كۆتایی ساڵی 2014 ڕاگەیەندرا و لە ئێستادا 33 پەرلەمانتار لە تەواوی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی ئەوروپا، كە خەڵكی 20 وڵاتی جیاوازن لە یەكێتیی ئەوروپا، تێیدا ئەندامن.