نوسەرێك مارشی سەربەخۆی كوردستان دەنوسێت

 

هونەرمەند و نوسەرو ئەكادیمی كورد حەمە سەعید حەسەن شیعرێكی بە ناوی مارشی سەربەخۆیی بڵاو كردۆتەوە كە رە نگە لە داهاتوودا یەكێك بێت لەو شیعرانەی كە بۆ مارشی نیشتمانی دەوڵەتی كوردستان دیاری دەكرێت.

 

مارشی سەربەخۆیی

 

وەكوو كێو ڕەمزی بەرگرین

وەكوو هەڵۆ

بەدەم فڕینەوە دەمرین

 

خوێنمان بڕژێ

دەبێ بە گوڵ بۆ سینگی شاخ

لەشمان بڕزێ

دەبێ بە فەڕ بۆ كێڵگە و باخ

 

دێوی مەحاڵ كەوی دەكەین

سەر بە نەیار نەوی دەكەین

 

بە خوێن سنوورمان كێشاوە

بستێ ناگەڕێینە دواوە

 

لە دڵمانەوە هەڵدەقوڵێ

عیشقی وەڵات

هەر دەبوو ڕۆژێ بەر بگرێ

داری خەبات

 

وەكوو كێو ڕەمزی بەرگرین

وەكوو هەڵۆ

بەدەم فڕینەوە دەمرین

 

٢٠ی ٩ی ٢٠١٧

Back to top button