با ترسنۆکەکان ساردتان نەکەنەوە
هەڵوێست میرانى
لەو کاتەى وادەى ئەنجامدانى ڕیفراندۆم لە هەرێمى کوردستان دیارى کراوە زۆرترین قسەو باسى هەڵگرتووە , مێدیا جیهانیەکان بە گرینگیەوە ڕووماڵى ڕووداوەکانى تایبەت بەو پرسە دەکەن , فشارە نێودەوڵەتى و ناوخۆییەکان بۆ دواخستن و ئەنجام نەدانى ڕیفراندۆم شکستى هێناوە , لە ناوەخۆ دەنگێکى کز و کەم ژمارە دەبسترێ کە دەنگێکى رێکخراو و ئمانجدارى ترسنۆکانەیە و هەوڵی بلاو کردنەوە ترس لە دلى هاونیشتیمانیان دەدات گوایە بە هۆى ئەوەى ئەمریکا لەگەڵ ئەنجامدانى پرۆسەى ڕیفراندۆم نیە و وڵاتانى زلهیز دژ بە ئەنجامدانى ئەو پرۆسەیەن , لە ئەگەرى سەرکەوتنى دەنگى “بەڵی” ئەمریکا و ولاتانى زلهێز پشت لە هەرێمى کوردستان دەکەن و بەو هۆیەوەش هەرێمەکەمان ڕووبەڕووى شەڕێکى گەورەی نەخوازراو دەبیتەوە , هێزى سەربازى تورکیا و ئێران و حەشدى شەعبی بە ئاراستەى هەرێمى کوردستان دەجوڵێندرێن ..!
پێم خۆشە بڵاو کردنەوەى ئەو دەنگۆیانە بەو دێرە بچوێنم “کاتێک مێشولەیەک دەکەوێتە ناو مەنجەڵێک خواردنەوە خواردنەکە پیس نابێ بەلام ئەو کەسەى خواردنەکە دەخوات بێز دەکاتەوە و سەر و دڵى دەگیرێ “, بلاو کردنەوەى ئەو دەنگۆیانەش تۆزقاڵێک لە حەماسەت و پەرۆشى هاونیشتیمانیان بۆ پرسى سەربەخۆیی کەم ناکاتەوە بەڵام دەنگى کزى ئەو ترسنۆکانە سەر و دڵمان دەگرێ ..
سیاسەت نموونەى دراوە , دوو ڕووى هەیە ,ڕووى یەکەم بریتی یە لە جوڵەى بەردەم مێدیاکان کە خۆى دەبینیتەوە لە کۆبوونەوەى ئاشکراى سەرکردە و بەرپرسە سیاسیەکان و لێدوان و دیمانە ڕۆژنامەوانیەکان , ڕووى دووەم جوڵەى دەزگاى هەواڵگرى وڵاتانى زلهێزن کە ڕووداوى گەورە درووست دەکەن وکار لە سەر ئەوە دەکەن سیاسەتى درێژ خایەن بکەنە ئەمرى واقیع ..
لاى چاودێران و سیاسەتوانان ئاشکرایە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا سیاسەتى ئەمرى واقیع پەیڕەو دەکات , لە ئێستادا ئەمریکا ئامادە نیە دژ بە سیادەى عێراق هەڵوێست وەرگرێ و بە ئاشکرا پشتیوانى دابەش کردنى عێراق بکات, بەلام لە سەر ئەرزى واقیع ئەمریکا دەمێکە دەستى لە یەکپارچەیی خاکى عێراق شۆردووە, عێراق وەک پاریزگایەکى کۆمارى ئیسلامى ئێران مامەڵە دەکات و دەسەڵاتدارانى ئێران بە ئاشکرا و بە بەرچاوى هەموو دونیا سیاسەتى عێراق ئاراستە دەکەن و بەرپرسە دەستڕۆیشتووەکانى عێراق لە ژێر هەژموونى مەرجەعەکانەوە بوونەتە دەسکەلاى دەستى دەسەڵاتدارانى ئێران, بۆ ئەمریکا ئەلتەرناتیڤ گرینگە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەى پاوانخوازى کۆمارى ئیسلامى ئێران کە هەمیشە هەڕەشە بووە بۆ بەرژوەندییەکانى ئەمریکا لە ناوچەکە , هەرێمى کوردستانیش وەک ناوچەیەکى ئارام لە ڕۆژهەلاتى ناوین باشترین ئەلتەرناتیڤە بۆ ئەمریکا تا لە رێگاى هەرێمى کوردستانەوە سیاسەتى ناوچەکە بە ئاراستەى پاراستنى بەرژوەندییەکانى پیادە بکات.
لە ئێستادا جوڵە دێپلۆماسى و سەربازی ئەمریکیەکان بە پێچەوانەى لێدوانەکانیان دەبینرێ , پەرە بە بنکە سەربازیەکانیان دەدەن لە هەریر و هەڵەبجە و شەنگال و شوێنەکانى تر و خەریکى فراوانکردنى ئەو بنکانەن , دەست بە درووست کردنى گەورەترین قونسوڵخانە کراوە لە هەولێر کە چاودێران لە بیناى باڵوێزخانەى دەچوێنن, جگە لە جوڵە شاراوەکانى تر کە وەک باسم کرد دوور لە چاوى مێدیاکان ئەنجام دەدرین , بەرژوەندى ئابورى تورکیا زۆر لەوە گەورەترە پرسى گشتپرسى وەک هەڕەشە ببنێت, سالانە ئالو گۆڕە بازرگانیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان وکۆمارى تورکیا سەرووى ١٥ ملیار دۆلارە , هەرێمى کوردستان بەشدارە لە راستکردنەوەى بارى لارى ئابورى تورکیا , ئالوگۆڕى بازرگانى نێوان کۆمارى ئیسلامى ئێران و هەرێمى کوردستان ساڵانە ٧ ملیار دۆلارە , ئێران کە وڵاتێکى پەراوێزخراوى کۆمەڵگاى نیو دەوڵەتیە, ئابڵۆقەى ئابورى لە سەرە , هەرێمى کوردستان لە رێگاى مەرزەکانەوە دەرگاى ساغ کردنەوەى کاڵا ئێرانیەکان بە ڕووى کۆمارى ئیسلامى ئێران کردۆتەوە , کەوایە بۆ چاوەڕێی ئەوە بکەین ئەمریکا پەراوێزمان بخات و تورکیا و ئێرانیش هێز بجوڵێنن.
دووشەممە گەورەترین ڕووداوى مێژووىى لە باشورى کوردستان ڕوودەدات و دەرگاى ناوەندەکانى دەنگدان بە ڕووى دەنگدەرانى کوردستان دەکرێتەوە و هاونیشتیمانیان چارەنوسى داهاتووى کوردستان دیارى دەکەن ..ئایا هەرێمى کوردستان سەربەخۆ بێ یاخود لەگەڵ عێراق بمێنێتەوە ..؟
بۆیە تاک بە تاکى باشورى کوردستان لە بەردەم بەپرسیاریەتێکى مێژوویی گەوردان, هەر هەوڵێک بۆ سارد کردنەوەى هاونیشتیمانیان لە بەرامبەر ئەو پرسە چارەنوسسازە ناپاکیە و بۆ هەمیشە وەک پەڵەیەکى رەش بە نێوچەوانى بکەران دەمێنێتەوە .
لە ٢٥ ى ئەیلول هاونیشتیمانیان بە دەنگى ” بەڵێ ” وەڵامى ترسنۆکەکان دەداتەوە .