شاندی كوردستان: بە بەغدامان راگەیاند دوای ریفراندۆم گفتوگۆ دەكەین

دوای ئەوەی ئەمڕۆ شاندێكی باڵای كۆمیتەی ریفراندۆمی هەرێم سەردانی بەغدایانكرد, سەرۆكی شاندی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان رایگەیاند، بە بەغدایان گوتووە دوای ریفراندۆم گفتوگۆ دەكەن و پرۆسەكەش لە وادەی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنەمەڤانیدا دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان، رۆژ نووری شاوێس، سەرۆكی شاندی كوردستان گوتی “ئێمە بە هەموو لایەكمان راگەیاندووە كە ریفراندۆم لە كاتی خۆیدا دەكرێت، هەروەها دوای 25ی ئەیلوول و پێش ریفراندۆمش ئامادەی گفتوگۆین”.

لەبارەی وەڵامی لایەنە عێراقییەكان، رۆژ نووری شاوێس بە رووداوی گوت “لایەنە عێراقییەكان پێیانوایە ناكرێ گفتوگۆ دوای ریفراندۆم ئەنجامبدرێ، بەڵام ئێمە بە پێمانگوتن دوای ریفراندۆم گفتوگۆ دەكەین”.

لەبارەی ریفراندۆم لە كەركووك، رۆژ نووری شاوێس گوتی “خەڵكی كەركووك خۆیان بڕیاریانداوە بەشداری ریفراندۆم بكەن و كەس ناتوانێت لەجیاتی خەڵكی كەركووك بڕیاربدات”.

هاوكات سەعدی ئەحمەد پیرە، نوێنەری یەكێتی لە شاندی كوردستان گوتی “ئەمڕۆ كۆمەڵێك پڕوپاگەندە بڵاوبووەتەوە بۆ دواخستنی ریفراندۆم، بەڵام لەسەر داوای هەندێك كادیری یەكێتی ریفراندۆم دواناخرێت

سەعدی پیرە گوتیشی “یەكێتی بەشداری ریفراندۆم دەكات و دەنگی جەماوەرەكەشی بەڵێ دەبێت”.

Back to top button