با هیچمان بە ئاگر نەسوتێین کەواتە یاری پێ مەکەن

سەرۆ قادر
 
بەکر بۆزداخ کە جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیایە، ڕایگەیاندوە گوایە تورکیا ڕێگا نادات ڕیفڕاندۆم بکرێت.
 
ئەو قسانەی ناوبراو جاری چەندەمە کە لێپرسراوانی دەوڵەتی تورکیا سەبارەت بە ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەیکەن و لوت بەرزییەکی زۆر ناشایست نیشان دەدەن.
 
ئەوەش لە دۆستایەتی و هاوکاری لەپێناو بەرژەوەندی هاوبەش دوورە. ناوبراو دەڵێت ئێمە ڕێگا بە بارزانی نادەین و لەو ئاگرەدا دەیسوتێنین کە یاری پێدەکات.
 
لەوە زیاتریش دەڕوات و دەڵێ ئەوانەی لایەنگری بارزانیش دەکەن لەو ئاگرەدا دەسوتێن.
 
من حەز دەکەم بەبیر بەڕێز بۆزداخ بێنمەوە کە ئێمە میللەتێکی کۆنی ئەم سەرزەمینەین و وەک هەر میللەتێکی تر مافی خۆمان هەیە و ئیرادەی خۆمان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان بەکاردێنین. وێدەچێ بوزداغ ئاگای لە مێژوو نەبێت کە ئێمە سەد ساڵە هەوڵ و تێکۆشانمانە بۆ شەراکەت و برایەتی لە عێڕاقدا، کەچی هەمیشە وەڵامی پێچەوانە و دوژمنکارانە دەبیستین.
 
ئیدی بە ئەندازەی پێویست تەحەمولمان کردوە و گلەییمان لەسەر نەماوە. کاک بوزداغ ئێوە لە و لوت بەرزییەتانەوە ئەم دواییە گەف و گوڕتان زیاد بووە! کە تۆ هەڕەشەیەکی ناهەق دەکەی گوایە دەمانسوتێنی، دەبێ بزانی تەبیعەتی ناوچەکەمان وایە هەر ئێمە ناسوتێین، ئەوەی ئاگر لەبەرامبەر ئاشتیخوازێتی ئیمە بەکاربێنێ لەوانەیە لەپێشەوە ئەو بسوتێت.
 
کەواتە لەپێناوی سەلامەتی خۆتان کەمتر زمان لە ئاگر بدە. ئێمە چاوەڕوانی بەردەوامی هاوکاری و بەرژەوەندی هاوبەش و چەسپاندنی ئاشتی لە ئێوە دەکەین نەک ببنە کورەچی و دراوسێکانتان بسوتێنن کە شەو و ڕۆژ باسی برایەتی و ئامۆزایەتی لەگەڵمان دەکەن.
 
ئەوەی دەبێ عیبرەت لە مێژوو وەربگرێ ئێوەن، نەک ئێمە.
 
دوای سەد ساڵ جیهان شاهیدی بۆ ماف و ئینسانییەت و مەزڵومییەتی ئێمە دەدات، بەڵام خۆت دەزانی ئێوە لەبن قورسایی مێژوودا چۆن چەماونەتەوە
Back to top button