ته‌ڤده‌م: رووسیا بۆ بەرژەوەندیی خۆی هاوکاریی دەکردین

خواكوڕك

هەفتەی رابردوو، سوپای ئازاد بە پشتگیریی سوپای تورکیا چوونە ناو شاری جەڕابلوس لە باکووری سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکراتی، کە یەپەگە باڵی سەرەکییەتی، ناچاری کشانەوە بوون لە شارەکە.
سەرکردەیەکی تەڤگەری جڤاکا دیموکراتی (تەڤدەم)، کە پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) باڵی سیاسییەتی، رایدەگەیەنێت، رووسیا بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆی هاوکاریی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی دەکرد.

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی سەرکردایەتیی تەڤدەم رۆژی 27ـی ئابی 2016 بە رۆژنامەی (قودسی عەرەبی) راگەیاندووە، کە چوونە ناوەوەی سوپای تورکیا بۆ شاری جەڕابلوس پێشتر رووی داوە، بەڵام هەڵبژاردنی وادەی راگەیاندنەکە بۆ ئەوە بووە، کە بکەوێتە یادی 500 ساڵەی شەڕی (مەرج دابق) لە نێوان عوسمانییەکان و مەمالیک، کە بەهۆیەوە عوسمانییەکان چوونە ناو خاکی سووریاوە.

ئاڵدار خەلیل پێیوایە هەرچەندە سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە پشتگیریی سوپای تورکیا چوونەتە ناو شاری جەڕابلوس و ناوچە سنوورییەکان، بەڵام هێزەکانی سووریای دیموکراتی دەتوانن لە شاری منبجـەوە بچنە ناوچەی باب و خۆیان بگەیەننە شاری عەفرین.

سەبارەت بە هەڕەشەی ئەمریکا لە یەپەگە، بەوەی ئەگەر لە رووباری فورات بپەڕنەوە، ئەوا هاوکاریی ئەمریکا لەدەست دەدەن، ئاڵدار خەلیل رایگەیاندووە، ئەو هەڕەشەیە تەنیا بۆ یەپەگەیە و هێزەکانی سووریای دیموکراتی ناگرێتەوە.

ئەو سەرکردەیەی تەڤدەم ئاماژەی بەوەش کردووە، کە رەنگە ناچار بن رووبەڕووی سوپای تورکیا و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا ببنەوە، ئەگەر لە نزیک جەڕابلوس هێرش بکەنە سەر هێزەکانی سووریای دیموکراتی، ”بەڵام بەپێی توانا هەوڵ دەدەین ئەو رووبەڕوو بوونەوەیە روونەدات“.

ئاڵدار خەلیل پێیوایە رووسیا ”بۆ بەرژەوەندیی خۆی هاوکاریی دەکردین“ و بەردەوامیی پرۆژەی فیدڕالیی باکووری سووریاش ”پەیوەندیی بە پەیوەندییەکانی پەیەدە و ئەو وڵاتانەوە نییە“.

Back to top button