لە ئەمریكا پاڵپشتی سەربەخۆیی كوردستان فراوان دەبێت
لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری كوردستان, لە ئێستادا پاڵپشتی لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی باشووری كوردستان لە ئەمریكا فراوان دەبێت و بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن “دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان زۆر گرنگە و سوودێكی ستراتیژی بۆ ئەمریكا هەیە”.
لە نیویۆرك كە تێیدا چەند سەركردەیەكی وڵاتانی جیهان داوای دواخستنی ریفراندۆم دەكەن، كۆنفرانسێك لەبارەی ریفراندۆم بەڕێوەچوو و تێیدا بەرپرسانی ئەمریكا پاڵپشتی خۆیان بۆ كوردستان راگەیاند.
رۆژی سێشەممە 19-9-2017، رۆژی گوتاری ساڵانەی سەرۆكەكان بوو لە نەتەوە یەكگرتووەكان، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا گوتی “لێرەوە داوا لە حكومەتی كوردی عێراق دەكەین كە ئەو دەستپێشخەرییە هەڵبوەشێننەوە كە دەسستیانپێكردووە”.
هەڵوێستی ئەردۆغان و هەڵوێستی فەرمی حكومەتی ئەمریكا بەرامبەر ریفراندۆم كوردستان لەیەكەوە نزیكن، بەڵام لەنێو كۆمەڵگای ئەمریكیدا بۆچوونێكی هێندە نێگەتیڤ بەرامبەر كورد بوونی نییە.
كەسانی گرنگ هەن لە سیناتۆرەوە بۆ راوێژكارە گرنگەكان و تەنانەت حاكمی ویلایەتەكانیش، پاڵپشتییەكی گەورە بۆ مافەكانی كورد تێبینی دەكرێت.
رۆژی سێشەممە لەكاتێكدا، ئەردۆغان لە نەتەوە یەكگرتووەكان داوای دواخستنی ریفراندۆم دەكرد، لە هوتێلی رۆزەڤێلت كە چەند شەقامێك لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دوورە بۆنەیەكی دیكە هەبوو كە تیایدا دۆزینەوە لایەنگرانی ریفراندۆم زۆر ئاسان بوو.
كۆنفرانسەكە جەختیكردبووە سەر چۆنییەتی رێگریكردن لە دروستبوونی ئێرانێكی خاوەن چەكی ئەتۆم، ئامرازێك بۆ ئەم كارە، بەڕای هەندێك، دروستبوونی دەوڵەتی كوردستانە.
مایكڵ ماكۆڤسكی، سەرۆكی پەیمانگای جوولەكە بۆ ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكا دەڵێت “پێموایە دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان زۆر گرنگە و سوودێكی ستراتیژی بۆ ئەمریكا هەیە بۆ رووبەڕبوونەوەی كاریگەری ئێران”.
حاكمی ویلایەتی نیوجیرزی كە ساڵی پار یەكێك بوو لە كاندیدەكانی سەرۆكایەتی بۆیەكەمجار لە ڕێگەی رووداوەوە پاڵپشتی كوردستانی سەربەخۆ دەكات.
كریس كریستی، حاكمی ویلایەتی نیوجیرزی بە رووداوی راگەیاند “ئەمریكا دەبێت پاڵپشتی لە مافی چارەی خۆنووسینی هەموو گەلان بكات بەتایبەتی گەلی كورد، كە شایستەی رێز و هاوكاری ئێمەن و هەمیشە پاڵپشتی منیان هەبووە”.
سیناتۆر مارك كیرك، دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان لە نیگەرانییەكانی دەوڵەتانی هەرێمەكە بە گرنگتر دادەنێت.
مارك كیرك، سیناتۆری كۆمارییەكان گوتی ” ئەم ریفراندۆمە روودەدات، دەبێت پاڵپشتی دەنگدانی دیموكراسیانەی گەلی كورد بكەین بێ گوێدانە ئەوەی عێراق چی دەڵێت، بێ گوێدانە ئەوەی توركیا چێ دەڵێت و بەتایبەتی بێ گوێدانە ئەوەی ئێران چی دەڵێت”.
فراوانبوونی پاڵپشتی كوردستان لە نێو بازنەی نافەرمی و نیمچەفەرمی كۆمەڵگای ئەمریكادا گۆڕانكارییەكی نوێیە كە دەكرێت ببێتە فشارێكی كاریگەر لەسەر هەڵوێستی فەرمی ئیدارەی ترەمپ ئەگەر بێتوو كوردستان سەربەخۆی راگەیاند.