مهكتهبی سیاسی پارتی هیوا خوازین ئهم بۆنه پیرۆزه هاندهری زیاتری پێكهوه ژیان و ئاشتی بێت
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا (یەكی موحەرەم)سەری ساڵی كۆچیی، پیرۆزبایی لەسەرجەم موسڵمانان دەکات، رایدەگەیەنێت یەكخستنی هەوڵ و كۆششەكان و هەنگاونان بۆ گەیاندنی میللەتەكەمان بە كەناری ئارامیی هەمیشەیی و رەخساندنی زەوینەی بونیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی نیشتیمانی بە گرینگ دەزانێ.
ئهمهش دهقی پهیامهكهی مهكتهبی سیاسی پارتیه به بۆنهی یهكی موحهرهم، سهری ساڵی كۆچی:-
بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان
بە بۆنەی هاتنەوەی (یەكی موحەرەم)سەری ساڵی نوێی كۆچییەوە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی كوردستان و جیهان دەكەین، هیواخوازین ئەم بۆنە پیرۆزە هەوێنی خێرو بەرەكەت و خۆشی یەكجارەكی بێت بۆ هەموو لایەك و مایەی كۆتایی هێنان و بنبڕكردنی ئێش و ئازارو دەردەسەری و نەهامەتیەكانی گەلەكەمان بێت، هەروەها هاندەری زیاتری چەسپاندنی ئاشتەوایی و پێكەوەژیان بێت بۆ تێكڕای چین و توێژو پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستان و دوورخستنەوەو وەلانانی ئەقلیەت و خولیای توندوتیژی و شەڕانگێزی و دووبەرەكی لە ناو كۆمەڵەكەماندا.
ئەمڕۆ گەلی كوردستان بە تێكڕای پێكهاتە جیاجیاكانیەوە بە هەلومەرجێكی زۆر هەستیاروچارەنووسسازدا رەت دەبێت، بۆیە داواكارین و لەو بۆنە پیرۆزەشدا بە گشت لایەك هەوڵی پتەوكردنی زیاتری گیانی برایەتی و تەبایی و یەكدەنگیی بدەین، بەتایبەتی لەرووی چەسپاندنی سەقامگیریی و ئاسوودەیی و باشتركردنی باری گوزەرانی هاووڵاتیان، هەروەها یەكخستنی هەوڵ و كۆششەكان و هەنگاونان بۆ گەیاندنی میللەتەكەمان بە كەناری ئارامیی هەمیشەیی و رەخساندنی زەوینەی بونیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی نیشتیمانی.
جارێكی دیكە یەكی موحەرەم، سەری ساڵی 1439ی كۆچی، لە سەرجەم موسڵمانان پیرۆزبێت…
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان