قاسم سولەیمانی فشارێكی دیكە بۆ یەكێتی دروست دەكات

 

فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، جارێكی دیكە سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكات و لە ڕێگەی چەند سەركردەیەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، ھەوڵی ڕێگریكردن لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە كەركووك دەدات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستمان كەوتووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی (قودس)ی سوپای پاسداران، هاتووەتە هەرێمی كوردستان و فشارێكی زۆری بۆ بەرپرسانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دروست كردووە، تاوەكوو لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان پەشیمان ببنەوە.

سەرچاوەكە ئاشكرای كرد كە لە چوارچێوەی فشارەكانی قاسم سولەیمانی، چەند سەركردەیەكی یەكێتی كە زۆرتر لە ئێرانەوە نزیكن، لە شاری كەركووك، كەوتوونەتە جموجۆڵ و هەوڵیان داوە چەند لایەنێكی كوردستانی لە كەركووك بەوە ڕازی بكەن كە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكدا پێشنیازی ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم لە كەركووك بخەنە بەرباس، بەڵام لایەنەكان و نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك، بە توندی دژی ئەو بۆچوونە وەستاونەتەوە. گوتیشی: ”سەركردەكانی یەكێتی بە ناچاری لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەنگۆیەكیان بڵاو كردووەتەوە كە گوایە ڕیفراندۆم لە كەركووك ناكرێ“.

پێشتر قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ئەنجام دا، بەڵام بە شكستخواردوویی گەڕایەوە و نەیتوانی لایەنەكان بە دواخستنی ڕیفراندۆم ڕازی بكات.

Back to top button