دواین زانیاری له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مرۆی ئاشكرا ده‌بێت

 
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ـی٩ـی٢٠١٧ لە شاری سلێمانی، بەسەرپەرشتیی بەڕێزان دکتۆر فواد مەعسوم سەرۆککۆماری عێراق و مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی بەڕێز کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە.
 
هه‌ر له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌” لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرەتا دکتۆر فواد مەعسوم باسی دەستپێشخەرییەکەی خۆی کرد بۆ چارەسەری کێشەکانی کوردستان و بەغدا و ئەو هەوڵانەیش خرانەب بەرباس کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لە ئارادان، وه‌ك له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌” لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی سوپاسی سەرۆککۆماری عێراقی کرد بۆ دەستپێشخەرییەکەی و بە وردی باسی ئەو هۆکارانەی کرد کە بوونەتە هۆی ئەوەی گەلی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بدات. سەرۆک بارزانی ڕوونی کردەوە کە ئێمە هەموو شێوەکانی پەیوەندییمان لەگەڵ بەغدا تاقیکردۆتەوە، لە لامەرکەزییەوە بگرە تا ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی و هەموویان شکستیان هێنا، چونکە لە بەغدا تەنها دەموچاوەکان گۆڕان و هەمان عەقڵییەت حوکمڕانە کە باوەڕی بە پێکەوەژیان و شەراکەت و بوونی گەلی کوردستان نییە. ئێستاش گەلەکەمان دەیەوێ خۆی لەبارەی چارەنووسی خۆیەوە بڕیار بدات. بەڵام دەمانەوێ پێش ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆمیش لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەین تا ببینە دوو دراوسێی باش.
 
له‌ كۆتایی راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌” دواتر کۆبوونەوەکە بڕیاری دا لە دوو ڕۆژی داهاتوودا شاندێکی کوردستانی سەردانی بەغدا بکەن و بە وردی بابەتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و ئامانجی گەلی کوردستان لە بەردەوامیی دۆستایەتی و هاوکاری وەک دوو دراوسێی باش لەگەڵ عێراق، بۆ بەرپرسانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق ڕوون بکەنەوە.
Back to top button