پارێزەر و دادوەرانی كوردستان بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق رەتدەكەنەوە
پارێزەر و دادوەرانی كوردستان بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق رەتدەكەنەوە و پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان پیشاندەدەن. نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستانیش دەڵێت كار بە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ناكەن و ئەو بڕیارە لای ئەوان رەتكراوەیەوە، چونكە بڕیارێكی سیاسی و تائیفییە.
پارێزەر بەختیار حەیدەر، نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان، رۆژی چوارشەممە 20-9-201، لەكاتی بەشداریكردنی لە گردبوونەوەی پارێزەر و دادوەرانی كوردستان دژی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا و رایگەیاند: “ئەمڕۆ وەكو پارێزەر و دادوەرانی كوردستان لەبەردەم دادگا گردبووینەتەوە بۆئەوەی پەیامی خۆمان بگەیێنینە خەڵكی كوردستان و دەسەڵاتدارانی بەغدا بە پەرلەمان و حكومەت و دادگای باڵای فیدراڵی و وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دەرەوە”.
بەختیار حەیدەر دەڵێت: “ئێمەی خێزانی دادوەری هەر هەموومان پاڵپشتی ئەنجامدانی ریفراندۆمن، هاوكات هەر هەمووشمان بە بەڵێ بۆ دەنگدان دەچین”.
نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان پەیامێك ئاراستەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەكات و دەڵێ: “بەداخەوە بڕیارێكتان دەركردووە كە تەنیا ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە سیاسی و تائیفییە، بۆیە ئێمە ئیدانەی ئەو بڕیارە دەكەین، هاوكات پێشیان دەڵێین كار بە بڕیارەكەتان ناكەین، لای ئێمە ئەو بڕیارە رەتكراوەیە، چونكە ئێمە بە یاسا و دەستوور كاردەكەین”.
بەختیار حەیدەر دەشڵێت: “تەنانەت بڕیارەكانی حكومەت و پەرلەمانی عێراق دژی ریفراندۆم و لادانی پارێزگاری كەركووك پێشێلكردنی یاسا و دەستوورن، بۆیە ئێمە بە هیچ یەكێك لەو بڕیارانە پابەند نابین”.
رۆژی دووشەممە 18-9-2017، دادگای فیدراڵی عێراق بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی كۆبووەوە و لەو داواكارییانەی كۆڵییەوە كە داوای راگرتنی رێكارەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكەن، پاشان ئەنجامدانی ریفراندۆم رەتكردەوە و بە كارێكی نایاسایی و نادەستووری لەقەڵەمی دا.