دەستە چەورەکەتان بەسەری ئێمە مەسڕن!

کاوە میران

کەناڵی Ahabarـی تورکی، کە بینەرانی دەزانن زمانحاڵی کام لایەنی تورکیایە، شەوی ١١ـی٩ـی٢٠١٧ لە بەرنامەیەکی سیاسیدا سەبارەت بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، هێندە تووشی هستریا بوو کە جێگای خۆیان و کوردستانیان لێ تێکچوو و زۆر نابەرپرسانە و بە چاووڕوویەکی قایمەوە تۆمەتی هاوکاریی داعشیان دایە پاڵ کوردستان!

زۆر بە داخەوەین کە ڕێگە بدرێت بەو شێوەیە زماندرێژی بەرانبەر کوردستان بکرێت. بەڕاستی ئەو تۆمەتە سەیر و جێگای پێکەنینیشە، ئەوە ئێوەن لەڕووتان دێت تۆمەتی هاوکاری و هاوپەیمانێتی لەگەڵ داعش دەنە پاڵ خەڵک؟ لەکاتێکدا سێ ساڵە هەموو جیهان باسی هاوکاری و هەماهەنگی ئێوە و داعش دەکات و ناتوانن ئەوە بشارنەوە کە ئەو هەموو داعشە لە سنووری ئێوە دەپەڕینەوە. تەنانەت بەشیک لەوانەی لای ئێوە مەشقیان پێ کرا و ڕێگەیان بۆخۆش کرا و دەستیان بە خوێنی پێشمەرگە سوورە، کەوتنە دەست پێشمەرگەی کوردستان.

چۆن توانیتان ئەو تۆمەتە بخەنە پاڵ کوردستان؟ کە هەموو جیهان دەزانێت ئەوە پێشمەرگەی کوردستانە ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەی تێکشکاند و ئەوە ئێوە بوون هاوکاریتان دەکردن. لەبیریشتان نەچێت کوردستان لە جیهاندا وەک یەکەم تێکشکێنەری داعش و پارێزەری ئازادی ناسراوە، بۆیە ئەگەر جارێکی تر ویستتان ناوی کوردستان بهێنن، لەبیرتان نەچێت، کوردستان مەخەنە ئەو جێگایەی کە هی خۆتانە و بۆتان بووەتە مایەی نەنگی.

Back to top button